پڕۆژەكەی پاریس چی بە سەر دێت؟

پۆڵەتیك: سپۆڕت
پاش ئەوەی شەوی یەك شەممە یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگیان بەرامبەر بە دێوەزمەیەكی ئەوروپا دۆڕاند و خەونی گەیشتن بە جامە دوو گوێكە و بەرز كردنەوەی نەهاتە دی.

لە ئێستادا پرسیاری گەورە سەبارەت بە پڕۆژە 1 ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆكەی یانەی پاریس سانت جێرمان ئاراستەی لیۆناردۆی بەڕێوەبەری گشتی و ناسڕ خلێفی سەرۆكە قەتەڕییەكەی یانەكە كراوەتەوە.

لە وەڵامی میدیای فەڕەنسادا سەرەتا لیۆناردۆ ڕایگەیاندووە: (سەرجەم نازناوە ناوخۆییەكانی فەڕەنسامان یەكلا كردەوە، بەڵام خۆی ڕاستی بڵێم بردنەوەی نازناوی چامپیۆنس لیگ گرنگتر بوو بۆمان، چونكە نەك پاریس تەواوی ئەو یانانەی بەشداری چامپیۆنس لیگ دەكەن خەونی بردنەوەی نازناوەكەیان هەیە و هەر ئەوەیان دەوێت).

 

لیۆناردۆ ڕاشیگەیاندووە: (زۆر خاڵ هەیە دەبێت كاری لە سەر بكەین لە پێش هەموو شتێكیشەوە دەبێت بزانین تۆماس تۆخێلی ڕاهێنەر بڕیاری چی دەدات ئایا لەگەڵمان دەمێنێتەوە یاخود نا دواتریش چەندان پرسی تر هەیە قسەی لە بارەوە دەكەین).

پاشان ناسڕ خلێفی سەرۆك و خاوەنی یانەكە ڕایگەیاند: (پڕۆژەكەمان ئامانجی گەورەی پێكا، بەڵام گرنگترین ئامانج بردنەوەی نازناوی چامپیۆنس لیگ بوو ئەوەش زۆر لێوەی نزیك بووین، بەڵام یانەی بەرامبەرمان یەكێك بوو لە یانە گەورەكانی خولەكە كە 11 جار گەیشتۆتە یاری كۆتایی بۆیە ئەنجامەكەی بە لای خۆیدا شكاندەوە ئەمەش ئێمەی بێزار و بێ‌ تاقەت كرد لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەینەوە و ناوەستین لە هەوڵدان).

لە كۆتاییشدا خلێفی وتی: (ئەگەر تۆماس بڕیاری دا وەك ڕاهێنەرمان بمێنێتەوە خۆشحاڵ دەبین پاشان هەوڵی هێشتنەوەی ئەستێرەكانمان دەدەین بە تایبەت نەیمار و ئیمباپێ‌ بۆ ئەو مەبەستەش پێكهاتەیەكی نوێ‌ و مەزن لە دەوری ئەو دوو یاریزانە دروست دەكەینەوە و هەوڵی خۆمان دەدەینەوە بۆ گەیشتنەوە بە یاری كۆتایی و بردنەوەی نازناوەكە لە ساڵانی داهاتوودا).

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا