پۆڵەتیک پرێس
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی گروپی G7 لەبارەی دابینکردنی 100 ملیار دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی کۆرۆناوە بەرکەوتووە گفتوگۆ دەکەن.
بڕیاروایە ئەم پرسە لەکاتێکدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت کە سەرکردەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازییە مەزنەکەی جیهان کە بە G7 ناسراوە لەبارەی ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناوە دەدوێن.
نوسینگەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ” ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان بە جدی لەبارەی ئەم پرسە و دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ وڵاتان دەدوێن بەتایبەت ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی کۆرۆناوە بەرکەوتووە”.
پێشتریش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە سەرکردەکانی ئەو حەوت وڵاتە کرد لەبارەی ئەو پرسەوە بگەنە ڕێککەوتن و ئەو بڕە پارەیە بۆ وڵاتانی هەژار بەتایبەت لە کیشوەری ئەفریقا تەرخان بکەن.
لوتکەی G7 ئەمڕۆ هەینی لە کۆرنواڵی باشوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا دەست بە کارەکانی دەکات و ماوەی سێ ڕۆژ چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.