پۆڵەتیک پرێس
لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس كاروان یاروەیس لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، لە ئێستا زۆرینەی خەڵكی هەرێم و رای گشتی لە كوردستان قبوڵی شەڕی براكوژی ناكات چونكە قەیرانی تاقەتپڕوكێنی ئابوری لە هەرێم و سستی بازاڕو نەبوونی پرۆژە وایكردووە خەڵك هیلاك بووە و بەم هیلاكییەوە بە هیچ شێوەیەك قبوڵی شەڕی ناوخۆ ناكات.
كاروان یاروەیس وتیشی: لەلایەكی دیكە یەكێتی كە هێزێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتە، بەهیچ شێوەیەك لە ئێستادا لەگەڵ دروستبوونی شەڕی پەكەكە و پارتی نیە، بە بڕوای یەكێتی پێویستە گرژی و ئاڵۆزییەكان بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن.
پۆڵەتیك پرێس:ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لەنێوان پارتی و پەكەكە دروستبووە، تا چەندە ئەگەری دروستبوونی شەڕ هەیە لە نێوان ئەم دوو حزبەدا؟
كاروان یاروەیس: ئەو ناوچانەی گرژییەكانی تێدایە ناوچەیەكی تەواو ئاڵۆزە، هێزی سەربازی و موخابەراتی توركیا زۆر بە چڕی هەیە لەو ناوچانە، لە دیوی هەرێمی كوردستانیش كە سنوری دەسەڵاتی پارتییە لەگەڵ پەكەكە پەیوەندییەكی تەواو ئاڵۆزیان هەیە، ئەمە وایكردووە، جۆرەها روودوا رووبدات و بەشێك لەو رووداوانەش تەم و مژاوی بێت، ئەنجامدەرانی نەدۆزرێنەوە، سەرباری گرژی و ئاڵۆزییەكان لەو ناوچانە لە نێوان پارتی و پەكەكە بە دووری دەزانم شەڕ لە نێوانیان رووبدات، بەو پێیەی پارتی لەو ناوچەیەدا خاوەنی بەرژەوەندی ئابوری گەورەیە و دۆخی ناوخۆیی پارتی و ناوچەكەش بەرگەی ئەوە ناگرێت پارتی بچێتە شەڕەوە لەگەڵ پەكەكە، ئەوەی لە ئەگەری روودانی شەڕ زەرەرمەند دەبێت بە پلەی یەكەم پارتیە چونكە لەو ناوچانە حوكمڕانە و دامەزراوەی هەیە و بەرژەوەندی ئابوری هەیە، پەكەكە هێزێكی پارتیزانیە سرووشتی پارتی پارتیزانیش وایە دێتە شوێنێك و چالاكییەك دەكات و دەڕوات، بۆیە ئەوەی هەیە جۆرێكە لە ئیدارەدانی داواكاریەكانی توركیا لەلایەن پارتییەوە، پارتی دەیەوێت دڵی توركیا رابگرێت، ئەمە لە رووی بەرژەوەندییەوە نەك لە رووی قەناعەتی سیاسی و نەتەوەیی پارتی، چونكە لە رووی قەناعەتی سیاسی و نەتەوەیی لە پارتی بڕوانین دەبینین لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان بەرژەوەندی حزبی خستوەتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەوەكەوە، لەلایەكی دیكەوە قەیرانی تاقەتپڕوكێنی ئابوری لە هەرێم و سستی بازاڕو نەبوونی پرۆژە وایكردووە خەڵك هیلاك بووە و بەم هیلاكییەوە بە هیچ شێوەیەك قبوڵی شەڕی ناوخۆ ناكات، لەلایەكی دیكە یەكێتی كە هێزێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتە، بەهیچ شێوەیەك لەئێستادا لەگەڵ دروستبوونی شەڕی پەكەكە و پارتی نیە، چونكە لەلایەك دۆستایەتی لەگەڵ پەكەكە هەیە لەلایەك لەگەڵ پارتی سەرباری هەموو گلەییەكان لە حكومەت بەشدارە، هاوكات بەشێكی زۆری هێزی پێشمەرگە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە یەكێتی نەیەوێت شەڕ هەڵبگیرسێت پارتیش بە تەنیا شەڕی پەكەكە ناكات.
پۆڵەتیك پرێس:زیاتر بەرپرسیارێتی هێوركردنەوەی دۆخەكە لە ئەستۆی كام لایەنەیە پارتی یان پەكەكە؟
كاروان یاروەیس: هەردوولا بەرپرسیارێتیان دەكەوێتە ئەستۆ بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان بەڵام زیاتر پارتی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە ئەستۆ بەو پێیەی پارتی حزبێكی حوكمڕانە.
پۆڵەتیك پرێس:پارتی زیاتر بە زمانی هەڕەشەو تۆڵەكردنەوە قسەدەكات و پەكەكەش بێبەری بوونی خۆی لە رووداوەكەی چیای مەتینا راگەیاند، پێتان وایە بەو زمانە زبر و هەڕەشە ئامێزە پارتی بتوانێت دەستپێشخەری گفتوگۆ و هێوركردنەوەی بارودۆخەكە لە ئەستۆ بگرێت؟
كاروان یاروەیس: زمانی پارتی زمانێكی زبرە، دەستە بژێرێك لەناو پارتی هەن لەسەر ئاستی سەركردایەتی و ئەندام پەرلەمان و كادیرەكانی خوارەوەیان هەمیشە واقسە دەكەن ئاگری شەڕی میدیایی و شەڕی جەبهەیی خۆش دەكەن، ئەمە شتێكی زۆر خراپە، ئەو هەڵا میدیایەی پارتی دەیكات بە هیچ شێوەیەك رێگە خۆش ناكات بۆ ئاشتی بەڵام ئەگەر ئیرادەی بەهێزی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبێت دەتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو گوتارە توندە شەڕ ئامێزەدا.
پۆڵەتیك پرێس: بەردەوام پەكەكە وا وێنای خۆی دەكات ئەو نەبێت هەرێمی كوردستان پارێزراونابێت، لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە، ئایا حكومەتی هەرێم خاوەنی هێزێكی ئەمنی و سەربازی وا نیە بتوانێت لەكاتی مەترسی و هەڕەشەكان هەرێم بپارێزێت؟
كاروان یاروەیس:پێم وایە بیانووی پەكەكە بۆ مانەوەی لە خاكی هەرێمی كوردستان بیانوویەكی لاوازە ( هەرچەندە من هاوسۆزم بۆ خەباتی پەكەكە) چونكە گۆڕەپانی خەباتی پەكەكە باكوری كوردستانە، هەرێمی كوردستان نیە، ئەو گلەییە لەسەر پەكەكە هەیە نابێت هەرێمی كوردستان شەرمەزاربكات و بیانووی بداتە دەست توركیا لەشكركێشی بكات، دەبێت رەچاوی دۆخی هەستیاری هەرێمی كوردستان بكات.
پۆڵەتیك پرێس:دەوترێت بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بیانووە واتە پەكەكەش نەبێت توركیا هەر بیانویەك دەدۆزێتەوە داگیركاری بكات، تەنانەت توركیا بەشێك لە عێراق بە موڵكی خۆی دەزانێت، ئەمە تا چەندە راستە؟
كاروان یاروەیس:ئەمە گریمانەیەكە و راستە بەتایبەتی توركیا دەیەوێت هەژموونی خۆی هەبێت وەكو هێزێكی كاریگەر لە ناوچەكە، ئێمە باسی واقعی ئێستا دەكەین، ئەمەی داوادەكەین پارتی و پەكەكە گفتوگۆ بكەن بۆئەوەنیە بیانووی توركیا ببڕین بۆئەوەیە ئەم دوو هێزە كە دوو هێزی كوردین دەستیان نەچێتە خوێنی یەك و خوێنی كورد بە دەستی كورد نەڕژێت، لەو روانگەوە داوای گفتوگۆی پارتی و پەكەكە دەكەین.