سەلیم شوشکەیی لەسەر “خواردنی پارەی پاسەوانەکانی” روونکردنەوە دەدات

پۆڵەتیک پرێس

سەلیم شوشکەیی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەو تۆمەتانەی درایەپاڵی هاتەدەنگ و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لەراگەیەندراوەکەدا سەلیم شوشکەی وتی، “ئێمە وەک پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری لەبەغدا دوو پاسەوانمان لەلایەن کۆمەڵ بۆ دیاری کراوە، کۆی پاسەوانەکانی دیکە لەدامودەزگاکانی کۆمەڵ دەوام دەکەن پارەکەش دەگێڕینەوە بۆ کۆمەڵ، تەنیا ئەو بڕە پارەیە وەردەگرین کە کۆمەڵ بۆی دیاری کردوین”.

بەپێی قسەی سەلیم شوشکەیی، “ئەو کەسەی کە ناوی هیمداد عزیزە زیاتر لەحەوت ساڵە هات و هاواریەتی گوایە ملیۆنێک و هەشت سەد هەزاری لای ئێمەیە، بەڵام راستیەکەی ئەو بڕەپارەیە بۆ کۆمەڵی دادگەری گەڕاوەتەوە وەک تێکڕای پاسەوانەکانی دیکە، دوای ئەوەی روون بۆوە کە ناوبراو دووموچەی هەیە موچەکەی بڕاو کەسێکی دیکەی لەشوێن دانرا”.

دەشڵێت، “بەداخەوە ئەو لاڵانەوە و گریانەی بۆ ئەوەیە وەک ستەم لێکراو بناسرێ ئەگەرنا ناوبراو چەندین کەسی راسپاردووە ئەگەر بێت و بڕێکی زۆر پارەی پێ نەدرێ ئەوە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن قسەدەکات و ناوزڕاندن دەست پێ دەکات ئێمەش بێ باکانە بێ منەتمان کردووە لەکام کەناڵ حەزی لێیە با قیژە و هات و هاوار و کڕوزانەوە بکات وەک کۆمەڵ سیاسەتی دووموچەیی رەت دەکەینەوە هەروەک رێگای دادگامان نیشانداوە ئەگەرچی دادگا بەگشتی لەکوردستان لەژێر پرسیاردایە”.

لەدرێژەی راگەیەندراوەکەیدا هاتووە، “خەڵکی کوردستان باش دەزانن کێ موچەی فەرمانبەرانی خواردووە بۆچ دەزگا و کەناڵێک خەرج دەکرێ هیوادارین راپۆرت لەسەر موچەی خوراوی خەڵک و نەوت دزین و قاچاخچیەتی بکەن نەوەک بە راپۆرتێکی ناڕەوا بۆ ملێونێک و هەشت سەد هەزار لە 2014 وە کاوێژی پێ دەکەن”.

ئەمڕۆ چوارشەممە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی ئۆتۆمبێلێكی سه‌لیم شوشكه‌یی، په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ سه‌ر لیستی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، بەپێی بەیاننامەکەی هاتوچۆی هەولێر، “سەلیم شوشکەیی موچه‌ی چه‌ند پاسه‌وانێكی خواردووه‌ و پاسه‌وانه‌كانی‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردووه‌”.

 

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک