نیهاد جامی: هێشتا نەمانتوانیوە ئەدەبەکەمان جێی بایەخی خۆمان بێت

نیهاد جامی، دەنگێکی زوڵاڵی نێو کایەی ڕووناکبیری کوردییە و لە کایەی شانۆ و لە بواری ڕۆمان و هەروەها هاوڕێ لەگەڵیدا وتارگەلی ئەدەبی و فیکری ئەدەبی و شانۆیی دەنووسێت. ئێستا لە تاراوگە دەژی و لەهەمانکاتدا سەرقاڵی پڕۆژەی نووسینی خۆیەتی و ئاوڕدانەوەی ڕژدانە لە کۆمەڵگەی کوردی لە کارەکانیدا دەبینرێت.

ئەم دیدارە هەوڵێکە بۆ دواندنی لەبارەی ڕۆمانەوە و تایبەتتر ڕۆمانی “کچەی خوێنەر”ی کە هاوینی ساڵی ٢٠١٩ بڵاویکردەوە.

سازدانی: دیار لەتیف

پ: گێڕانەوە چییە؟ ئایا تا چەند گرنگە گێڕانەوە لەسەر بنگەی جیهانبینی و دید بۆ ژیان بێت؟ بەجۆریکیتر واتا گێڕانەوە سەرمەستی ڕوانین بێت، نەک خۆ گێڕانەوە و خۆ خاڵیکردنەوە و درووستکردنی هاوکۆڵکەی گێڕانەوە لەسەر بنەمای تەنیا چێژدا.. بەواتا هەر گێڕانەوەیەک بێ فیکربوو، دەبێتە گۆڕستانی ڕۆمان، ئاخۆ ئەم باوەڕە چەندە درووست دەیپێکێت لەبارەی ڕۆمانەوە؟

نیهاد جامی: پرسیارکردن لەبارەی شوناسی گێڕانەوە گەڕانەوە نیە بەرەو چیەتی گێڕانەوە، ئەوە پەیوەستە بەتیۆری ئەدەبیەوە، کە لەکورترین واتادا دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین گێڕانەوە نووسینەوەی فۆڕمێک نیە، بەڵکو پەیوەستە بە گێڕەرەوەو زمانەوە، ئەوە گێڕانەوەیە وێنای فۆڕم دەكاتەوە، لەو ساتەشدا هەموو ئەو لۆژیكەی لەناو مەعریفەی بەرایی گێڕانەوەدایە دەكەوێتە ناو پڕۆسەیەكی گومانكاری، بەوەی گێڕانەوە وابەستەی چۆنیەتی كردەكەیە لەلای گێڕەرەوە، ئەوەش وا دەکات پەیوەندی من بە گێڕانەوە نووسینەوەی ئەو ڕووداوانە نەبن کە ڕوویانداوە، کاری گێڕەرەوە نووسینەوەی مێژوو نیە، هێندەی وێناکردنەوەیەکیتری ژیانە، ژیانێک وەک ئەوەی خواستمان بوو، نووسین لەڕێی گێڕانەوە ئەو ژیانە وێنا دەکات کە بوونی نەبوو، لەو کاتەدا لەخۆمان دەپرسین چێژ چیە؟ لەڕاستیدا چێژ نووسینەوەی ئەوانە نین کە لەژیانی خوددا ڕوویاندا تا خوێنەر ئاشنابێت پێی، بەڵکو گێڕانەوەی ئەوانەیە کە لەناو ڕووداوەکان ڕوویان نەدا، دەمانویست ڕووبدەن، لێرەوە گێڕەرەوە دنیایەک دەگێڕێتەوە خۆشی وەک خوێنەر ئەزموونی نەکردووە، هێندەی خوازیاری ئەوە بوو لەساتەوەختی ڕووداوەکان ڕوو بدەن، لەنۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” کەوسەر کچێک نیە لەناو رووداوە ڕاستەقینەکان، هێندەی تەنیاییەکی سەخت هەیە بەر لەگێرانەوە کە دەکرا بوونی لەو فۆڕمە لەدوا شەوی سەفەردا مانایەک و ئاگاییەک بەژیان ببەخشێت، ئەوە کە ڕووینەدا ناچار لەناو نووسین گێڕانەوە ئەوەی پێ بەخشیم کە خودی ژیان پێی نەبەخشیم، ئەگەر رۆمان وەک نووسینەوەی ژیان وێنا بکەین دەبێت بزانین ئاخۆ فیکر لەدەرەوەی ژیانە؟ ئێمە ژیانێکمان هەیە بێ فیکر؟ کاتێک بێ وەستان وڕامان فیکر بەژیان وابەستە بکەین کەواتە ناکرێت ڕۆمانێک هەبێت لەدەرەوەی بیرکردنەوە، بەڵام سەرەنجام کردەی وەرگرتن لەکوێی بیرکردنەوەی تێکستدایە، ئەوە پرسیارە گرنگەکەی پرۆسەی خوێندنەوەیە.

پ: ئایا تاچەند پێویستە ڕۆماننووس ئاوڕ لە خاسییەتی تەنز لە گێڕانەوەدا بدات؟ گرتەی شاد ـ گرێنی چەندە پێویستە تێکەڵ بە گێڕانەوە بکرێت؟ تورکەکان عەزیزنەسینیان هەیە و بەو ڕەنگە دەناسرێتەوە، ئاخۆ کوردەکان ئەدەبی گێڕانەوەیان تاچەند هەنگاوی بۆ تەنز و کۆمیدیای ڕەش ناوە؟ ئایا ئێمە گەشتووینەتە ئەو ئاستەی ئەدەبیاتی ئاونگاردی چێبکەین و هەرێمایەتی تێپەڕێنێت و جیهان نرخمان بزانێت؟

نیهاد جامی: ناکرێت ساتەوەختی شادی بگوازینەوە بۆ ناو تێکست بەو ئومێدەی ئێمەش فۆڕمێکی ئومێد بەمرۆڤ ببەخشین، بەڵکو لەناوکۆی تێکستدا ئەو شادیە شوێنی دەبێتەوە؟ پرسیارەکە لێرەوە سەرهەڵدەدات، رەنگە ئەوە زیاتر لەئەدەبی شێرزاد حەسەن بەدی بکەین، سرووشتی شادی بونیادێکی ناو دەنگی کارەکتەرە، پەیوەندییەک هەیە لەنێوان مرۆڤ و کۆمەڵگا، بۆیە بەپێی پێویستی تێکستەکە کارەکتەر ڕاماندەگرێت بۆ ساتی شادی، چۆنیەتی گەڕانەوەی شادی بۆ ناو گێڕانەوە دەبێت پەیوەندی بەنهێنی زمانەوە بێت، بۆیە پێویستی وابەستەی زمانە نەک پێویستیەکی ئەدەبی بێت و ناچارمان بکات ڕووی لێ بنێین، لەئێستادا بۆ خۆم لەتازەترین ڕۆمانمدا بەناوی “کارینا” بۆ ئەوەی ئازاری کارەکتەرەکە کەم بکەمەوە لەبەرامبەر دەرزی کیمیاوی وامکردووە دوو کارەکتەر لەناو نەخۆشخانە شادی بخەنە دەروونی نەخۆشەکەوە، قسەکردن لەئەدەبی کوردی بۆ ئەو وێنەیە بەبڕوای من وابەستەی تێگەیشتنە لەبونیادی کۆمەڵناسیانەی تێکستەوە کە هەوڵەکان لەو بارەیە لەئاستێکی هێندە باڵادا نین، زۆربەی کات ئەو شادیە بوونی هەیە، بەلام تێکست لەناو نزمە منی زماندا توانای بەرزبوونەوەی نیە، لێرەوە کێشەی ئێمە سەر هەڵدەدات کە هێشتا نەمانتوانیوە ئەدەبەکەمان جێی بایەخی خۆمان بێت بۆچی چاوەروانی ئەوەین نرخمان لەلای جیهان بەرز بێت، جگە لەوە زمانی کوردیی لەکوێی بایەخی جیهاندایە؟ ئایا دەزگاکانی خۆرئاوایی دوای ئەوەی ئەدەبێکی کوردیان بۆ وەرگێڕدراوە داوایان کردووە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرەیان بۆ وەربگێڕدرێت، یاخود ئەوەی هەیە تەنیا چەند وەرگێڕێک ئەو کارانە وەردەگێڕن و هەوڵ دەدەن چاپ بکرێن، ئەوەش وەک ئەدەبی کولتوری تر سەیری دەکرێت نەک بەرەنجامی سەرسامبوون بێت وەک ئەوەی دەزگاکانی چاپ لە ئەوروپا داوای وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی ئەلیف شەفەق دەکەن، ئاخۆ داوای بەرهەمی ئەو نووسەرە کوردانە دەکەن کە لەزمانەکەیاندا چەند بەرهەمێک یاخود بەرهەمێکیان خوێندۆتەوە؟ لێرەوە نائومێدی ئێمە و هەوڵدان بۆ خۆنەخەڵەتاندن سەرهەڵدەدات.

پ: هەر ڕۆمانێک دۆسێیەک دەکاتە تەوەر و لەسەری دەئاخفێت، ڕۆمانی کچەی خوێنەر لە کوێوە هاتووەتە فەزای گۆشەنیگای گێڕانەوەوە و ئەو دیاردەی ڕاوکردنی خوێنەر، تا چی ئاستێک دیاردەیە وەک لە حاڵەت؟ بە دیوێکیتردا پرسیاربکەمەوە، ئایا بۆچی هاتوون تەنیا لەسەر مێژووییەکی ساتەوەختی ئەم دیاردەی فریوی کچانی خوێنەر لەلایەن نووسەرانەوە دواون و نەهاتوون بگەڕێنەوە بۆ مێژووی چەند دەیەیەک لەمەوبەری ئەو دیاردە؟ ئاخۆ مێژووی ڕۆشنبیریی پێش ئێستا بەتاڵ بووە لەو دیاردە؟! هاوکات لەیادی نەکەم و بپرسم، ئایا ئەوە هەر کچی خوێنەرە بەر تەڵەی ڕابواردنی نووسەران دەکەون و ڕەگەزی نێری خوێنەر و شێوە جوان، تا چەند لەم هاوکێشەی زەفەربردن پارێزراون و ئێوە بۆچی تەنیا ڕەگەزی مێ دەگێڕنەوە و ئاخۆ ناکرێت ڕەگەزی نێریش بەر ئەو گێچەڵە بکەوێت؟ ئەو زمانەی ڕۆمانی کچەی خوێنەر، کە دەگێڕێتەوە، لە هەندێک شوێندا بەر پۆڕنبوون دەکەوین، ئایا بۆ واقیعییەتی بەرباس دەگەڕێتەوە و خواستی گێڕانەوەیە یان ڕۆماننووس؟

نیهاد جامی: هەر تێکستێک لەهەناوی کۆمەڵگا نەهاتە بوون توانای نیە ببێتەوە بەشێک لەدنیای کولتووریی، ڕوداوەکانی نۆڤلێتی “کچەی خوێنەر” دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نێو توێژی ڕۆشنبیرانە، بەڵام هەمیشە هەموو خۆیانی لەئاست بێدەنگ دەکەن، چونکە کەس نیە تیایدا بێگوناه بێت، بۆیە کارێکی زۆر لەسەر شاردنەوەی دەکەن نایانەوێت قسەی لەبارەوە بکرێت، ئەوە ساتەوەختێکی مێژوویی نیە هێندەی دیاردەیەکی کولتووریە بەو مانا کۆمەڵناسیەی کولتوور ڕووداوێکە بەردەوام لەگەڵماندا دەژیێت، کولتوور بریتیە لەکۆی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوەو کە لەئێستاو داهاتووشدا بەردەوامیان هەیە، بۆیە ئەو دیاردەیە زیاتر بەرهەمی ساتەوەختی کەوتنی بەهایە، ئەو دەمامکی فریودانەی نووسەر بۆ ئەوانیتر پەیوەستە بەو ئارەزووە چەپێنراوەی لەزمانەوە دەیگوازنەوە بۆ جەستە، لێرەوە ڕەخنەگرتن لەرۆشنبیر لەو کائینەی کۆمەڵگا دەگۆڕێت بەرەو مرۆڤێک دەچێت کە تواناکانی دەگوازێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئارەزووە خودیەکانی، بروام وایە ئەو هەڕەشەیە زیاتر لەسەر کچی خوێنەر بێت نەک کوڕی خوێنەر ئەوەیتر پەیوەستە بە هەتیوبازیەوە، بۆیە ئەویان بۆ نووسەران ئەدەبێکی هێندە فراوان نیە، چەند ژان ژینیە و برۆست و فۆکۆت هەیە؟ هەڵبەت ئەویان بڕوام وایە دەگمەنتر بێت لەچاو کچی خوێنەر بۆیە ویستومە لەو بارەیەوە چیرۆکی تیا بگێڕمەوە. هەر کاتێک دیمەنی سێکسیمان لەناو تێکست بینی ناکرێت ڕواڵەتیانە وێنای ئەدەبی پۆڕن لای خۆمان درووست بکەین، بەڵام بۆچی وەک خۆی بەو وێنەیە خراوەتە ڕوو دەکرێت ئەوە پرسیارەکە بێت، بەهۆی دوو ئاستەوە ئاستی یەکەم کاتێک شتەکان لەژیاندا بەو شێوەیەن ناکرێت لەناو زماندا بشاردرێنەوە، بۆیە نەستی زمان وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ژاک لاکان باوەری وایە زمان و نەست وەک یەک بونیاد نراون، ئاستی دووەمیش لەڕێی گێڕانەوەی کچەی خوێنەر ئەوە چێژی جەستەیی نیە بەرهەم دێت، هێندەی نەست و زمان وێنای نووسەرو شاعیر دەکات وەک کارەکتەری نەخۆش کە چۆن ئەدەبەکەی بۆتە دەمامکێک تاوەکو بۆ ئارەزووەکانی بەکاری بێنێت، لێرەوە وەک ئێوە ناوی دەبەن خواستێکی گێڕانەوەیە، بەڵام وەک لەدوا ووشەی پرسیارەکەتان هاتووە کە خواستی ڕۆماننووسە، بەبڕوای من خواستی من لەئەدەبێکی سێکسی نیە هێندەی سێکس وەک بەشێکی نێو ژیان کە ناکرێت بیشارینەوە لەهەمان کاتدا زمانێکە بۆ ناسینی دەروونی مرۆڤ لەڕێی زمانەوە کە توانای خوێندنەوەی نەستی کارەکتەرمان هەیە، بەلام ئاخۆ خواستی منە، سەرەنجام لەو دیاردەیە هەموومان گوناهبارین وکەسمان بێگوناه نین، من نەهاتووم لەڕێی گێڕانەوە وێنەی فریشتەیەک بۆ خۆم وێنا بکەم، هەموومان بەشێکین لەناو درۆو گوناهەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا