ئیدارەی خۆسەر چارەسەری كێشەی ئاوی حەسەكە دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، چارەسەرێكی كاتی بۆ كێشەی ئاوی شاری حەسەكە دۆزیوەتەوەو بڕیارە لەداهاتووش چارەسەری یەكجاری كێشەكە بكات.

كێشەی ئاوی حەسەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە سوپای توركیاو هێزە چەكدارەكانی ماوەی مانگێك دەبێت، وێستگەی ئاوی عەلۆكیان لەسەرێ‌ كانی گرتووەتەوەو رێگەنادەن ئاو بچێت بۆ حەسەكە.

بەو هۆیەوە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، خەڵكی شاری حەسەكە رووبەڕووی كێشەی بێ‌ ئاوی بوونەوە، بەڵام دەستەی ئیداری شارەكە بەخێرایی چەند هەنگاوێكی گرتووەتە بەرو بڕیارە لەهەنگاوەكانیش بەردەوام بێت.

لەو بارەوە نیزاڵ مەحمود هاوسەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی حەسەكە بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: ئێمە چارەسەرێكی خێرامان داناوە بۆ كێشەی كەم ئاوی لە رێگەی ئاوی حنێرەوە لەسەدا پەنجای كێشەكە چارەسەر بووە، بەڵام ئەو چارەسەرە كاتییە و تەنیا بۆ وەرزی هاوینە.

نیزاڵ مەحمود وتیشی: ئێمە لەهەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، بەڵام ئەوەی سەرچاوەی كێشەكەیە، لایەنی توركییە، كە ئاوی وێستگەی عەلوكی گرتووەتەوەو بەو هۆیەوە ناوچەیەكی زۆر بێ‌ ئاو بوون.

حەسەكە رۆژانە پێویستی ٨٠٠٠٠ مەتر دووجا ئەو هەیە، بەڵام لە پرۆژەی چارەسەری كاتی ئێستای ئیدارەی خۆبەرێوبەری رۆژئاوا تەنیا ٢٤٠٠٠ مەتر دووجا ئاو دابینكراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ چارەسەری ئاوی حەسەكە لەبوار جێبەجێكردندایەو بریارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بكەوێتە كارو ئەو پرۆژەیەش ئاوی حەسەكە بەتەواوی دابین دەكات.

ئێستا سەرچاوەی ئاوی حەسەكە لەسەرێكانییە، سەرێكانیش لەپایزی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی كۆنتڕۆڵكراو لەو كاتەوە سەرچاوەی ئاوی حەسەكە بڕاوەو توركیا وەك كارتێكی سیاسی لەدژی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بەكاریدەهێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا