كەنەكە: کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و دەرەکیدایە

پۆڵەتیك پرێس

کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند، دەبێت بە خێرایی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان کۆتایی پێ بێت و داوای لە هەموو هێزە کوردستانییەکانیش دەكات هەوڵی دیالۆگ بدەنو دەشڵێت با پێکەوە هەوڵبدەین لە جێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ پەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین.

کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم رۆژانەی دوایی نێوان هێزە کوردستانییەکان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت، هەروەک ئاگادارن گرژی و ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لە ئاستێکی مەترسیداردایە. ئەم دۆخەش خەڵکی کوردستانی زۆر نیگەران کردووە. رووبەروو وەستانەوەی هێزە کوردستانییەکان بەرامبەر یەکترو شەڕی میدیایی. خەڵکی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی نالەباری ئەوتۆوە کە رۆژانی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان بیردەخاتەوە.

دەشڵێت، ئەم دۆخە بۆ نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوە و کاریان بۆ کردووە، هەتا لەو رێگایەوە زیاتر درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن و ئەو دەسکەوتانەش کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و رەنج و تێکۆشانی سەدان هەزار تێکۆشەڕ بەدەستهاتوون، لەناوببەن.

كەنەكە داواش لە سەرجەم پارت و رێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رۆڵی جدی و ئەرێنی ببینن، هاوكات كەنەكە داوا لەئەندام و لایەنگرانی ئەو دوو هێزە و خەڵکی کوردستانیش بە گشتی دەکات، زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشی میدیایی و کەنالەکانی سۆشیالمیدیا لەبەرامبەر یەکتر راگرن و ئاگری ناکۆکیی زیاتر خۆش نەکەن. پێویستە هەموو کوردستانیان بە هەر شێوازێکی دیموکراسیی گونجاو، لەدژی فراوانکردنی گرژی و ناکۆکییەکان دەنگ هەڵپڕن.

دەقی بانگەوازەکەی کۆمیتەی دیالۆگۆی ناوخۆیی کەنەکە

بانگەواز لە کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆییەوە

کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و دەرەکیدا

هەروەک ئاگادارن گرژی و ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لە ئاستێکی مەترسیداردایە. ئەم دۆخەش خەڵکی کوردستانی زۆر نیگەران کردووە. رووبەروو وەستانەوەی هێزە کوردستانییەکان بەرامبەر یەکترو شەڕی میدیایی خەڵکی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی نالەباری ئەوتۆوە کە رۆژانی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان بیردەخاتەوە.

بێگومان ئەم دۆخە بۆ نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوە و کاریان بۆ کردووە. هەتا لەو رێگایەوە زیاتر درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن و ئەو دەسکەوتانەش کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و رەنج و تێکۆشانی سەدان هەزار تێکۆشەڕ بەدەستهاتوون، لەناوببەن. لە هەلومەرجێکی ئاوادا سەرباری ئەوەی کە شەڕێکی ناوخۆ لەم قۆناغەی دنیای پێدا تێپەڕئەبێ، شەڕمەزارییەکی گەورە بۆسەر گەلی ئێمە دێنێت، لە هەمان کاتدا هیچ کام لە دۆستەکانمان بە دەنگمانەوە نایەن. مێژوو و نەوەی داھاتوو دەستپێشخەران و بەرپرسانی شەڕی ناخۆیی نابەخشێت.

سەرەڕای هەموو مەترسییەکانیش، تا ئێستاش دەرفەتی گەورە لەبەردەم خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیدا هەیە کە دۆزی کوردستان بە ئاقارێکی سەرکەوتووانەدا ببەن و دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبێت. با پێکەوە هەوڵبدەین لە جێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ پەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین.

ئێمەوە وەک کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی کە لە چەند دەزگاو کەسایەتی کوردستانیی هەر چوار بەشی کوردستان پێکهاتووە، هەر لەسەرەتای گرژییەکانەوە دەستمان بە هەوڵی ناوبژیوانی و خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ کرد. شاندی کۆمیتەکە سەردانی هەردوولایەنی ناکۆک و زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان کرد. ئێمە لە کارەکانمان بەردەوام دەبین و لە پێناو ئاشتی و ئارامیی لە کوردستان، هەر کارێک بە ئێمە بکرێت، ئامادەین.

داواش لە سەرجەم پارت و رێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رۆڵی جدی و ئەرێنی ببینن. هەروەها داوا لە کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیریی و ئەکادیمیی کوردستان دەکەین، کە بە هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان رۆڵی ناوبژیوان و کاراکتەری ئارامکردنەوەی ئەم دۆخە ببینن. داوا لەئەندام و لایەنگرانی ئەو دوو هێزە و خەڵکی کوردستانیش بە گشتی دەکەین، زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن. هێرشی میدیایی و کەنالەکانی سۆشیالمیدیا لەبەرامبەر یەکتر راگرن و ئاگری ناکۆکیی زیاتر خۆش نەکەن. پێویستە هەموو کوردستانیان بە هەر شێوازێکی دیموکراسیی گونجاو، لەدژی فراوانکردنی گرژی و ناکۆکییەکان دەنگ هەڵپڕن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا