پۆڵەتیک پرێس
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە ئەو عێراقیانەی تا ئێستا ڕەگەزنامەیان نییە و داوای مافی مانەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن بە زۆر بگەڕێندرێنەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە دەکات، ” ئیڤان فائق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و شاندێکی یاوەری لە سەردانە فەرمییەکەیان بۆ ئەمریکا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکی لەبواری کۆچ و کۆچبەران و ئاوارەکان کۆبوونەتەوە”.
ڕاگەیەندراوەکە باسی لەوەش کردووە، وەزیری کۆچی عێراق تیشکی خستووەتە سەر کەیسی بەزۆر ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقی و ئەوەی وتووە کە وەزارەتەکەی و حکومەتی عێراق دژی ناردنەوەی بەزۆری پەنابەرانن لە هەر دۆخێکدا بێت”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ” لایەنی ئەمریکی لەو چوارچێوەیەدا و سەبارەت بەو پرسە جەختیان لە گرنگیپێدانی ئیدارەی ئەمریکا بە پرسی کۆچبەران کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، کەیسی عێراقییەکان بۆ قبوڵکردنی داواکانیان و چاوپێداخشاندنەوەی مامەڵەی تایبەتمەندی لەگەڵ دەکرێت”.
لایەنی ئەمریکی ڕوونیشیانکردووەتەوە، ” هەنگاوی کرداری و خێرا دەگرنەبەر سەبارەت بە داوای پەنابەری عێراقییەکان، بە بڕیارەکانی پێشتری ئیدارەی ئەمریکاشدا دەچنەوە و دۆخە مرۆییەکان لەبەرچاو دەگرن”.