پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پەرلەمانی عێراق ناتوانێت ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران رابگرێت كە داویەتی لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پەرلەمانی عێراق ناتوانێت ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران رابگرێت چونكە ئەوە دەچێتە چوارچێوە دەست وەردانی دەسەڵاتی یاسادانان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و بڕیارەكەش بڕیارێكی یاساییە.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: ئەگەر لە ناو پەرلەمان لیژنەیەك قسە لەسەر ئەم بڕیارە بكات لیژنەی داراییە نەك لیژنەی دەستپاكی، لیژنەی داراییش لە بەیاننامەكەیدا جەختی لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە كردووەتەوە ئێمە هاوڕای ئەو جەختكردنەوەین.
باسی لەوەشكرد، ئەگەربێتو پەرلەمان فشار بخاتە سەر حكومەت، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تا چەندە حكومەتی عێراق بەرگەی فشارەكان دەگرێت چونكە لە 2019 ش فشاری زۆریان لە عادل عەبدولمەهدی كرد بەڵام ئەو وەكو خۆی جێبەجێی كرد.
روونیشیكردەوە، تەنانەت وەزیری دارایی عێراقیش ناتوانێت واژۆ لەسەر ناردنی ئەو پارەیە نەكات، چونكە بڕیارەكەی هی ئەنجومەنی وەزیرانە و وەزیر ناتوانێت بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران رابگرێت.
رۆژی 15_6_2021 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دیناری شایستەی دارایی هەرێم رەوانە بكرێت، دوای وردبینی كردن لە داهاتە نەوتی و نا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.