پۆڵەتیك پرێس
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی پرسیاری ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر شەفافییەتی نەوت ڕایگەیاندووە، لە ڕاپۆرتەكانی دیلۆیت زانیاریی هەیە، پرسیارەكان ئاراستەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گاز بكەن”، ئەو پەرلەمانتارەش دەڵێت ناوەڕۆكی وەڵامەكە رەتدەكەینەوەو دەچینە قۆناغی پرساندنو ڕێكاری تری یاسایی دەگرینە بەر.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، دەربارەی شەفافییەتی داهاتی نەوت 12 جار بەدوواداچوونم بۆ پڕۆسەی بەڕێوەبردنی (دۆزینەوە، دەرهێنان، گواستنەوە، فرۆشتنو گەڕانەوەی داهاتی نەوت )كردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش پێنج پرسیارمان ئاراستەی كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كردووە بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەكان لەوەڵامی پرسیارەكاندا دەڵێت لە ڕاپۆرتەكانی دیلۆیتدا زانیاریی هەیە، پرسیارەكان ئاراستەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گاز بكەن بۆیە وەك پەرلەمانتاران ناوەڕۆكی ئەو وەڵامە رەتدەكەینەوە.
وتیشی، واژووی پەرلەمانتاران ئامادەیە بۆ ئەوەی كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكان بانگشێشی پەرلەمان بكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت تا وەڵامێكی دروستی پەرلەمانتارانبداتەوە.
راشیگەیاند، وەرگرتنەوەی متمانە لەوەزیری سامانە سروشتییەكان پێویستی بەزۆرینە هەیە و ئەوەش بۆ ئیستای پەرلەمانی كوردستان ئەستمە بۆیە بۆ لیپرسینەوە لە وەزیری سامانە سروشتییەكان لەسەر دۆسییەی نەوت لەدوای قۆناغی پرساندن ئەگەر شەفاف نەبوون رێگای یاسا دەگرینە بەروو داوای یاسایی تۆماردەكەین.
رونیشیكردەوە، بە پێی یاساو بنەما دەسورییەكان وەزیری سامانە سروشتیەكانو وەزارەتەكەی بەرپرسیاری پرۆسەی دەرهێنانو فرۆشتنی نەوتو گازن نەك راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بۆیە دەبێت بەڕوونی وەڵامی ئەندامانی پەرلەمان بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ڕێكارەكان دەگرینە بەرو فشار دەكەین تا ئەو كاتەی نەوت دەبێتەوە بە موڵكی خەڵكو بە یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەگەر بەڕێز وەزیری سامانە سروشتیەكان (كە وەزیرێكی نوییەو دەرفەتمان پێداوە تا جێگیر دەبێت لە كارەكەی) سوربێت لەسەر وەڵام نەدانەوەی بە پێی یاسا، ئەوە دەچینە قۆناغی پرساندنو ڕێكاری تری یاسایی بەرانبەریی، ئێمەش وەك پەرلەمانتار ئەركە سەرەكییەكەی خۆمان جێبەجێی دەكەین.