پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە و گوایە شوێنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاردە، دوور و نزیک پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە نییە.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و میدیا بەرێزەکان ئاگادار دەکەینەوە ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە گوایە شوێنی کارگەکانی بەرھەمھێنانی ئاردە، لێرەوە وێنەی شوێنی ھەڵگرتنی ئارد بەھاوپێچ لەگەڵ ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە بڵاودەکەینەوە کە ئەو شوێنە دوور و نزیک پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیەوە نییە”.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “داواش لەسەرجەم میدیا بەرێزەکان دەکەین بۆ دڵنیابوون لەو گەنمەی دەکرێتە ئارد و شوێنی ھەڵگرتنی گەنم سەردانی شوێنەکان بکەن و نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن لەڕاستی و دروستی بابەتەکە و دوورکەوتنەوە لەھەواڵی ناڕاست”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەشێک لەمیدیاکان وێنەیەکیان بڵاوکردەوە تیایدا دیمەنێک نیشاندرابوو گوایە ئەو گەنمانەیە کە ئامادەی دەکەن بۆ ئەوەی بیکەن بە ئارد و تیایدا چەند سەگێک خەوتوون.