ئەڵمانیا دەیەوێت خۆی لەتورکیا رزگاربکات

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 

لەهەوڵدا بۆ کەمکردنەوەی پیاوانی موسوڵمان و ئایینی کە لەوڵاتانی دیکەوە دەچنە ئەڵمانیا، بەتایبەتی ئیمامە تورکەکان، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بەرنامەیەکیان دەستپێکرد بۆ ئامادەکردنی کادری ئایینی بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ئاراستەکردنی فەرمی وڵاتەکە.

ئەم هەنگاوەش دوای هەنگاوەکەی فەڕەنسا دێت کاتێک کاریکرد بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسییەکان و راهێنانیان لەسەر ئەو سیفەتانەی لایەنی ئایینی و پێناسی فەڕەنسییان کۆدەکاتەوە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەڵمانیا بەسەختی دەیتوانی کۆنتڕۆڵی ئەو مزگەوتانە بکات کە لەلایەن ئەو ئیمامانەوە بەڕێوەدەبرا کە لەژێر چاودێری رێکخراوی “دیتیب”دا بوون، ئەم رێکخراوەش بەستراوەتەوە بە وەزارەتی ئەوقافی تورکیاوە.

ئیمامە تورکەکان لەمیانی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و هەڵمەتەکانی بانگەشەکردن لەبەرژەوەندی ئەردۆغان کێشە لەئەڵمانیا دروست دەکەن، هاوکات گومانی ئەوەشیان لەسەرە لەئەڵمانیاوە بۆ بەرژەوەندی تورکیا سیخوڕی بکەن.

ئیمامە تورکەکان لەمیانی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای ئەردۆغان کێشە لەئەڵمانیا دروست دەکەن

تائێستا زۆرترین ئیمام لەوڵاتانی موسوڵمانەوە و بەتایبەتی لەتورکیاوە چوونەتە ئەڵمانیا و لەوڵاتی خۆیانەوە ئامادەدەکرێن و موچەیان بۆ دابین دەکرێت.

نیوەی پیاوانی ئایینی لەئەڵمانیا کە رێژەکەیان لەنێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 کەسدا دەبێت، سەربە رێکخراوی “دیتیب”ی تورکیان کە راستەوخۆ سەربە وەزارەتی ئەوقافی تورکیایە و 986 کۆمەڵەی ناوخۆ بەڕێوەدەبات.

زۆربەی کات ئەم ئیمامانە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵ لەئەڵمانیا دەمێننەوە و ڤیزای گەشتیاری بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی ژینگەی کولتوری و کۆمەڵایەتی ئەڵمانیا شارەزابن.

لە یەکەم هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئایینی تورکیا، 40 ژن و پیاو بۆماوەی دوو ساڵ لەلایەن پەیمانگای ئیسلام لە ئۆسنابرۆک لەباکوری رۆژئاوای ئەڵمانیا دەست بە بەرنامەی ئامادەکاری دەکەن و دەسەڵاتدارانی فیدڕاڵیش بڕێک پارەیان دابین کردووە بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەی 5.3 بۆ 5.5 ملیۆن موسوڵمانی ئەڵمانیا.

بەشێک لەپیاوانی ئایینی فەرمانبەری دەوڵەتی تورکیان و ئەجێندای سیاسی تورکیا لەئەڵمانیا پەیڕەو دەکەن

پێشتریش ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای کرد لەساڵی 2018وە  پشت بەبەرنامەی رێکخستن و ئامادەکردنەوەی ئیمامەکان ببەسترێت و جەختی لەوەشکردەوە، ئەم ئامادەکارییە ئەڵمانیا سەربەخۆتر دەکات و هەنگاوێکی گرنگە بۆ داهاتووی وڵاتەکە.

یەکێک لەخوێندکارەکانی پەیمانگای ئیسلام بەناوی ئەندیر شیتین، کە بەشێوەی خۆبەخش لەزیندانێکی بەرلین کاردەکات دەڵێت: “ئێمە ئەڵمانییەکی موسڵمانین، بەشێکی جیانەکراوەی کۆمەڵگاین و لەئێستاشدا هەلێکمان هەیە بۆئەوەی ببینە ئیمام”.

شیتین دەڵێت: بەشێک لەپیاوانی ئایینی فەرمانبەری دەوڵەتی تورکیان و ئەجێندای سیاسی تورکیا لەئەڵمانیا پەیڕەو دەکەن.

بابەتی هەژموونی تورکیا لەئەڵمانیا بەتایبەتی لەکاتی هەوڵی کودەتای 2016 دژی ئەردۆغان زیاتر دەرکەوت، لەساڵی 2017شدا دادگای ئەڵمانیا چوار پیاوی ئایینی ئەندام لەرێکخراوی “دیتیب”یان بەوە تۆمەتبار کرد کە سیخوڕیان کردووە بەسەر کەسانی ناڕازی و دژ بە دەسەڵاتی تورکیا لەئەڵمانیا.

 

سەرچاوە: رۆژنامەی العرب

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک