شوناس شێركۆ جدی:لەگەڵ یەكێتی بەربەستەكانی بەردەم رێككەوتنەكەمان تێكدەشكێنین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی 20ی حوزەیران لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی هەریەكە لە هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان واژۆی رێككەوتنی بەستنی هاوپەیمانێتی كوردستان لە نێوان هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان كرا، ئەم رێككەوتنەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس شوناس شێركۆ جدی، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە دەربارەی گرنگی بەستنی ئەم هاوپەیمانێتییە و كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكە.

– پۆڵەتیك پرێس: وەكو بزوتنەوەی گۆڕان بۆچی بڕیارتاندا لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی هاوپەیمانی ببەستن؟

+ شوناس شێركۆ: پێش دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆمان لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، دۆستەكانمان لە دەرەوە و خۆمان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان، پێمان وایە قۆناغی داهاتوو قۆناغێكی چارەنووسسازە بۆ گەلی كوردستان، ماڵی شیعە و ماڵی سوننە تا رادەیەك دابەشبوونی تێدایە، داهاتووی عێراق و شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و ململانێ نێودەوڵەتییەكان وایكردووە كە پێویستە ناو ماڵی كورد یەكبخرێتەوە و هێزە كوردستانییەكان بتوانن بە یەك و یەكگرتوویی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا، یەك گوتاری هاوبەشیان هەبێت، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستمان زانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بتوانن پێكەوە لانی كەم لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بكەن، بەڵام بەداخەوە گفتوگۆكان لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەرهەمی نەبوو، دواجار ئەم رێككەوتنە لەدایكبوو لە نێوان ئێمە و هاوڕێیانمان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەم رێككەوتننامەیە رێكەوتننامەیەكی گرنگ و مێژووییە، بەڵام ئەوكاتە پرشنگداردەبێت كە بەندەكان و خاڵەكان و ئەو پەیمانە سیاسییەی كە لە نێوان هەردوولا هەبووە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت.

– پۆڵەتیك پرێس: لەكاتی مەراسیمی واژووكردنی رێككەوتنەكە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی وتی بەهۆی دەستتێوەردانی ناتەندروست نەمانتوانی رێككەوتنی دەباشان بگەیەنینە جێ، ئەم رێككەوتنەش كە كراوە مەترسی ئەوەی نیە دەستتێوەردانی تێدابكرێت؟

+ شوناس شێركۆ:ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان بە یەكگرتوویی چوینەتە ناو ئەم رێككەوتنەوە، وە ئەوەی لە هاوڕێیانمان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بینیومانە بەیەكگرتوویی هاتوونەتە ناو رێككەوتنەكەوە وتەكانی كاك لاهوریش ئەو راستییەی دووپاتكردەوە كە بەڵێ‌ ئەم رێككەوتننامەیە دەپارێزین، بە داخەوە لە رابردوودا هەندێك دەستتێوەردان هەبوو كە رێككەوتننامەی دەباشان نەتوانرا جێبەجێبكرێت، ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان وە یەكێتیی نیشتمانیش بەڵێنمان داوە هەر بەربەستێك بێتە بەردەم رێككەوتنەكە تێكی دەشكێنین، ئەگەر بەیەكەوە بتوانین ئەم رێككەوتنە جێبەجێبكەین دەبێتە سەرەتای كارپێكردنێكی نوێ‌ بۆئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بتوانین یەكگرتوویی و یەكگووتاری زیاتر بۆ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەدی بهێنین.

– پۆڵەتیك پرێس: ئەم رێككەوتنەی كە كراوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی کوردستان، دوای هەڵبژاردنیش لە ناو پەرلەمانی عێراق وەكو فراكسیۆنێك دەمێننەوە یان سەربەستن لەوەی ببنە دوو فراكسیۆنی پەرلەمانی و جیاببنەوە؟

+ شوناس شێركۆ: ئێمە لەدوای هەڵبژاردن لەگەڵ برایانمان لە پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ گفتوگۆدەكەین دەمانەوێت هاوپەیمانییەكی كوردستانی فراوانتر لەمەی كە هەیە دروست بكەین گفتوگۆی دوای هەڵبژاردن ئەوە رووندەكاتەوە، لەوانەیە بەشێك لەو هێزانەی نەیانویستووە بێنە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە لە داهاتوودا سەرەنجی ئەو هێزانە بگۆڕێت، بۆیە لەدوای هەڵبژاردن ئێمە و یەكێتی دەكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا بۆئەوەی پێكەوە هاوپەیمانییەكی فراوانتر دروست بكەین.

– پۆڵەتیك پرێس:بۆئەم رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتی ئەنجامتان داوە ئایا هیچ دەنگێكی ناڕازی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە؟

+ شوناس شێركۆ: لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان قسە كراوە، جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی و ژوورەكان بەشێوەیەك لە شێوەكان دەتوانم بڵێم لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەكان قسە كراوە، زۆرینەی دام و دەزگاكانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازییان لێكردووە و بە رێككەوتنێكی باشی دەزانن، زۆر ئاسایشە ئەگەر بیروبۆچوونی جیاواز هەبێت، هەندێك كەس پێیان وابێت رەنگە ئەم رێككەوتنە خزمەتی داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان نەكات، بەڵام تا ئێستا زۆرینەی هەڵسوڕاوو ئەندام و ئەوكەسانەی لەناو گۆڕاندا ئیش دەكەن كۆكن لەسەرئەوەی ئەم رێككەوتنە سەرەتایەكی باشە هەم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، هەم بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا