لاهور شێخ جەنگی: دژی هەموو شەڕێكی براكوژیین

پۆڵەتیك پرێس

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی رایگەیاند: دژی هەموو شەڕێكی براكوژیین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەین كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەك بەشدار و لایەنگری شەڕێك نابین كە خوێنی كورد بە دەستی كوردی تیادا بڕژێت.

رۆژی سێشەممە، لە قەڵاچوالان لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم فەرماندە و دەرەجەدار و لیواكانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەنگاوەكانی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دۆخی ئەمنی تاوتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە بڕیار و سیاسەتی نوێ و بەهێزی پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد لە دوای كۆنگرەی نوێبوونەوە لە سەر ئاستی هەرێم و بەغدا كە هەنگاوی گەورەی ناوە و بە شێوەیەكی واقیعی و حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵ پرسەكاندا كردووە و بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمانی لەبەرچاوگرتووە.

هاوسەرۆكی یەكێتی وتی: لە مەسەلەی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی زۆر جەختمان لە ڕێككەوتن كردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و بەرهەمدارمان لە بەغدا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لایەنی حكومی ئەنجامدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە ڕەچاوكردنی دەستووری عێراق لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان.

لەبارەی دۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستان هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی كردەوە كە دژی هەموو شەڕێكی براكوژیین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەن كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەك بەشدار و لایەنگری شەڕێك نابن كە خوێنی كورد بە دەستی كوردی تیادا بڕژێت.

بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە باسكردن لە پڕۆسەی چاكسازیی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی یەك هێزی نیشتمانی پڕچەك و مەشقپێكراو كە پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان بێت.

هەمئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ بەردەوامی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنی تێدا هەیە بۆ لەناوبردنی خانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش و پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و یەكدەنگی كورد و پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان بەشێكی دیكەی ئەو تەوەرانەبوون لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لاهور شێخ جەنگی و فەرماندە و دەرەجەدار و لیواكانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێكران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا