ئایا پەکەکە بە قسەی نێچیرڤان بارزانی دەکات؟ نهێنی کۆبوونەوەی پەکەکە لەگەڵ ئێران و عێراق

پۆڵەتیک پرێس

ئایا پەکەکە شەڕ لەکوردستان هەڵدەگیرسێنێت؟ یاخود بەدەم داواکاریەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە دەچێت؟

کوردەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لەناکۆکی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە لەسەر خاکی هەرێم چونکە دۆڕاوی گەورە بەبڕوای ئەوان هەر کورد خۆی دەبێت.

بەهۆی ئەو نیگەرانییانەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەهەرێم کرد و تیایدا داوایکرد شەڕەکەیان لەهاوڵاتیانی هەرێم دووربخەنەوە.

لەمیانی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لەپارێزگای دهۆک نێچیرڤان بارزانی وتی: پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بە پەکەکە بڵێین، بەسە رێزنەگرتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی سامانی گەلەکەمان.

پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا داواکارییەکەی سەرۆکی هەرێم سەرکەوتوو دەبێت لەهێورکردنەوە و گەڕاندنەوەی زمانی گفتوگۆ و رێگریکردن لەدەستوەردانە هەرێمییەکان؟ یان دەبێتە هەڵگیرسێنەری شەڕێک کە هاوڵاتیانی هەرێم باجە قورسەکەی دەدەن؟

لەمبارەیەوە تارق جەوهەر، شرۆڤەکاری سیاسی هەرێم دەڵێت: داواکارییەکی زۆری جەماوەری و فەرمی هەیە لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەگفتوگۆ لەنێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێم لەلایەک، پەکەکە و پارتیش لەلایەکی دیکە.

پێویستە ئەم ناکۆکیە لەناو تورکیادا چارەسەر بکرێت و ئەنقەرە لەناو خاکی خۆیەوە پارێزگاری لەسنورەکانی بکات

وتیشی: بارودۆخی کوردستان چەند تایبەتمەندێتیەکی هەیە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو دۆخە لەبەرچاوبگرن کە هەرێم پیایدا تێدەپەڕێت، لەبەرانبەریشدا پێویستە رێگە نەدرێت بە دەستوەردانە هەرێمییەکان و داگیرکردن و بۆردومانکردنی گوندەکانی هەرێم و ئاوارەکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەناوچە سنورییەکان بەبیانووی بوونی پەکەکە چ لەلایەن ئێرانەوە بێت یاخود تورکیا.

بەپێی قسەی تارق جەوهەر، بڕیارێک هەیە کە ساڵی 2003 لەپەرلەمانی کوردستان دەرچووە و تا ئێستاش بوونی هەیە، بەپێی ئەو بڕیارە پێویستە هێزەکانی تورکیا کە لەپێناو شەڕی ناوخۆدا لەهەرێم بوون و ناونرابوون هێزەکانی “پاراستنی ئاشتی” هێزەکانیان لەهەرێم بکشێننەوە، بەڵام تا ئێستا تورکیا ئەم هێزانەی نەکشاندووەتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بارەگاکانی زیاتر کردووە، بەجۆرێک ئەمڕۆ بنکەی سەربازی لەقوڵایی خاکی هەرێمدا هەیە و باڵیکێشاوە بەسەر موسڵ و بەعشیقە و هەولێر و دهۆکیش.

وتیشی: پێموایە دەبێت هەر داواکارییەک کە دەکرێت ئاراستەی هەردوو بەرەی ناکۆکی بکرێت کە تورکیا و پەکەکەیە، تا خاکی هەرێم لەبەرژەوەندی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانیان بەکارنەهێنن و پێویستە ئەم ناکۆکیە لەناو تورکیادا چارەسەر بکرێت و ئەنقەرە لەناو خاکی خۆیەوە پارێزگاری لەسنورەکانی بکات نەک لەخاکی وڵاتێکی دیکەوە “کە مەبەستی خاکی هەرێمە”.

پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەکی زۆر لەلایەن بەغداوە هەیە لەبارەی ئەوەی لەهەرێم دەگوزەرێت

ئەو دەڵێت: دەبینم پارتە کوردییەکان داوادەکەن بەخێرایی چارەسەری ریشەیی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و ناکۆکییە کەسی و حزبییەکان وەلابنرێن و جەخت بکرێتەسەر ئەوەی هەلێک نەدرێتە تورکیا بۆ ئەم دەستوەردانە، وتیشی : لەبیرمان نەچێت کە پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەکی زۆر لەلایەن بەغداوە هەیە لەبارەی ئەوەی لەهەرێم دەگوزەرێت لەبۆردومانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کوشتنیان و لەناوبردنی موڵک و سامانەکانیان.

لەبارەی ئەگەری پێکدادانی چەکدارانی پارتی و پەکەکە تارق جەوهەر دەڵێت: ئەوەی لەمدواییانەدا زانیمان ئەوەیە هەردوولا نایانەوێت ناکۆکییەکان بگەنە ئەو رادەیە، دوو هەفتە پێش ئێستا کۆبوونەوەیەک لەنێوان رۆشنبیران و سیاسی و چالاکوانان لە هەولێر ئەنجامدرا و بڕیارە داوای بەپەلە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بکەین و داوا لەتورکیا دەکەین هێزەکانی بکشێنێتەوە.

وتیشی: داوا لەبەغداش دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیبلۆماسی تورکیا ناچاربکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بەڵام لەڕووی ناوخۆییەوە لەگەڵ پارتەکانی هەرێم هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی کەشەکە و گەڕانەوەی زمانی گفتوگۆ و پارێزگاریکردن لەتایبەتمەندێتی هەرێم دەدەین بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی پەکەکە و تەسلیمنەبوون بۆ ئەجێنداکانی تورکیا، بەتایبەتی کە چالاکوانان و شەقامی هەرێم دژی هەر پێکدادانێکی کورد و کوردن، چونکە لەم پێکدادانە دۆڕاوی گەورە کورد دەبێت و براوەش دوژمنەکانی هەرێمن کە لەم قۆناغەدا تورکیایە.

لایخۆیەوە عەبدولقادر نایل، شرۆڤەکاری سیاسی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی پەکەکە لەسەر بنەمای رێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ حکومەتی مالکی، بارەگایان بۆ خۆیان دیاریکردووە و بەداوای ئێران پاڵپشتی دارایی کراون.

داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێم هیچ کاریگەرییەکیان نابێت و لەلایەن پەکەکەوە بێوەڵام دەمێننەوە

مانگێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا تیایدا سەرکردایەتی سوپای پاسداران و چوار میلیشیای عێراق کە ئەوانیش “بزوتنەوەی نوجیبا، سەید شوهەدا، حزبوڵا و عەسائیب” بوون و لەپاڵ ئەوانیشدا پەکەکە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو، کۆبوونەوەکە لەشەنگال ئەنجامدرا و ئەنجامەکەشی هەماهەنگی تەواوەتی و پێکهێنانی بەرەیەک بوو لەهەرێمی کوردستان لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی گرنگترین گرێبەستی رێگا نێودەوڵەتیەکان لەئێران و تورکیا و سوریاوە.

وتیشی: بۆیە داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێم هیچ کاریگەرییەکیان نابێت و لەلایەن پەکەکەوە بێوەڵام دەمێننەوە.

بەپێی قسەی ئەو شرۆڤەکارە، لەلایەکی دیکەوە تورکیا رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە بەهۆیەوە رێگەی پێدەدرێت بێتە خاکی هەرێمەوە و بەقوڵایی 20 کیلۆمەتر رۆبچێتە ئەم خاکە، هەر ئەمەشە لەداهاتوودا مەترسی گەورە دروست دەکات لەنێوان تورکیا و پەکەکە لەسەر خاکی هەرێم و کوردەکانیش گورزی کاریگەری ئەم رێککەوتنەیان بەردەکەوێت.

عەبدولقادر نایل دەڵێت: پەکەکە دەسەڵاتدارانی هەولێر تۆمەتبار دەکات بەوەی لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا دژی ئەو پارتە دەوەستنەوە و ئەمەش وادەکات داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێم بێسود بن و پەکەکە و هاوپەیمانانی وەڵامیان نەبێت بۆیان.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک