پۆڵەتیک پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کۆنگرەی پێشمەرگە دێرینەکان بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزبایی لەبەستنی ئەم کۆنگرەیە کرد و هیوای خواست دەرئەنجامەکانی لەخزمەتی پێشمەرگە دێرینەکاندا بن و زیاتر لەجاران داکۆکی لەمافەکانیان بکەن.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێزان: ئەندامانی کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان
بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانتان لێ دەکەم، هیواخوازم بەستنی کۆنگرە و دەرئەنجامەکانی لەخزمەتی پێشمەرگە دێرینەکان بێ و زیاتر لەجاران داکۆکی لەمافەکانیان بکەن.
هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەرابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشداری هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەباتکردن بۆ گەیشتن بە ئامانج و رزگارکردنی میللەتەکەمان لەچنگی رژێم، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرو قارەمانانی وەک ئێوەو هەڤاڵەکانتانە، ئەرکە لەسەر حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان باشترین خزمەتتان بکاو رێز لەخەبات و قوربانیدانتان بگرێت.
لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە، ئامانجمان بوو کۆمەڵەیەک دروست بکەین داکۆکی لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە دێرینەکان بکا، وێستگەیەک بێ بۆ رێزگرتن لەتێکۆشەرانی گەلەکەمان و نەوە لەدوای نەوە رێز لەخەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرانمان بگرن و سوود لەئەزموون و رابردووی گەشیان وەربگرن، داکۆکیکار بێ لەمافی ئەو پێشمەرگانەی لەپێناو کوردو کوردستان، لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی گەلەکەمان، لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆری داگیرکەران خۆشی ژیانیان جێهێشت و لەشاخە سەرکەشەکانەوە بەرگریان لەگەلەکەمان و دۆزەکەی دەکرد.
جارێکی تر پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.