پۆڵەتیك پرێس
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند “لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانین گۆڕانکاریی گەورە و ڕاستەقینە بکەین بە تایبەت لە گۆڕینی سیستمی حکومرانی و ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر میللەتەکەماندا هێنراوە، هاوكات ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا تەنها بۆ موچە نەبووە”.
ئەمڕۆچوار شەممە 9ی حوزەیران، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرجەم لێپرسراو و ئەندامانی مەکتەب و بۆردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووینەوە و لەو كۆبونەوەیەدا باس لەو هەوڵ و هەنگاوانە كرا کە لە دوای کۆنگرە هەنگاوی بۆنراوە.
هەرلەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە كراوە و لەوبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند” : پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان لە نێوان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕانمان بە دەستکەوتێکی گەورە زانی بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو یەکدەنگی و یەکڕیزییە تا لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە تەواوی مافەکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین”.
دەشڵێت “لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانین گۆڕانکاریی گەورە و ڕاستەقینە بکەین بە تایبەت لە گۆڕینی سیستمی حکومرانی و ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر میللەتەکەماندا هێنراوە، پێداگرییمان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ موچە نەبووە، بەڵکو بەغدا بۆ ئێمە گرنگە و بەهێزی پێگەی کورد لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمانە”.
هاوسەرۆكی یەكێتی جەختدەكاتەوە، بەشداربوون لە نووسینەوەی دەستوور و زۆرینەی کورد دەنگی پێداوە و هەر ئەو دەستوورەش دەکەنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پشتیوانێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تریش بە تایبەتی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان.