ئامادە: چرک.. ئەو چیرۆکانەی پێویستە بخوێنرێنەوە

نووسینی: سیامەند هادی

زۆربەی چیرۆکنووسان لە دەقەکانیاندا زیاتر لەسەر لایەنێکی چیرۆکەکانیان دەوەستن و گرنگی پێ دەدەن. زۆر جار گرنگ تەکنیک و هونەری دەقە و زۆر گرنگی بە بابەت و ڕوانین و گوتاری دەقەکە نادرێت، هەندێک جاریش بە پێچەوانەوە زیاتر گرنگی بە ڕوانین و بیرۆکە و بابەتی دەقەکە دەدرێت و هونەری چیرۆک فەرامۆش دەکرێت. بۆ ماوەیەکی زۆریش ڕەخنەگران سەرقاڵی ئەوە بوون کە ئایا ڕووخسار گرنگترە یان ناوەڕۆک؟ بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی چیرۆکێکی باش و تۆکمەمان هەبێت، پێویستە گرنگی بە هەموو ئەو لایەنانە بدرێت کە دەقی چیرۆکی لەسەر بونیاد دەنرێت. بێگومان ئەو دەقانەی کاریان لەسەر لایەنێک کردووە و لایەنەکەی تریان تا ڕادەیەک فەرامۆش کردووە، شێوازێک بوون لە نووسینی چیرۆک و ناتوانرێت وەک دەقی لاواز یان ئاست نزم تەماشا بکرێن، بەڵکو دواتر وەک ئەزموونی ئەم ژانرە و هەموو ئەو تاقیکردنەوانەی ئەنجام دراون و ئەو قۆناغانەی چیرۆک پێیدا تێپەڕیوە، دەرکەوت کە دەقی چیرۆک پێکهاتەیەکی پێکەوەبەستراوە و پێویستە هەموو ڕەگەز و پێکهاتەکانی چیرۆک پێکەوە گەشە بکەن و کاریان لەسەر بکرێت.

کۆمەڵە چیرۆکی (ئامادە: چرک)ی بەختیار حەمەسوور لەو دەقانەیە کە تێیدا گرنگی بە هەموو لایەنەکانی چیرۆک دراوە و پێکهاتەیەکی تۆکمە و پێکەوەبەستراوی هەیە. ئەگەر بە وردی ئەم چیرۆکانە نەخوێنینەوە، هەست بە جۆرێک لە خەڵەتاندن دەکەین، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەقەکان زۆر ئاسایی و بێ زۆرلەخۆکردن دەچنە پێشەوە. هەر سێ چیرۆکەکە (ئەستێرەی داوود، میوانداریی گەورە، شالۆم علێیخێم) لە ڕووی گێرانەوەوە زۆر ئاسایی و نەرم بەرەوپێشەوە دەڕۆن، خوێنەر وا لێ دەکەن بەخێرایی بچێتە پێشەوە و تەواوی بکات، چونکە وێنە و پەیڤین و ڕوانینەکان سوکەڵە و سەرنجڕاکێشن، بەشێوەیەک کە بۆ خوێنەر خەڵەتێنەرن، بەڵام دوای تەواوکردنی هەر سێ چیرۆکەکە، دەگەیتە ئەو بڕوایەی کە چەند لایەنێکی دیکەی دەقەکە هەیە بەتەواوی هەستت پێ نەکردووە، چونکە لەنێو ئەو نەرمی و ڕوانینەدا گوتارێکی شاراوە هەیە کە پێویستی بە وەستانێکی زیاتر و وردبوونەوەی زۆرتر هەیە.

ئێمە لەو سێ چیرۆکەدا بەر چەند بابەتێک دەکەوین و هەر یەکەشیان پێویستی بە لەسەروەستان و لێوردبوونەوەیە. دەتوانین هەست بە سەرنجێکی وردی نووسەر بکەین لە وەسفکردنی پێکهاتەی خانووی کۆن و گەڕەکێکی کۆنی شار. پەیوەندی نێوان ژن و مێرد و پەیوەندی کۆمەڵایەنی خێزانەکانی گەڕەکێک. کارکردن لەسەر جوولەکە و هەندێک ڕووخساری پیشە و ژیانی خەڵکی شار لە چەند دەیەیەکی ڕابردوودا. هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی زۆر هونەری و دوور لە کۆلاجکردن و بازدان و تەمومژ و خۆونکردن، کاریان لەسەر کراوە.

گێڕەرەوەی دەقەکان دەیەوێت لەسەر مێژووی پەنجەرە لە ڕووی گۆڕانی فۆرمەوە بابەتێک بنووسێت، لێرەشەوە چیرۆکنووس دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو پەنجەرەیەوە دەلاقەیەک لەسەر مێژووی شوێنەوار و گەڕەک و خەڵکەکەی بکاتەوە، لەنێو ئەو مێژووەشدا ئامادەبوونی جوولەکە لە گەڕەکێکی شاردا، هێڵی شاراوەی نێو دەقەکان دەنەخشێنێت. وەک دەبینین جگە لە چەند ئاماژەیەک بۆ مێژووی جوولەکەکان لەو گەڕەکەدا، دۆزینەوەی ملوانکەیەکی ئەستێرەی شەش پەڕ، کە هێمایە بۆ ئەستێرەی داوود و لۆگی سەر ئاڵای ئیسرائیل، بەتەواوی بنتی سەرەکی ئەو کارکردنەمان بۆ ئاشکرا دەبێت.

گەڕانەوەی بۆ مێژووی هەموو ئەو کەسانەی بە درێژایی حەفتا ساڵ لەو خانووەدا نیشتەجێ بوون، گەڕانەوەیەکی هەمەلایەنەیە و تێیدا کار لەسەر چەند لایەنێک کراوە. لە لایەک کۆمەڵێک پێشە و سروشتی خێزان دەناسین و لە لایەکی دیکەشەوە هەست بە بەڵایەکی شاراوە دەکەین کە بەردەوام ڕووبەڕووی هەموو ئەو خێزانانە دەبێتەوە کە خانووەکە دەکڕن و تێیدا نیشتەجێ دەبن. ئەم ڕوانینە بە شاراوەیی دەلالەت لە بوونی غەدرێکی گەورە دەکات لە جوولەکەکانی ئەو گەڕەکە، چونکە بە خواستی خۆیان ئەو شوێنەیان جێ نەهێشتووە، بەڵکو بەزۆر لەو شار و گەڕەکە دەرکراون. نووسەر ئەم ڕوانینەی بەشێوەیەکی زەق و لایەنگرانە نەکردووە، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر وەک بێلایەنێک وێنای کردووە، ئەوەش خاڵێکی زۆر درەوشاوەیە لە دەقی کوردیدا کە نووسەر یتوانێت لە کاتی نووسینی دەقدا، خۆی لە کۆمەڵێک هەست و بڕیاری تایبەتی ڕزگار بکات و ماوە بە ڕەخنەگر و خوێنەر بدات بەشێوەی جۆراوجۆر گوتاری دەقەکە شی بکەنەوە. ئەوە جگە لەوەی کە ئەم نووسەرە زۆر بە جوانی دەتوانێت چیرۆک بگێرێتەوە، کە ئەوەش پێویستە خەسڵەتێکی گەورەی هەموو ئەو نووسەرانە بێت کە لە ژانری گێڕانەوەدا کار دەکەن.

زۆربەی ئەو چیرۆکانەی دەیانخوێنینەوە، زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر بابەتێک و بە تەکنیکێکی جیاواز دەخرێنەڕوو، لەبەر ئەوە تا ڕادەیەک ڕوانین بۆ ئەو شێوە دەقانە لەسەر لایەنێک کۆدەکرێنەوە، بەڵام ئەم چیرۆکانە لەو شێوە دەقانەیە کە پێکەوە  و بەشێوەیەکی چڕ کار لەسەر چەند لایەنێک کراوە و بە جۆرێکی ورد هەموو ئەو لایەنانەش پێکەوە گرێ دراون. گێڕانەوە و کاراکتەر و بابەت و بیرۆکە و زمان و هەموو لایەنە هونەرییەکانی تری چیرۆک، لەم سێ دەقەدا بەشێوەیەکی ئاگایانە کاریان لەسەر کراوە و پێکەوە یەکتری تەواو دەکەن. لە خوێندنەوەی چیرۆکدا زۆر بە کەمی بەر ئەم شێوازە لە چیرۆک دەکەوین، کە بە وردی و بێ زۆرلەخۆکردن کۆمەڵێک بابەت و ئایدیا و هونەرەکانی دیکەی دەق بەرەوپێشەوە بڕۆن.

چیرۆکەکان بەجیا دەخوێندرێنەوە و پێکەوەش وەک یەک چیرۆک تەماشا دەکرێن، کاتێک چیرۆکێکیان دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت دەقێکی سەربەخۆت خوێندووەتەوە، بەڵام ئەو کاتەی هەر سێ چیرۆکە دەخوێنیتەوە، بە هەمان شێوە هەست دەکەیت یەک چیرۆکت خوێندووەتەوە. کتێبی (ئامادە: چرک) لەو چیرۆکانەیە کە پێوستە بخوێنرێنەوە، بۆ ئەوەی لە چێژی زمان و بابەت و بیرۆکە و لایەنە هونەرییەکانی دیکەی چیرۆک بێبەش نەبین.

* ئامادە: چرک- بەختیار حەمەسوور- چیرۆک- کتێبخانەی یادگار- چاپی یەکەم- تاران ٢٠٢١.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا