سعودییە حەجی ئەمساڵ سنوور دار دەكات

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودییە رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، تەنها هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و ئەو کەسانەی نیشتەجێی سعودییەن، دەتوانن حەج بکەن، هاوڵاتیانى دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدانی حەج ناتوانن گەشت بۆ سعودییە بكەن، ئەو  كەسانەشی كە حەج دەكەن دەبێت رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بكەن و ڤاکسینی کۆرۆناش وەربگرن.

وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە تەنها رێگە بە 60 هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە دەدەن فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیيە راشیگەیاندووە،  بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا تەنها هاوڵاتیانی سعودیە رێگەیان پێدەدرێت حەج بکەن و ژمارەکەش سنوردارکراوە بۆ 60 هەزار حاجی و ڕێگە‌ بە هاوڵاتییانی دەرەوەی سعودییە نادرێت گەشتی حەج ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە ئەو هاوڵاتییانە یان ئەو کەسانەی لەسعودییە دەژین و دەیانەوێت ئەمساڵ حەج بکەن، دەبێت دو مەرجیان تێدا بێت ، کە بریتین لەوەی نەخۆشیی درێژخایەنیان نەبێت و تەمەنیان لەنێوان 18- 65 ساڵیدا بێت.

بڕیارەكەی وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگە بە هاوڵاتیانی دەرەوەی سعودییە نەدرا گەشتی سعودییە بكەن و فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە بڕیارەكەی وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە، نەبەز ئیسماعیل ، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند، بۆ گەشتی حەج ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ 60 هەزار هاووڵاتی بەشدار دەبن و سەرجەمیان هاوڵاتی سعودیین یان هەڵگری ڕەگەزنامەی سعودییەن.

وتیشی، سەبارەت بەو بڕیارەی سعودییە هیچ شتێكی رەسمیمان بەدەست نەگەیشتووە لەسەر گەشتكردنی هاوڵاتیان بۆ سعودییە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و لە بوونی هەرگۆڕانكارییەك زانیاری بەو كەسانە دەدەن ناویان بۆ حەج تۆماركردووە.

بەگوێرەی ئامارێك وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەساڵی 2019 بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تیروپشكی بۆ ناوی چوار هەزارو 350 هاوڵاتی كردووە، ناویان لەوەزارەتی ئەوقاف تۆماركراوە تا گەشتی سعودییە بكەن و فەریزەی حەج بكەن، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگەی نەداوە ئەو هاوڵاتیانە لەساڵی رابردوو حەج بكەن و ئێستاش روون نییە ئایا ئەو كەسانەی كە ناویان تۆماركراوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ دەتوانن گەشتی سعودییە بكەن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا