چۆن خەونەکەی سەدام حسێن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لەباربرا؟

ئەم بابەتە 63 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس

بەمدواییانە چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی عێراق بڵاوکرانەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکرا، رەنگە ئەو هێرشە ئاسمانییەی ساڵی 1981 لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایەسەر وێستگەی ئەتۆمی عێراق، نیازەکانی سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی زیادکردبێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئیسرائیل لە 7ی حوزەیرانی 1981 بۆسەر عێراق لەژێر ناوی “ئۆپێرا” ئەنجامیدا، تیایدا لەڕێی چەندین فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشکرایەسەر وێستگەی ئەتۆمی “ئۆزیراک” کە بە وێستگەی “تەمموز”یش ناودەهێنرا و 17 کیلۆمەتر لەباشوری رۆژهەڵاتی بەغداوە دوور بوو.

لەوکاتەدا چەند فڕۆکەیەکی جەنگی بەشێوەیەکی نهێنی دزەیانکردە عێراق بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو وێستگە ئەتۆمیە کە لەلایەن ئەندازیارانی فەڕەنسا و ئیتاڵیاوە لەعێراق دامەزرابوو، لایخۆیەوە حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، “ئەو وێستگە ئەتۆمییە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دامەزراوە، ئەمەش پاڵنەر بووە بۆ لێدانی پێشوەختە لەلایەن ئیسرائیلەوە”.

بەپێی زانیارییەکانی “ئەرشیفی ئاسایشی نیشتیمانی” کە دامەزراوەیەکی قازنج نەویستە و بارەگاکەی لە واشنتۆنە، “ئیسرائیلییەکان وتوویانە ئەم هێرشە بەشێوەیەکی کاریگەر بەربەستی بۆ نیازە ئەتۆمییەکانی عێراق دروستکردووە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لەچاودێرانی ئەم دۆسیەیە دەڵێن، بەپێچەوانەوە، ئەم هێرشە زیاتر عێراقی هاندا بۆ هەڵبژاردنی بژاردەی چەکی ئەتۆمی”.

ئەو بەڵگەنامانە چەند تەلەگرافێکیان لەخۆگرتووە کە لەکۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی “سی ئای ئەی”ەوە نێردراون و تیایدا کارلێکە دیبلۆماسی و سیاسییەکانی پێش هێرشەکەی ئیسرائیل روونکراونەتەوە.

فەڕەنسییەکان جۆرێک یۆرانیۆمیان بەعێراق فرۆشتووە کە شیاوی بەکارهێنان نەبووە و بێسود بووە

یەکێک لەتەلەگرافەکان ئاماژە بە کۆبوونەوەیەک دەکات کە لەرۆژی 25ی تەمموزی 1980 لە پاریس ئەنجامدراوە و تیایدا دیبلۆماتراکانی ئەمریکا و بەرپرسێکی باڵای فەڕەنسا لەبواری رێگریکردن لەپەرەسەندنی ئەتۆمی بەشداربوون و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی گۆڕینی ئەو بارە یۆرانیۆمەی بڕیاربووە بنێردرێت بۆ عێراق، بەجۆرێک کە شیاو نەبێت بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

بەپێی ئەو بەڵگەنامە نهێنییانە، هەر جارێک رێگەدراوە یەک بار یۆرانیۆم بگوازرێتەوە بۆ وێستگە ئەتۆمییەکەی عێراق، بەو مەرجەی فەڕەنسییەکان لەوێستەگەی ئۆزیراک بن و تەکنیککارانی فەڕەنسا لەکاتی گواستنەوەکەدا چاودێری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بکەن.

هەر لەمانگی تەمموزی ساڵی 1980 سام لویس، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ئێدمۆند موسکی وەزیری دەرەوە و جیمی کارتەری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکای ئاگادارکردەوە لەوەی لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆی دەرکەتووە ئیسرائیلییەکان بەنیازی هێرشی پێشوەختەن.

ئەو دامەزراوەیەی ئەم تەلەگرافانەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، روون نییە ئیسرائیلییەکان ئاگادارکراونەتەوە لەرێوشوێنە نهێنییەکانی فەڕەنسا بۆ رێگریکردن لەبەرنامەی چەکی ئەتۆمی عێراق، بەڵام لەوکاتەدا لویس، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکانی عێراق شکست بەئاشتەوایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت.

هەر جارێک رێگەدراوە یەک بار یۆرانیۆم بگوازرێتەوە بۆ وێستگە ئەتۆمییەکەی عێراق، بەو مەرجەی فەڕەنسییەکان لەوێستەگەکە ئامادەبن

لەسەروو ئەمانەش لەبەڵگەنامەیەکی دیکەدا باس لەوەکراوە، ئەمریکییەکان لەدڵەڕاوکێدا بوون لەبارەی ئەوەی وەبەرهێنەرانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا چەک بە عێراق بفرۆشن، هاوکات، ترسی ئەوەیان هەبوو ئیتاڵیا تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەتۆمی بۆ عێراق پێشنیازبکات.

بەپێی بڵاوکراوەکان، بەرپرسان و زانایانی عێراق حەزی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیان هەبووبێت یاخود نا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر لەدڵەڕاوکێدا بوون بەتایبەتی لەمیانی ساڵی 1979 بۆ 1980 دەترسان لەوەی مامەڵە ئەتۆمییەکانی فەڕەنسا و عێراق لەلایەک و ئیتاڵیا و عێراق لەلایەکی دیکە، یارمەتیدەر بن لەوەی عێراق چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێرانیش، هێزە چەکدارەکانی عێراق چوونە وێستگەی ئۆزیراک و ئەمەش مەترسییەکانی زیاتر کرد، بەجۆرێک لەیەکێک لەتەلەگرافەکاندا پرسیاری ئەوە کراوە، هێشتا بەرپرسانی فەڕەنسا لە وێستگە ئەتۆمیەکەدا ماون؟ توانای بەدەستهێنانی سوتەمەنیان هەیە؟ دۆخی سوتەمەنی چۆنە؟

لەبەڵگەنامەکاندا ئاماژە بە دڵەڕاوکێی بەرپرسانی ئەمریکا کراوە بەرامبەر بەوەی چۆن عێراق جیهان دەگەڕێت بۆ دەستکەوتنی ماددەی ئەتۆمی هەستیار.

لە 17ی ئابی ساڵی 1981دا ئەوەش بڵاوکراوەتەوە، رەنگە ئەو بۆردومانەی ئیسرائیل بۆسەر وێستگەی ئۆزیراک، بۆماوەیەکی کاتی بەرنامەی ئەتۆمی عێراقی سەرکوتکردبێت بەتایبەت لەڕێی سنوردارکردنی توانای گەیشتن بە پاڵپشتی دارایی و تەکنەلۆجی، بەڵام ئەم بۆردومانە بووەهۆی ئەوەی گرنگیپێدانی عێراق بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی زیادبکات.

بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە لەکاتێکدایە، ئیسرائیل لەئێستادا دژی هەوڵەکانی دووبارە زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و چەند وڵاتێکی زلهێزی جیهانە و لەڤیێناش دیالۆگەکانی ئەم دۆسیەیە بەردەوامی هەیە.

البرنامج النووي العراقي.. طموح قاتل يدفع ثمنه العراق باهظا | | صحيفة العرب

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک