پۆڵەتیك پرێس
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە هەندێك كەناڵی راگەیاندن و سێبەری سەرچاوە دیاری بە قوتی دزراوی خەڵك هەڵسوڕاو درۆ و بوختانم بۆ هەڵدەبەسترێت كە هێندە ئاست نزمن نەك هەر دۆست دوژمنیش دەزانێت چەند شاخدار و مایە پوچن.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەیدا نووسیویەتی: پێویستە ئەو لایەن و كەسانە بزانن كە ئەوان نەك هەر ناتوانن بەندە لەسەر هەڵویستەكانم سارد بكەنەوە، بگرە زیاتریش هانمدەدەن، با دڵنیاش بن چۆن بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیرێ ئاواش ناتوانن خەڵكی نیشتیمانپەروەر و هۆشیاری كوردستان چەواشە بكەن.
دەقی روونكردنەوەكە:
درۆ بكەن درۆ بكەن تا رووتان ڕەش دەبێ!
ناوە ناوە لە هەندێ كەناڵی ڕاگەیاندنی سوشیال میدیا و سێبەری سەرچاوە دیاری بە قوتی دزراوی خەڵك هەلسوڕاو دوور لە رەوشتی كوردەواری و ئاكاری راگەیاندن نە ڕەخنەم لێدەگیرێ و نە گفتوگۆی بۆچونەكانم دەكرێ، بەڵكو بەشێوەیەكی هێندە ئاست نزم درۆ و بوختانم بۆ هەڵدەبەسترێن نەك هەر دۆست، بگرە دوژمنیش دەزانن چەند شاخدار و مایە پوچن.
پێویستە ئەو لایەن و كەسانە بزانن كە ئەوان نەك هەر ناتوانن بەندە لەسەر هەڵویستەكانم سارد بكەنەوە، بگرە زیاتریش هانمدەدەن، با دڵنیاش بن چۆن بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیرێ ئاواش ناتوانن خەڵكی نیشتیمانپەروەر و هۆشیاری كوردستان چەواشە بكەن.
من دڵنیام بۆیە ئاگاداریان دەكەمەوە، كە دواڕۆژ لەبەردەم دادگای گەل و دواتریش لەبەردەم خوا وێڕای شەرمەزاری سزای خۆیان وەردەگرن.
هەر بۆ زانین و ئاگاداری خەڵكیش چەند مانگێكە لەدادگا شكایەتم لە یەكێك لەو بوختانكەرانە كردوە، كەچی بە بیانووی بێ پاساو دادگا سستی لە یەكلایی كردنەوەی كەیسەكە دەكا، چونكە لە راستی و بەڵگەكانم دڵنیایە.
ئارێز عەبدوڵا