ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لەبارەی ئازادكردنی قاسم موسڵح روونكردنەوە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیاری ئازادكردنی قاسم موسڵح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت ئەنجومەنەكە هیچ بەڵگەیەكی لەبەردەستدا نییە كە سەلمێنراو بێت سەركردەكەی حەشدی شەعبی بە كوشتنی ئیهاب وەزنی چالاكوانی عێراقی تۆمەتبار بكات.

لە ڕوونكردنەوەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق هاتووە، دادگا لە هەر كەیسێكدا، مامەڵە لەگەڵ ئەو بەڵگانەدا دەكات كە لەبەر دەستیدا هەیە تا بە گوێرەی یاسای پەیوەندیدار بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام ئەوان لە كەیسی ئیهاب وەزنی چالاكوانی كوژراوی عێراقدا، هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوتووە كە تاوانەكە بە قاسم موسڵح ببەستێتەوە.

قاسم موسڵح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار رۆژی 7ی حوزەیران بە بڕیاری دادگا و بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی تاوانباركردن ئازاد كرا.

لە 27ی ئایاری ئەمساڵ هێزە ئەمنییە تایبەتەكانی عێراق بە تۆمەتی تیرۆركردنی ئیهاب وەزنی چالاكوانی عێراقی، قاسم موسڵح دەستگیر كرد، بەڵام دواتر هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەی سەوزی بەغدا كۆبوونەوەو هەڕەشەی دروستكردنی ئاڵۆزی و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی عێراقیان كرد، ئەوەش كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچاركرد بەپرسەكەی حەشدی شەعبی رادەستی فەرماندەیی حەشدی شەعبی بكات تا كاتی یەكلایكردنەوەی دۆسییەكەیی و ئازادكردنی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا