ئێران هەوڵی کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی ڤییەنا دەدات

پۆڵەتیک پرێس

کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵدەدات پێش کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی چاودێری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم، گفتوگۆکانی ڤییەنا کۆتایی پێبهێنێت.

عەلی ڕوبەیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، تاران هەوڵ دەدات پێش کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی چاودێری کە لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی واژۆی کردووە، گفتوگۆکانی ڤییەنا بە ئەنجامێکی باش کۆتایی پێبهێنێت.

ڕوبەیعی ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی نزیک بووەتەوە لەوەی بە دەرئەنجامی زۆر باشەوە سەرجەم سزا سەپێنراوەکان لەسەری هەڵبگرێت.

وتەبێژەکەی حکومەتی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ” تاران بەلایەوە گرنگە پێش کۆتاییهاتنی ماوەی حکومەتی ئێستا گفتوگۆکانی ڤییەنا کۆتایی پێبهێنێت”.

گفتوگۆکانی ڤییەنا لەنێوان ئێران لەلایەک و وڵاتانی ٤+١ لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەدەچێت، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش ئەمریکا لەناو گفتوگۆکاندای، لەبەرئەوەی پێشتر تاران ڕەتیکردبووەوە بەشێوەیەکی ڕووبەڕوو چاوی بە نوێنەرانی واشنتن بکەوێت.

گفتوگۆکان لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران و هەڵگرتنی سزاکانە لەسەر تاران و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئەمریکا و ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوەو سزای زیاتری بەسەر تاراندا سەپاند،  لەبەرامبەریشدا ئێران پابەندییەکانی خۆی بە مەرجەکانی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆم لە وڵاتەکەیدا ڕاگرت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا