عەرەب و توركمانەكان ترسیان لە ئاسایی بوونەوەی كەركوك هەیە

پۆڵەتیك پرێس

سكرتێری مەكۆی گۆڕان لە شاری كەركوك دەڵێت، عەرەب و توركمانەكانی كەركوك ترسیان لە هەر رووداوێكی سیاسی هەیە كە ببێتە هۆی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی كەركوك چونكە بە ئاسایی بوونەوەی دۆخی شارەكە پێگە و قەبارەی راستەقینەیان دەردەكەوێت.

محەمەد نەسرەدین، سكرتێری مەكۆی گۆڕانی كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو گۆڕانكارییانەی كراون لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كەركوك كۆمەڵێك گۆڕانكاری كارگێڕی تایبەتن بە كۆمسیۆن كە ئەو كۆمسیۆنە دەزگایەكە لەسەرووی لێپرسینەوەی دام و دەزگا حكومی و حزبییەكان.

سكرتێری مەكۆی گۆڕانی كەركوك وتی: كاردانەوەی لایەنە عەرەبی و توركمانەكانی كەركوك دژی ئەو گۆڕانكارییانەی كۆمسیۆن پەیوەستە بە بیرو رای ئەوان لەسەر مانەوەی كەركوك بەم بارودۆخەی ئێستای، چونكە مانەوەی شارەكە بەم شێوەیەی ئێستاو لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر گەورەترین دەستكەوتە بۆ ئەوان، بۆیە هەرپرۆسەیەكی سیاسی یان هەڵبژاردن یان ئاشتەوایی لە كەركوك رووبدات و بارودۆخەكە ئاسایی بكاتەوە ئەوان لێی دەترسن و دژی دەوەستنەوە.

باسی لەوەشكرد، ئەو لایەنانە پێیان وایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق قەبارەی راستەقینەی ئەوان دەردەخات كە قەبارەیەكی بچوكە بەراورد بەو پێگە و دەسەڵاتەی ئێستا هەیانە لە شارەكە، چونكە ئەوان تەنانەت نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكانی عەرەب و توركمانی شارەكە ناكەن.

ماوەی چەند رۆژێكە عەرەب و توركمانەكانی كەركوك دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین كردووە لە بەرامبەر چەند گۆڕانكارییەكی كارگێڕی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كەركوك.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا