پۆڵەتیک پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە رەتدەكەنەوە كە باس لە فرۆشتن و داخستنی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە كە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، كە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستكردن بە چەواشەكاری و موزایەدەكردن، بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین كە ئەم دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە چونكە هیچ بنەمایەكی نیە و دوورە لە ڕاستی.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە كە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، كە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستكردن بە چەواشەكاری و موزایەدەكردن.
بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین كە ئەم دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە چونكە هیچ بنەمایەكی نیە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان، تەواوی خزمەتكردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستكردن و فراوانكردن و دابینكردنی ئامێر و پێداوستییەكان لە بواری جێبەجێكردندان، ئەمە وێڕای دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تیشكیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكان كە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە.
بۆیە جارێكی تر وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەم هەواڵ و دەنگۆیانە و رەتكردنەوەی هەر بیرۆكە و هەوڵێكی لەو جۆرە كە بەداخەوە چەندین كەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەكردن كردووە، لەهەمانكاتدا هاووڵاتیان و پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەكانی دیكەی شێرپەنجە دڵنیادەكەینەوە كە بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر كێشە و كەموكورتی و پێداویستیەكیان وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی چاكسازی و هەمواركراو چارەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانكاریەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان.
د. ئاسۆ حەوێزی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
19 حوزەیران 2021