پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پۆلیسی راپەڕین تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی هاوڵاتیەكی لە حاجیاوا دەستگیركرد كە دانی ناوە بەوەدا زیاتر لە دوو هەزار دۆلار (دوو دەفتەر دۆلار)ی لە ژنی ئەو پیاوە وەرگرتووە كە كوشتویەتی، ژنەكە و دایكی ژنەكەی پێشتر لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون.
بەپێی راگەیەنراوێكی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین دوای ئەوەی لە21_4_2021 نزیك كاتژمێر 10 ی شەو لە ناحیەی حاجیاوا هاوڵاتی (س، خ، پ) لەدایكبووی ساڵی1988 پیشەی كاسب دانیشتوی حاجیاوا/دابان لەنزیك ماڵەكەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا، لە هەمان كاتدا ڕێكاری یاسایی گیرایە بەر و دۆسیەی لێكۆڵینەوە كرایەوە. بەپێی راگەیەنراوەكەی پۆلیسی راپەڕین لەسەر ئەو رووداوە دواتر دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە یەكێكیان خێزانی كوژراوەكە و ئەوەی تریان خەسوی كوژراوەكە بوو بە پێی ماددەی406 لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیران.
باس لەوەشكراوە، لە دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە كامێراكانی چاودێری كردن، لەلایەن بنكەی پۆلیسی حاجیاوا و بە هاوكاری ئاسایشی حاجیاوا بكوژی سەرەكی ڕوداوەكە بەناوی (س، ێ، ێ) دەستگیركرا و بە هەمان ماددە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە ڕاگیرا، دوای ئەوەی بەڵگەی تەواو كۆكرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەكی (س، ێ، ێ) بەڵام لەسەرەتادا نكۆڵی دەكرد، وە دوای لێكۆڵینەوەی زیاتر و وردەكاری زیاتر و خستنە ڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبار (س، ێ، ێ) لە ئێستا دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.
ئەوەشخراوەتە ڕوو، لە ئێستادا تۆمەتبار (س، ێ، ێ) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەكەی، بە وتەی خۆی دەڵێت كە لەگەڵ خێزانی كوژراو ڕێك كەوتووە كە لە بەرامبەر بڕی 22 هەزار و 700 دۆلاری ئەمریكی لە خێزانی كوژراو وەربگرێت و مێردەكەی بۆ بكوژێت، وە ئەوەبوو لەبەرواری 21_4_2021 نزیك10ی شەو تاوانی كوشتنەكەی ئەنجامدا، وە تۆمەتباری ناوبراو لەگەڵ خێزانی كوژراو و خەسوی كوژراو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.