نیشتمان ماوە تا كۆنگرەی بۆ ببەستیت؟

گەیشتمە ئەو قەناعەتەی، هەر كاتێك یەكێتی بۆنی هەستانەوەی لێبێت، مەلا سپرایەكی هیوا كوژی پێدا دەكات، هەر وەختێك برینەكانی یەكێتی قەتماغەی سارێژبوونی گرت، مەلا هەڵیدەداتەوەو خوێی پێوە دەكات.

لەم ئانوساتەی بە شاهێدی دۆست و دوژمن حكومەتی هەرێم هیچ بنەمایەكی فەرمانڕەوایی نەماوە و موچەی پێنادرێ‌ و دەستی بەسەر داهات و قوتی خەڵكدا گرتووە، ڕۆژێك لێی دەبڕێ‌ و ڕۆژێك ئازادییە سیاسی و مەدەنییەكان قەدەغە دەكات و ڕۆژێكی تر سوپای داگیركەران تەراتێنیانە لەسەر خاكی وڵات و هەزار ڕۆژی تر، كاك مەلا بەختیار دێت و داوای كۆنگرەیەكی نیشتمانی دەكات .

كام كۆنگرە و كام نیشتمان؟
ساڵانێك بەر لەئێستا كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەر چوار پارچە بوو بەزەرورەتێكی نەتەوەیی و تەنیا گرێدانەكەی مابوو، بەفیتی داگیركەران لەباریانبرد، ئەگەر ئەو كۆنگرە نەتەوەییە ببەسترایە شەڕی كورد بە كورد تەحریم و تەجریم دەكرا.

سوپای ڕۆم و عەجەم نەیدەتوانی وەك ئێستا هەر ڕۆژەو پارچەیەك لەم نیشتیمانە داگیربكەن، لاقی ڕەش و سپیش لەبواری خیانەت و نیشتمان فرۆشیدا دەردەكەوت .

كام كۆنگرە و بۆ كام نیشتمان؟ ئەو كۆنگرەیەی مەلا مەبەستێتی لەم نیشتمانی باشوورەدا لەكوێ‌ ببەسترێ‌ و كێ‌ سەرۆك و بەرنامەڕێژی بێت؟

 

ئەو كۆنگرەیەی مەلا مەبەستێتی لەم نیشتمانی باشوورەدا لەكوێ‌ ببەسترێ‌ و كێ‌ سەرۆك و بەرنامەڕێژی بێت؟

 

ئەگەر قەراربێت لەهەولێری پایتەخت بێت، زیندوكردنەوەی كلتوری خێڵ و ڕابەرو سەروەرو سەرداری كوردانە، سەرۆكی نەتەوەیی و زەرورەتی مێژووییە، خۆ ئەگەر پێت باش بێت لەسلێمانی ببەسترێت، ئەوە پارتی و بارزانی نایەن و ناچار دەبیت خۆت ببیتە سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی .

ئەگەر تۆ سەرۆك بی چی دەكەیت؟
هەموو پارتە سیاسییەكان ئاشت دەكەیتەوە؟ پارتی و یەكێتی دەگێڕیتەوە سەردەمی ڕێكەوتننامەی ستراتیژی؟ سەردەمی برا بچووكی خوار دیوەخان و برا گەورەی سەروی دیوەخان دەگێڕیتەوە؟

گۆڕان دەكەیتەوە بە یەكێتی و ڕوحی كاكە نەوە لە گۆڕەكەیدا ئاسوودە دەكەیت، ئەو كاكە نەوەیەی زۆر بە ئاسانی ڕاوتان ناو ئەویش لەداخی ئێوە یەكێتی كرد بەو دوو كەرتەی، كە هەرگیز یەكناگرنەوە؟

كام كۆنگرەی نیشتمانی؟ ئەوەی دەتانەوێت شەرعییەت بگێڕنەوە بۆ حكومەتێك لەدونیای پۆست مۆدێرنەدا لەوێنەی نییە؟

ئەو كۆنگرەیە ببەستن نەك بۆ یەكخستنی هەڵوێستی نیشتمانی، بەڵكو بیكەن بەكۆڕێكی شێوەن بۆ ڕوحی پاكی نیشتمانی و نەتەوەیی .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا