هۆشدارییەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە بۆ پەكەكە

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگەی لە چەند رۆژی رابردوو خستە ئەستۆی پەكەكە و رایگەیاند، چەندین ساڵە بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنوریەكان چۆڵكراون و زیانێكی زۆری ماددی بەر هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە كەوتووە، هاوكات بەردەوام هەوڵی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەم رۆژانەدا وەك بەشێك لە پیلانەكانیان لە دژی هەرێم و بە هاوكاری دەستێكی ناوخۆیی، چەندین هاوڵاتی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە كارهێنانیان وەك ئامرازێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گروپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

 

دەقی راگەیاندراوەكە:

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو چەندین جار چەكدارانی پەكەكە پەلاماری هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەهید و بریندار كردووە و هەموو هەوڵیان بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، بەداخەوە لە رۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەهید كرد و چەندین پێشمەرگەی تریش برینداربوون.

چەندین ساڵە بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنوریەكان چۆڵكراون و زیانێكی زۆری ماددی بەر هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە كەوتووە، هاوكات بەردەوام هەوڵی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە، ئەویش بە رێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم رۆژانەدا وەك بەشێك لە پیلانەكانیان لە دژی هەرێم و بە هاوكاری دەستێكی ناوخۆیی، چەندین هاوڵاتی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە كارهێنانیان وەك ئامرازێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گروپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین كە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت هێڵی سورە و رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەك و لە ژێرناوی هیچ گروپێك، ئەم سەقامگیریە تێك بدرێت.

داواش لەو گروپانەی بە ناو ئاشتی و ئازادی دەكەین خۆیان نەكەنە ئامرازێك بۆ تێكدانی باری ئەمنیی هەرێم، ئەگەر بە راستیش نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با رووی قسەكانیان ئاراستەی قەندیل بكەن، چونكە شەڕانگێزی و نائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گروپانە داوا لە پەكەكە بكەن چیتر دەست نەخاتە ناو كاروبارەكانی هەرێمی كوردستان و سنورێك بۆ شەڕفرۆشییەكانیان و دژایەتی خەڵكی ئاشتیخوازی هەرێمی كوردستان دابنێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا