پۆڵەتیك پرێس
نوێنەرانی شاری كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەو ئاستەنگانەی دەخرێنە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و لێدوانی چەند بەرپرسێكی عەرەب و توركمانەكانیشیان لەوبارەوە رەتكردەوە.
نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند: گوێبیستی لێدوانی نابەرپرسانەی چەند لایەنێكی عەرەبی و توركمانی لە كەركوك دەبن كە دەچنە خانەی دەستێوەردان لە كاروبارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێ لایەنە و تەنها بەرپرسیاری رێكخستن و ئامادەكاریی و جێبەجێكردن و سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردن و راپرسییەكانە، ئەنجومەنی كۆمسیارانیش لایەنی بەرپرسیارە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دیموكراتییانە.
لە چەند رۆژی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كەركوك چەند گۆڕانكارییەكی ئەنجامدا لە پۆستەكانی ئۆفیسی كەركوك لەوانەش گۆڕینی بەڕێوەبەری لقی كەركوك، كە بەڕێوەبەری پێشوو نوێیەكەش هەردووكیان لە پێكهاتەی كوردن.