پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك دەڵێت، كورد دەرفەتێكی باشیان بۆ هاتبووە پێشەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدەن یان گۆڕانكاریی لە سەرەكیترین پۆستی ئیداری پارێزگای كەركوك بكەن، كە ئەویش پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، بەڵام ململانێكانی نێوان حزبە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا وایكرد رێگرییان لێ بكرێت بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
حاتم تائی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی كوردستانی نوێ لەبارەی گلەیی پێكهاتەی كورد لە دوورخستنەوەیان لە پۆستەكانی ئەو پارێزگایە دەڵێت: سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئیدارەی پارێزگاكە نابێت كورد لۆمەی هیچ كەس و لایەنێك بكات، كورد دەرفەتێكی باشیان بۆ هاتبووە پێشەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدەن یان گۆڕانكاریی لە سەرەكیترین پۆستی ئیداری پارێزگاكە بكەن، كە ئەویش پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، بەڵام ململانێكانی نێوان حزبە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا وایكرد رێگرییان لێ بكرێت بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك وتیشی: دوای لابردنی پارێزگاری پێشووی كەركوك خوالێخۆشبوو دكتۆر نەجمەدین كەریم، هیچ بژاردەیەك لەبەردەمدا نەبوو جگە لەوەی جێگری پارێزگار دیاری بكرێت بۆ ئەوەی ئیدارەی پارێزگاكە بەڕێوەببات، بۆیە راكان سەعید جبوری جێگری پارێزگار ئەركی بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت پێ راسپێردرا، كەواتە هیچ جۆرە سەنگەرلێگرتن یان پۆست لێسەندنەوە یان پەراوێزخستنی هیچ لایەنێك رووی نەداوە.