نزیكبوونەوە لەسعودییە عێراق لەئێران دووردەخاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
لەگەڵ دووبارە سەپاندنەوەی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا، عێراق خۆی لەناو قەیراندا بینییەوە، كە ئەمەش وایكردووە، داوا لە ئەمریكا بكات لە سەپاندنی ئەو سزایانەدا بیبەخشێت تا بتوانێت پێداویستییەكانی بەوزەی كارەبا پڕبكاتەوە، كە بەغدا لەو بوارەدا پشت بە تاران دەبەستێت.

لەگەڵ ئەوەش وا دەردەكەوێت عێراق بەپشتیوانی ئەمریكا هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لەسەر وڵاتەكەی، بەتایبەتی لە بواری وزەدا و رەنگە لەداهاتووشدا بەتەواوی لەم هەژموونی ئێران رزگاری ببێت.

بەپێی راپۆرتێك، كە رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئەمریكا پشتیوانی لە نزیكبوونەوەی عێراق‌و سعودییە لە بواری وزەدا دەكات، ئەویش لە رێگەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق بەهەریەكە لە ریاز و كوەیتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ پشتیوانی هەوڵەكانی فراوانكردنی تۆڕی پێكبەستنەوەی وزەی كارەبای نێوان عێراق‌و وڵاتانی كەنداو دەكات، كە وەك جێگرەوەی تۆڕی كارەبای عێراق دەبێت لەگەڵ ئێران.

 

ئیدارەی دۆناڵد ترامپ پشتیوانی هەوڵەكانی فراوانكردنی تۆڕی پێكبەستنەوەی وزەی كارەبای نێوان عێراق‌و وڵاتانی كەنداو دەكات

 

بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق لەگەڵ وڵاتانی كەنداو یەكێك بووە لەو باسانەی لەماوەی رابردوودا گفتوگۆی چڕی لەبارەوە كراوە، لەمیانەی سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكاش لەواشنتۆن گفتوگۆی فراوانی لەبارەوە كراوە.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەپەیامێكیدا ئاشكرایكرد، كە پرۆژەی تۆڕی كارەبای وڵات و بەستنەوەی بەتۆڕی كارەبای سعودییە و كوەیتەوە هەنگاوی باشی بڕیوەو گەیشتووەتە قۆناغی نەخشەسازی و دواتریش دەچێتە قۆناغی تەندەرینەوە.

عەلی عەلاوی لەمیانی لێدوانێكی راشیگەیاند، ئاستی وەبەرهێنانی سعودییە لەپرۆژەی “رەتاوی” تایبەت بەوزە دەگاتە دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و پرۆژەكەش زیاتر لەگازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەی زیاتری وزە دەبەستێت، كە ئەوەش خاڵێكی گرنگە بۆ رێككەوتنەكەی نێوان هەردوولا.

هاوكات بەپێی بەیاننامەیەكی بانكی نێودەوڵەتی لە كێڵگە نەوتییەكانی عێراق قەبارەی لەدەستچوونی ئەو گازەی لەنەوتەوە بەرهەم دێت، ساڵانە گەیشتووەتە ١٨ ملیار مەتر چوارگۆشە، كە ئێستا هەوڵ دەدرێـت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە سوود لەو گازە وەربگیرێت.

لەلایەكی دیكەشەوە وتەبێژی وەزارەتی وزەی سعودییە رایگەیاند، رێككەوتنەكە زۆر نزیكە و راستەوخۆ تۆڕی كارەبای عێراق و سعودییە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

 

رێككەوتنەكە زۆر نزیكە و راستەوخۆ تۆڕی كارەبای عێراق و سعودییە بەیەكەوە دەبەستێتەوە

 

ئاماژەی بەوەش كرد، ریاز بژاردەكانی وەبەرهێنانی هاوبەش لە بواری وزەی خۆر لە ناو عێراق تاوتوێدەكات، ئەوەش لەپێناوی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی عێراق لە رووی وزەی كارەباوە.

بە بەراورد لەگەڵ ئێران تا ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و سعودییە قەبارەیەكی كەمە بەجۆرێك ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و ریاز ٤٠٠ ملیۆن دۆلار تێناپەڕێنێت لەكاتێكدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و تاران ١٠ ملیار دۆلارە.

ئەمریكاش تا ئێستا چەند جارێك لەسەریەك لێخۆشبوونی بۆ عێراق دەركرد بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هاوردەكردنی غاز و كارەبای ئێران سەرەڕای ئەوەی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندبوو، بەڵام رەنگە چیتر واشنتۆن هەنگاوی لەو شێوە بۆ بەغدا نەنێت، بۆ ئەوەی ناچار بێت رێككەوتنەكەی لەگەڵ سعودییە بەكۆتا بگەیەنێت.

تا ئێستا عێراق كڕیاری ٨٠ لە سەدی هەناردەی كارەبای ئێرانە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی وزەی ئێرانیش لە ساڵی ٢٠١٩ دا هەناردەی كارەبای ئێران سەدا ٢٨ زیادیكردووە، بەجۆرێك لەهەر سەعاتێكدا هەشت تیراوات كارەبا هەناردە دەكات.

هەروەها بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای گازی ئێران هەناردەی گازی ئەو وڵاتە بەرێژەی سەدا ٢٦ زیادیكردووە بەجۆرێك لەماوەی نێوان مانگی ئازاری ٢٠١٩ تا مانگی ئازاری ٢٠٢٠ ، ١٧ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشەی هەناردە كردووە، هەریەك لەوڵاتانی عێراق و توركیاش تاكە كڕیاری گازی ئێرانن.

لەو بارەشەوە لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی كارەبای عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق پێویستی بە سێ تا چوار ساڵ هەیە بۆ ئەوەی هاوردەكردنی سەرچاوەكانی وزە لە دراوسێكانییەوە بوەستێنێت.

خەتیب راشیگەیاند، پرۆژەكانی نەوت و گاز لە عێراق پێویستی بە چەند ساڵێك هەیە تا توانای بەرهەمهێنانی وزەی بەجۆرێكی لێبێت، كە لە پشت بەستن بە گازی ئێران بوەستێت.

عێراق لەساڵی 2019 تەنیا 19 هەزار گێگاوات كارەبای بەرهەمهێناو لەساڵی 2020یش گەیشتووەتە 20 هەزار گێگاوات، لەكاتێكدا عێراق پێویستی بە 25 هەزار گێگابات هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا