پۆڵەتیک پرێس
پێش ئەوەی هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق هەنگاوبنێن بەرەو پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هەڵبژاردنەکان، رەوتی سەدر دەستیکرد بەدانوستان و دیالۆگەکانی و بۆ ئەم مەبەستەش بەرەو هەرێمی کوردستان هەنگاوینا.
رۆژی سێشەممەی رابردوو شاندێکی رەوتی سەدر کە پێکهاتبوو لەحەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نەسار رەبیعی، سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر و ژمارەیەک پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون سەردانی هەرێمیان کرد و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە کۆبوونەوە و چاویان بە ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی حزبەکان کەوت و لەگەڵیاندا تاوتوێی دۆسیەی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد.
بەشێک لەچاودێران ئەم سەردانەی رەوتی سەدر والێکدەدەنەوە، کە بەشێکە لەجوڵەکانی ئەو رەوتە سیاسییە بۆ بەدەستهێنانی هاوپەیمان لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
لەبارەی لێکنزیکی رەوتی سەدر و حزبە کوردییەکان، ریاز مەسعودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون باس لەوەدەکات، پڕۆژەیەکی سیاسی بوونی هەیە و هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لەپێکهێنانی فراکسیۆنێکی سیاسی کە لەتوانایدابێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێکبهێنێت.
وتیشی، رەوتی سەدر تێڕوانینێکی سیاسی گرنگە و بنەمای جەماوەری و شەعبی هەیە، جگە لەمانەش ئەم رەوتە ماوەی دوو ساڵە کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی سیاسی نیشتیمانی عێراقی دەکات.
هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لەپێکهێنانی فراکسیۆنێکی سیاسی کە لەتوانایدا بێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێکبهێنێت
بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە بەشێکی ئەم پڕۆژەیە چاکسازی پڕۆسەی سیاسییە و ئەم چاکسازییەش لەڕێی لێکتێگەیشتنی راستەقینە لەگەڵ زۆرینەی دەنگە سیاسییەکان بەدیدێت، وتیشی، “سائیرون هێڵی سوری لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە و ژمارەیەک هێزی سیاسی هەن کە دەکرێت لێکتێگەیشتن لەگەڵیاندا بکرێت”.
ئەو دەڵێت، لەئەزموونە سیاسییەکانی پێشووتردا بەر پاشەکشەیەکی مەترسیدار کەوتین کە لەگەڵ بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقدا نەدەگونجا، بۆیە هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لەپێکهێنانی فراکسیۆنێکی سیاسی کە لەتوانایدا بێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و بەرنامەی حکومەت و تیمی وەزارەتی لێبەرهەمبێت.
لایخۆیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەر لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەشداری لەهیچ هاوپەیمانێتییەکدا بکات.
لەوبارەیەوە شێرزاد قاسم ئەندامی پارتی دەڵێت، شاندی رەوتی سەدر سەردانی هەرێمی کرد و چاوی بە سێ سەرۆکایەتییەکە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و چەند هێزێکی دیکەی هەرێم کەوت و لەمیانی سەردانەکەشدا تاوتوێی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دۆخی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەکە کرا.
بەپێی قسەی شێرزاد قاسم هیچ رێککەوتنێک لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانی لەنێوان رەوتی سەدر و پارتی نەکراوە، بەڵام تێڕوانینێک هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کارەکان و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
بیرۆکەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەنێوان پارتی و سەدر ناکۆکی ناوخۆی ناو رەوتی سەدری لێکەوتەوە
بیرۆکەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەنێوان پارتی و سەدر، ناکۆکی ناوەکی ناو رەوتی سەدری لێکەوتەوە و بەشێک لەبەرپرس و کەسانی نزیک لە سەدر ئەم بیرۆکەیەیان رەتکردەوە.
بەپێی قسەی یەکێک لەکەسە نزیکەکانی رەوتی سەدر، ژمارەیەک ئەندامی ئەو رەوتە بیرۆکەی هاوپەیمانێتییەکەیان رەتکردووەتەوە و بڕوایان وایە، “سەدر تێڕوانینێکی نیشتیمانی هەیە و ئامانجی عێراقێکی یەکڕیزە، بەڵام پارتی تێڕوانینی جوداخوازانەی هەیە و هەمووان ئەوە دەزانن”.
لەدوای راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لێدوانی سەرکردایەتی سیاسی ناو رەوتی سەدر رووی لەزیادبوون کرد و باس لەوەکرا، رەوتی سەدر دەیەوێت سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووی عێراق بەدەستبهێنێت.
بابەتی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایە سەدرییەکان لە 29ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو ئاشکرابوو، کاتێک سەڵاح عوبێدی، وتەبێژی رەوتی سەدر رایگەیاند، رەوتی سەدر دەیەوێت 100 کورسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
لایخۆیەوە عەلی غاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ئاماژە بەوەدەکات، کوردەکان بەشێکی گرنگن لەپڕۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام ناتوانین بڵێین لەئێستاوە و بەر لەهەڵبژاردنەکان هاوپەیمانێتی لەنێوان سەدر و پارتیدا هەیە.