بەكارهێنانی پلازمای خوێن بۆ چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم

پۆڵەتیك پرێس: نازە سەعید
دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەكارهێنانی پلازمای خوێن بۆ چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەرییەكی باشی هەیە، بۆیە لەئەمریكا ئەو چارەسەرە زیاتر بەكاردەهێنن.

ئەو راگەیاندنەی دۆناڵد ترامپ جۆرێك لەشۆكی بۆ جیهان تێدابوو، چونكە لەمانگی دووی ساڵی رابردووەوە، لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهان، بەتایبەتی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پلازمای خوێن وەك چارەسەرێكی باش بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت.

هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لەو ناوچانەی پلازمای خوێن بەكاردەهێنێت، بۆ چارەسەری كۆرۆنا، کەبەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان تا ئێستا 2,067 دوو هەزار و شەست و حەوت نەخۆشی كۆرۆنا پلازمای خوێنی نەخۆشانی چاكبووی كۆرۆنایان وەرگرتووە.

هەر بەپێی ئامارەكە، دوای دوو جار بانگەوازی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو نەخۆشانەی لەكۆرۆنا چاكبوونەتەوە بۆ بەخشینی پلازما، 1,483 هاووڵاتی دوای چاكبوونەوەیان پلازمایان بەخشیوە.

 

لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا 2,067 دوو هەزار و شەست و حەوت نەخۆشی كۆرۆنا پلازمای خوێنی نەخۆشانی چاكبووی كۆڕۆنایان وەرگرتووە

 

لەهەرێمی كوردستاندا، شاری سلێمانی یەكێكە لەو شارانەی بۆ یەكەمجار پلازمای خوێنی تێدا بەكارهێنرا بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆناو لەو بوارەشدا ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو.

بەقسەی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی، لەمانگی دووەوە ئەو چارەسەرە بەكاردەهێنن‌و وەك چارەسەرێكی كاریگەر ناساندوویانەو ئێستا بۆ ئەو مەبەستە لەشارەكە بانكێكی تایبەت بەپلازمای خوێنی تووشبووانی كۆرۆنا دروست كراوە، تا ئەو كەسانەی پێویستیان بەپلازمایە، راستەوخۆ پلازماكەیان بۆ دابینبكرێت.

لەو بارەوە یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: لەشاری سلێمانی هەرزوو دەستپێشخەریمان كرد بۆ بەكارهێنانی پلازمای خوێن‌و یەكێك بووین لەو شوێنانەی توانیمان وەك چارەسەرێكی كاریگەر بۆ كۆرۆنا بیناسێنین.

یاد نەقشبەندی وتیشی: تائێستا 736 كەس لەشاری سلێمانی پلازمای خوێنیان بەخشیوەو هەموو ئامادەكاریەكیشمان كردووە بۆ ئەوەی بانكی پلازمای خۆینی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لەرووی بیناو كەرستەو و سەرچاوەی مرۆیی دروست بكەین، كە بە سوپاسەوە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی لەو بارەوە زۆر هاوكارمان بوون، بۆیە ئێستا ئەو بانكە لە سلێمانی بوونی هەیە.

 

تائێستا 736 كەس لەشاری سلێمانی پلازمای خۆینیان بەخشیوە

هەروەها وتی: لەئێستادا شوێنی بانکی هەڵگرتنی خوێنمان هەیە و هەر نەخۆشێك لە هۆڵی چارەسەر پێویستی بە پلازمای خوێن هەبێت راستەوخۆ پلازماكە ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی كۆرۆنا.

سلێمانی جگە لەناوخۆی خۆی، پلازمای خوێنی بۆ چەند شارێكی تریش ناردووە، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی سلێمانی لەو بارەوە جەختیكردەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا پلازمای خۆینمان گەیاندووتە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.

لەجیهاندا چەند پرۆتۆكۆڵێك هەیە بۆ چارەسەری كۆرۆناو یاد نەقشبەندی لەو بارەوە وتی: ئەو چارەسەرانەی لەسلێمانی بەكارهێنراون بەپێی ئەو پرۆتۆكۆڵاتانەی جیهان بوون، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی كراوە.

 

چارەسەری پلازما چییە؟

كاتێك كەسێك تووشی هەوكردنی ڤایرۆس دەبێت، سیستمی بەرگری لەش دژەتەنێكی تایبەت بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە دروست دەكات، بۆیە دوای چاكبوونەوە ئەگەر كەسەكە هەمان ڤایرۆس بێتە ناو لەشیەوە، دژەتەنەكان یەكسەر دەیناسنەوە و بێئەوەی نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەربكەوێت لەناوی دەبەن.

پلازمای كەسی تووشبوو بەكۆرۆنا دژەتەنی بەرانبەر بەڤایرۆسەكە تێدایە، بۆیە كاتێك لەنەخۆشێكی كۆن وەردەگیرێت دەكرێتە خوێنی نەخۆشێكی ترەوە، یارمەتی چاكبوونەوە دەدات.

لەئێستادا داتای تەواو لەبەردەستدا نییە بۆ بڕیاردان لەمەڕ كاریگەریی چارەسەری پلازما لەسەر تووشبووانی كۆرۆنا، بەڵام پزیشكان بەناوەندە چارەسەرێك دەیبینن هەتا ئەو كاتەی دەرمان یان پێكوتەكەی دەدۆزرێتەوە.

چارەسەری پلازما پێشتر بۆ ڤایرۆسەكانی سارس، ئیبۆلا، ئەنفلۆنزای باڵندە و بەراز بەكارهێنراوە و ئەنجامێكی باشی هەبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا