زاموا محەمەد: بە پێچەوانەی حیکایەتەوە، لە چیرۆکدا بە هۆی ئامادەگیی کەسێتیی واقیعی و کۆمەڵگایەکی ئاشناوە، ئێمە داخڵی نێو زەین و خودێتیی کارەکتەرەکان دەبین

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

 *ئەم دیدارە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر کە لە داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە.

 زاموا محەمەد، لە دایکبووی سلێمانی، دەرچووی بەشی کۆمەڵناسییە. تا ئێستا دوو بڵاوکراوەی هەیە، بەناونیشانەکانی” لەرزی عەرش و لەرزی باغ” کە بەرهەمێکی شیعرییە و لەگەڵ بەرهەمێکیتر”مانگ بووە بەژێر لۆچەکانی هەورەوە” کە کۆمەڵەچیرۆکێکە. دووجار خەڵاتی کەرنەڤاڵی گەلاوێژی جارێک بۆ شیعر و جارێک بۆ چیرۆک وەرگرتووە.

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەرەوەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی  کاریگەری دانەنانەوە.

ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و  ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر  بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت. چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین. لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی،  لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا،  ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا. ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟ بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە. تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟ قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە  بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت.

چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت.

ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

زاموا محەمەد: سەرەتا، بۆ لادانی تێکەڵی و لێکئاڵۆزکانێک کە دەشێ لەم باسەدا بێتە سەر ڕێ، من پێم باشە هەریەک لە “چیرۆک” و “حیکایەت” لە یەکدی بترازێنم، کە لە دەستپێکی خستنەڕووەکەی تۆدا بە یەک ناو(چیرۆک) ئاماژەیان پێ دراوە، لە کاتێکدا کە ئەمانە دوو بوونەوەری کولتووریی جودان. هەروەها، لە خوارەوە بە دوو هەنگاو و دوو جۆری جیا باس لە حیکایەت دەکەم: سەرەتا و لەم بەشەدا وەک فۆڕمێکی کولتووری، دواتر و لە بەشی داهاتوودا وەک ژانرێکی ئەدەبی.

وەک فۆڕمێکی کولتووری، بە گشتی، حیکایەت گێڕانەوەیەکە کە مەرجە بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە دەنگێکی ڕاستەوخۆوە بێت یان نا، وێنەدانەوەی بارودۆخی زیاتر لە تاکێک، یان هەڵگری نیگای زیاتر لە تاکێک بێت؛ بگرە ئەو ئیمتیاز/دەرد و تۆنە نوێیەی ژیان و دونیابینی کە بە تاکگەرایی(فەردانیەت) ناوی دەبەین، مەرج نییە لە حیکایەتدا جێی ببێتەوە، یان بیبینینەوە. لەم بارەی دەربڕیندا مرۆڤایەتی دەیەوێت لە گێڕانەوە و بەسەرهاتێکدا هەموو خۆی، یان زۆرترین بەشی خۆی دەرببڕێت. لە حیکایەتدا هەردەم شتێک هاوچەشنی ئەوەی دۆرکهایم پێی دەگوت “کۆویژدان” –بەڵام کۆویژدانێکی کەونارا یان تەواو ئابستراکت-، یان شتێک نزیک لە “نەستی دەستەجەمعی”ی نێو دەروونشیکارییەوە هەردەم ئامادەیە؛ مرۆڤایەتی بە کۆت و ڕێساکانیەوە، بە گومانەکانیەوە، بە ترس و ڕاڕایی و تاسە و چەپێنراو و حەرام و خەونەکانیەوە ئامادەیە.

ئێمە ساڵانێکی زۆر لە پێش کڵاوسوورەوە ترساوین لەوەی گورگێک خۆمان، یان نەنکمان لووش بدات؛ ساڵانێکی زۆر لە پێش کڵاوسوورەوە وێنای خۆمانمان کردووە کاتێک ورگی گورگێک هەڵدەدڕین و نەنکمانی لێ دەردەهێنین، یان کاتێک لە ناو سکی گورگێکداین و فریادڕەسێک بە هەڵدڕینی ورگی، دەرماندەهێنێت و ڕزگارمان دەکات؛ دەمێکە بە خۆمانمان گوتووە کە نابێت متمانە بەو نەنکەمان بکەین کە تەواو لە نەنکمان ناچێت(یان سڵ لەو وێنەدانەوەیە بکەینەوە کە ناچێتەوە سەر وێنەکە، ئەو سێبەرەی لە تەن ناچێت، ئەو وشەیەی ئاماژە نییە بۆ خودی شتەکە و هتد…). ساڵانێکی زۆر بەر لە شەوی ئاهەنگەکەی سەندرێللا، ترساوین لەوەی کەوشی چارەنووس/داهاتوو بۆ پێی ئێمە نەبێت؛ یان خەنی بووین لەوەی پێمان بچێت بە کەوشی چارەنووس/داهاتوودا. دەشێ تاهەتایە ئێمە لە نێوان دوانەی من-ئەوی‌تر/شاجوان-دڕندەدا ئەمدیو و ئەودیو بکەین … ڕێکەوت نییە کە زۆرینەی نەتەوەکان ئەم حیکایەت و بەسەرهاتانەیان لە قاڵب و موفرەداتی تایبەت بە خۆیاندا داڕشتووە و گێڕاوەتەوە.

لە حیکایەتدا زۆربەی جار –ئەمە گەر هەموو جارێکیش نەبێت- ئەوەی دەگێڕێتەوە دەنگێکی پێغەمبەرانەی هەموو‌شت‌زانە، لە گەرووی کەسی سێیەمەوە تەنیا ئەوە باس دەکات کە خۆی دەیەوێت، یان خۆی هەڵیبژاردووە، بە شێواز و ڕیتمێکەوە هەماهەنگ لەگەڵ میزاج و باری نەزانراو و نادیاری خۆیدا کە ئێمە ڕێمان پێ نادرێت پەیی پێ ببەین. گێڕەرەوەی حیکایەت خودا، پێغەمبەر، چاوساغ، پێشینان یان داپیر و باپیرانن کە لە ئێمە هۆشیارترن و خەریکن پەند، مانا و فەلسەفەیەکمان پێ ڕابگەیەنن قووڵتر لە خۆمان و ئێمەیش ئەرکمانە ئەم ڕاگەیەنراوە بڵێینەوە و بنووسینەوە و بگەیەنین تا کۆتایی کات. ئەوانەی حیکایەت بەسەرهاتەکانیان دەگێڕێتەوە –واتا پاڵەوانەکان-، جا لە حیکایەتی ئایینی و ئەفسانەییدا بێت یان فلۆلکلۆر، جەوهەر و زەینییەتیان بۆ ئێمە ڕوون نییە و ناتوانین وەک خوێنەر –یان بیستەری حیکایەت- بچینە نێو دەروون و خودێتییانەوە، چونکە ئەوان پاڵەوان و بوونەوەری باڵان، یان لانی کەم جیاوازن لە ئێمە و سەر بە نەزمی واقیع و ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمە نین (پێچەوانەی ئەمەشە لە چیرۆکدا ڕوودەدات، کە تێیدا بە هۆی ئامادەگیی کەسێتیی واقیعی و کۆمەڵگایەکی ئاشناوە، ئێمە داخڵی نێو زەین و خودێتیی کارەکتەرەکان دەبین. دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەمە).

کەواتە ئەوەی حیکایەت ڕایدەگەیەنێت، نەمری و هەرمانی دەبێت تا کۆتایی و تا ئەودیو کات بڕوات. ئێمە وەرگر و گەیەنەریشین بۆ ئەم ڕاگەیەنراوە؛ گوتاری نێو حیکایەت هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ پاشینانیشمانە. هەر لەبەر ئەمەیشە کە حیکایەت لە قووڵایی فەلسەفە، ئەفسانە و ئوستوورە و ئایینیشدا پێی خۆی داکوتیوە. حیکایەت کاری بە ئەبستراکت و بیرۆکەی باڵاوە هەیە، فەلسەفە و ئایین و ئەفسانە و ئوستوورەیش گۆڕەپانی گەورە و هەرماوی دەربڕینە ئابستراکتەکان و بیرۆکە باڵاکانن(هەڵبەت خوێنەری هۆشیار دەزانێت کە لێرەدا بە باڵا من مەبەستم لە پلەبەندیی بەها نییە، بەڵکو تەنیا وەرگێڕانێکی دوورە بۆ ئایدیاڵ/یونیڤێرساڵ). کەش و بارودۆخی نێو حیکایەت، هەمیشە کەش و بارودۆخێکی خەیاڵی و غەرائیبییە. بەسەرهات و گوتراوی بوونەوەرانێکە باڵاتر لە ئێمە، هەرگیز سەر بە داڕشتە و شێوازی هەژارانە و ئاشنای واقیعی هەژار و سادەی ئێمە نابێت.

بە حیکایەت، من مەبەستم لە هەر جۆرە فۆڕمێکی گێڕانەوەی نووسراو یان زارەکیی کورتە کە “چیرۆک” نەبێت بە مانا نوێیەکەی. ئەمە حیکایەتی نێو دەقە ئایینیەکان، حیکایەتی نێو ئەفسانە و ئوستوورەکان و ئەو حیکایەتانەیش دەگرێتەوە کە بناغەی سرووتە دێرینەکانن، یان پاشماوەی سرووتە دێرینەکانن. هەروەها، لە ژێر چەتری ئەم ناوەدا حیکایەتی فۆلکلۆری(Skazka)ی ڕووسی هەیە، کە باشترین و کلاسیکیترین توێژینەوەی تیۆریی لە بارەیەوە، مۆرفۆلۆجیاکەی فلادیمێر پرۆپە. هاوتای ئەوروپیی ئەم شێوە گێڕانەوەیەی نێو فۆلکلۆر، ئەوەیە کە لە ئینگلیزیدا پێی دەگوترێت(fairytale) … چ سازاکا، چ فەیری تەیڵ و شێوەکانی تری فۆلکلۆر، وەک خۆیان بێت یان لە ڕێی تەوزیفکردنەوەیانەوە لە ئەدەبی نووسراودا، یان لە ڕێی لاساییکردنەوەیانەوە لە ئەدەبی نووسراودا، لەمڕۆی تیۆریی ئەدەبدا ژانرێکیان بۆ تەرخانکراوە و تێیدا پۆلێن دەکرێن، بەم ژانرە دەڵێین فەنتازیا(fantasy) –هەڵبەت ئەمە نابێت لەگەڵ فەنتاستیکدا تێکەڵاو بکرێت، مەبەستم لەو دۆخە ئەدەبییەیە کە تزڤێتان تۆدۆرۆڤ باسی دەکات-.

گێڕانەوە و بەسەرهاتەکانی نێو ئایین، ئەفسانە و سرووتە دێرینەکانیش، لە پاڵ بەرهەمەکانی فۆلکلۆردا دەچنە ژێر چەتری ئەو ناولێنانەی حیکایەتەوە کە باسم کرد. مەسەلەکە بە تەنیا دانانی ئەمانە نییە لە ژێر چەتری یەک ناولێناندا. ئەمانە تەنیا هاوپۆل نین، بەڵکو نزیکی و تێکەڵاوییەکیش لە نێوانیاندا هەیە. نزیکی و تێکەڵاوییەک کە بونیادگەریی کلاسیکی دەمێکە پێی گوتووین بەرهەمی ڕێکەوت نییە و مانایەکی هەیە. “لە سەرهەڵدانیدا فۆلکلۆر دەشێ بەشی ناوەکیی سرووتێک بێت. بە نەمان یان پاشەکشەی ئەم سرووتە، فۆلکلۆر لێی جیادەبێتەوە و ژیانێکی سەربەخۆ دەژی”، وەک فلادیمێر پرۆپ دەنووسێت. ئەمە زۆر نزیکە لە هەوڵەکەی نێو کتێبی “چڵی ئاڵتوونی”ی جەیمس فرایزەرەوە، بۆ بەستنەوەی سەرهەڵدانی هونەر –بە تایبەت شانۆ- لەگەڵ مومارەسەی سرووتە ئایینیە دێرینەکاندا.

سەرباری ئەوەی جۆرەکانی گێڕانەوەی ژێر چەتری حیکایەت، بە ئایینی و ئەفسانەیی و سرووت و فۆلکلۆرەوە، تێکەڵاون و بە چەندین تۆڕی پێوەندیی کۆمەڵایەتی و دەلالی پێکەوە بەستراون، خودی حیکایەتەکانیش تاک بە تاک وابەستەی یەکن و لێکچوون و دووبارەکردنەوەی سەرنجڕاکێشیان تێدا هەیە. با سەرنجت بۆ شتێک ڕابکێشم کە لە ماوەی پێشوودا، لە کاتی خوێندنەوەدا بەرچاوم کەوت:

لە شێوەی نێو “توحفەی موزەفەرییە”ی “مەم و زین”دا ئیبراهیم پادشای یەمەن هیچ کوڕی نابێت، بۆیە لەگەڵ وەزیرەکەیدا دەچنە ماڵی خودا. خودا وەیسەلقەرەنیی ماهیدەشتییان بە دوو سێوەوە بۆ دەنێرێت. دەبێت بگەڕێنەوە ماڵ و هەریەکیان لەتێک لە سێوی خۆی بخوات و لەتەکەی دیکەی بدات بە ژنەکەی -گەرچی ئەمە مەبەستەکەم نییە، بەڵام تۆ دیققەتی لێکچوونی ئەم مۆتیفە و مۆتیفە هاوشێوەکەی بدە لە حیکایەتی “کوڕەلەتە”دا-، ئنجا سەرجێیی بکەن و منداڵیان ببێت؛ سەرجێیی دەکەن و پادشا و وەزیر مەم و بەنگینیان دەبێت. بەنگین و مەم تاقانە و خۆشەویستن، پەروەردە دەکرێن و دەبرێنە خان بۆ خوێندن، بەبێ ئەوەی بهێڵن دونیا ببینن و بزانن شەو و ڕۆژ چییە. نیوەڕۆیەکیان لە خان سەروپێ لێدەنرێت و دەهێنرێت بۆ مەم و بەنگین تا بیخۆن، دەیخۆن و دەست دەکەن بە یاریکردن بە ئێسقانەکانی، ئێسقانێک هەڵدەدەن و بەر شووشەی پەنجەرەکەیان دەکەوێت، دەشکێت؛ جا لەبەر ئەوەی ئێمە خەریکین بەر یەکێک لە جوانترین ڕووداوەکانی نێو ئەدەبی گێڕانەوەی خۆمان بکەوین، گوتنەوەکەی خۆم دەوەستێنم و دەقەکەت بۆ دەنووسمەوە، تاکو چێژ لەو پەرجووە ببینین: “شووشەی شکان؛ {ئێسقان} چووە دەرێ. تیشکی ڕۆژێ هاتە ژوورێ؛ ئەستەغفیروڵڵا! گوتیان: (ئەوە خوڵایە). مامۆستای وان لەوێ نەبوو هەر ئامێزیان لە تیشکەی وەردەهێنا؛ بۆیان نەدەگیرا. مامۆستا هاتەوە، کاکە مەم و بەنگینە گوتیان: (مامۆستا خوڵا هاتۆتە نێو ئەمە). مامۆستا گوتی: (ڕۆڵە، ئەوە خوڵا نییە؛ ئەوە شەمس و قەمبەرن…” –گەرچی تێدەگەم نابێت لە بەراورد و نزیکخستنەوەدا زۆر دوور بکەومەوە، بەڵام تۆ پرسی زانین/خۆر/جیهانت لەم حیکایەتەدا و لە حیکایەتی ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتووندا لەبیر بێت-. ئیدی لێرەوە حیکایەتەکە بەرەو ئەو خاڵە دەڕوات کە تۆدۆرۆڤ پێی دەڵێت “دۆخی ناهاوسەنگی”: مەم داوای بینینی دونیا دەکات. باوکی داوای مۆڵەتی حەوت مانگی لێ دەکات، تاکو کۆشکێکی بۆ درووست بکات و تێیدا نیشتەجێی بکات؛ “بورجی بەڵەک”ی بۆ درووست دەکات و مەم دەچێتە ناوی. پەری لە ئاسمانەوە دادەبەزن، دەبێتە مشتومڕیان کێ لە مەم جوانترە؟ یەکیان پێی وایە زین. بڕیار دەدەن بیانبەنە کن یەک و بەراوردی جوانییان بکەن؛ ئیدی زین بە نوستوویی دەهێننە لای مەمی نوستوو، بە نوستوویی و لە تەنیشت یەکەوە، بەراوردی زەریفی و جوانییان دەکەن.

هەمان شێوە، لە حیکایەتێکی “هەزارویەک‌شەوە”دا شا شەهرەمان تاقانەیەکی دەبێت کە ناوی قەمەرولزەمانە. شەهرەمان دەیەوێت ژن بۆ کوڕەکەی بهێنێت، بەڵام کوڕەکەی نایەوێت و حەزی بە ژن نییە. ئیدی وەک سزایەک، شەهرەمان کوڕەکەی لە بورجێکدا زیندان دەکات (بڕوانە هەمان شێوازی مەم و زین بۆ چوونە نێو دۆخی ناهاوسەنگییەوە: لادان لە ویستی باوک و بورج). ساڵ دێت و ساڵ دەڕوات، مەیموونەی پەری و دەحناشی عیفریت دەبێتە مشتومڕیان کە قەمەرولزەمان جوانترە یاخود کچی پادشای چین، کە ئەمیشیان شازادەیەکی نازدار و جوانە و نایەوێت شوو بکات. کچەی شازادە بە نووستوویی دەهێنن بۆ لای قەمەرولزەمان و بەراوردیان دەکەن؛ خەبەریان دەبێتەوە، وەک چۆن مەم و زین لە تەنیشتی یەکەوە خەبەریان دەبێتەوە، ئیدی هەردوو حیکایەتەکە بەردەوام دەبن.

لە هەریەک لە “مەم و زین” و “قەمەرولزەمان”دا، دوو پەریەکە و پەری و عیفریتەکە، بە پێی زمانی پرۆپ، جۆرە کەسەیاتییەکی درامین کە پێیان دەگوترێت “گوێزەرەوە”. ئەرکی ئەم جۆرەی کەسایەتی، بەدیهێنان یان یارمەتیدانی چەند جووڵەیەکە لە هەر گرێچنێکدا، پرۆپ بەم جووڵانە دەڵێت “وەزیفە”؛ بە پێی پرۆپ سیویەک جۆر وەزیفەی جیاجیا لە حیکایەتی فۆلکلۆریدا هەن. چ گواستنەوەی زین و چ گواستنەوەی شازادەکەی چین لە لایەن عیفریتەکە و پەرییەکانەوە، سەر بە وەزیفەی ژمارە ٩ی تیۆریەکەی پرۆپن: “گواستنەوە؛ ئەو ڕووداوەی پێوەندی درووست دەکات”.

بەراورد و نزیکخستنەوەی ئەم دوو حیکایەتە و چەندین حیکایەتی دیکەیش کارێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە، وەک چۆن پڕۆژەیەکی تۆکمە و بونیادگەریانەی گێڕانەوەناسییش، بۆ توێژینەوەی ئەدەبی کۆنی خۆمان گرنگ و سەرنجڕاکیش دەبێت، بەڵام من هیچیان بە ئەرکی خۆم نازانم لێرەدا. بۆیە ئەم باسەی کە کردمەوە، ڕایدەگرم. مەبەستی من لەم نموونەیە، تەنیا ئەوە بوو کە خستنەڕوویەکی کورت بۆ پێوەندی و لێکئاڵۆزکانی فۆلکلۆر و حیکایەتەکانی ناوی بکەم، لە نێو کلتوورێک و لە کلتوورە جیاجیاکانیشدا، وەک چۆن پێشتر باسم لە پەخشبوون و بڵاوبوونەوەی حیکایەت کرد لە بوارە جیاجیاکانی کولتووری مرۆییدا، لە ئایین و ئەدەب و فۆلکلۆر و ئەوانی دیکەدا.

ئەمە شتێکە بۆ حیکایەت شیاو و لواوە، بەڵام بۆ چیرۆک ناچێتە سەر. لەبەر ئەوەی حیکایەت، وەک فۆڕمێکی کولتووری، دانەر و نووسەرێکی نییە، بەڵام چیرۆک بە زەروورەت دەبێت نووسەر و دانەرێکی هەبێت. بابەتەکە دۆزی سادەی خاوەندارێتی و بێخاوەنی تێدەپەڕێنێت: چیرۆک دەقێکە و نووسراوە، بەڵام حیکایەت شتێکە پێشتر گوتراوە، ئیدی هەرچەندێک لەمڕۆدا ئێمە لێی بکۆڵینەوە و بینووسینەوە. لە چیرۆکدا نووسەر و خوێنەر هەن، بەڵام لە حیکایەتدا زۆربەی جار ئەم دوو بکەرە دەگۆڕێن، دەبنە بوێژ(حیکایەتخوان) و گوێگر. ئەم چوار فیگەرە لە زۆر ڕووەوە لە یەکدی جیاوازن. سەبارەت بە خوێنەر، ئێمە جەخت لەسەر خوێندنەوەی داهێنەرانە دەکەین، هەر زوو باسی بارت و “مەرگی دانەر”ەکەی دەکەین. داوا دەکەین خوێنەر بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانەوەی دەقدا، یان “ئەوەی وشەکانم دەخوێنێتەوە، ئەوا خۆی دایاندەهێنێت”، وەک بۆرخیس نووسیوێتی. ئەمە لە کاتێکدا کە حیکایەت هیچ نووسەرێکی نییە تاکو بمرێت. ئەوەی هەیە نەگۆڕی نێو دەقێکی ئایینە و نکۆڵی لەوە دەکات نووسەرێکی هەبێت، یان پاشماوەیەکی زارەکییە و حیکایەتخوانێک بۆمانی دەگێڕێتەوە، یان لێکۆڵەرەوەیەک تۆماری کردووە و نووسیوێتیەوە، یان نووسەرێک تەوزیفی کردووە. ئەوەی سەرنجڕاکیشە، ئەوەیە کە ئەو داهێنەرییەی خوێنەر لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی مانای چیرۆکێکدا دەشێ پێی هەڵسێت(لادانی دانەر و کرانەوەی ئاسۆکانی دەق بۆ نمونە)، لە حیکایەتدا حیکایەتخوان پێی هەڵدەستێت؛ ئەو هەرگیز حیکایەتەکەمان وەک خۆی بۆ ناگێڕێتەوە، هەرگیزیش حیکایەتەکە وەک خۆی بۆ ئەو نەگێڕراوەتەوە، هەرگیزیش ئێمە حیکایەتەکە وەک خۆی ناگێڕینەوە، پاش ئەوەی بۆمان دەگێڕرێتەوە.

من نامەوێت بڵێم چیرۆک بوونەوەرێکی جێگیر و مردووە و حیکایەت جووڵاو و زیندوو، بەڵام پرسی حیکایەت وەک سەرهەڵدان دەبێت “ببەسترێتەوە بە زمانەوە، نەک بە ئەدەبیاتەوە؛ زمان کە داهێنانی هیچ کەسێک نییە و نە دانەر و نە چەند دانەرێکیشی هەیە”، وەک پرۆپ دەنووسێت. هەر ئەم بێخاوەنییەیشە کە حیکایەت شیاو دەکات لەو هەموو شوێنەدا و بە درێژایی ئەو هەموو ماوەیە و بەو هەموو ڕوخسارە جیاجیایەوە ئامادەگیی هەبێت.

پاش ئەم ڕوونکردنەوانەیە و پاش ترازاندنیەتی لە چیرۆک، کە شیاو دەبێت بڵێین حیکایەت “چووەتە ناو فەلسەفەوە و بەرەو ئایین چووە و سەروەتی ئایینە”، وەک خۆت لە سەرەتای خستنەڕووەکەتدا نووسیوتە … بەڵام ناچارین لەمەیش وردبینتر بین: ئێمە باسی حیکایەتمان کرد وەک بەشێک لە جەستەی فۆلکلۆریی نەتەوەیەک لە پاڵ نەتەوەکانی دیکەدا، هەروەها وەک پێکهێنەرێکی دەقی ئایینی، ئەفسانەیی و ئوستووری. سیاقێکی دیکە هەیە کە نابێت لێی غافڵ ببین: مەبەستم لە باسکردنی حیکایەتە وەک فۆڕمێکی ئەدەبی، یان وەک ژانرێک. بەشی داهاتووی نووسینەکە تەرخانی ئەم پرسە دەبێت…

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا