فراتەکانی کوردایەتی بە کۆتا نایەن

ئەم بابەتە 123 جار بینراوە

ئەمیر مام والى

ساڵی (١٩٢٥)، کاتێک شێخ سەعیدی پیران شۆڕشی سەربەخۆی دژ بە تورکیا دەستپێکرد، لەو کاتەدا کوردێک بەناوی (فرات)، کتێبکی دژی کورد و شۆڕشەکەی شێخ سەعید دەرکرد. کە تیایدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد و ئەیوت کە ئەو ڕاپەڕینە خیانەتە، چونکە کورد لەئەسڵدا تورکن. ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی هەندێک لە کوردەکان بکەونە ژێرکاریگەری کتێبەکەو دژی شێخ سەعید هوتاف بکێشن.

هەر لەو سەردەمەشدا دەیان کوردی توکێندراو هەبوون کە بەخواستی مستەفا کەمال ئەتاتورک دژ بە کوردەکان خەباتیان دەکرد.
لەسەرەتاکانی دروستبونی پارتی کرێکارانی کوردستانیشدا هەڤاڵ حەقی قەرار کە بەڕەگەز تورکە یەکێک دەبێت لەدانەرانی بەردی بناغەی پەکەکە وەک فکر. هەڤاڵ حەقی قەرار لەساڵی ۱۹۷۷لە عەنتاب تیرۆر دەکرێت. سەرۆکی ئەو ڕێک خراوەشی کە تیرۆری کرد کوردێکی تورکێندراو بو بەناوی عەلائەدین قاپان، ناوبرا بەیەکەمین شەهیدی پەکەکەش دادەنرێت.

گەر ورد بینەوە لە مێژووی کورد، سەرەڕای شانازی بە شۆڕشەکانی باو باپیرانمانەوە، چەندین تک لە ئارەقی شەرمەزاری دەڕێژین بەهۆی ئەو کوردانەی کە وەک بەرەی کورد نەبوون ڕۆشتونەتە بەرەی نەیارانی کوردەوە. دووژمنانی کورد ئێستا لە ڕێگەی فراتەکانی ناو کوردەوە دەیانەوێت پرسی سەربەخۆی کورد و ئازادی کوردان بە خەون و خیانەت لێکبدەنەوە و نەوەی نوێ لەسەر دیدگایەکی تورکانە پەروەردە بکەن. هەر ئەوەشە کە بەچەندین کەناڵ و ماڵپەڕی جۆراو جۆرەوە دەیانەوێت ڕەوشتی ڕەسەنی کورد بە ڕەوشتێکی ناڕەسەنی تورک بگۆڕن. لەمکارەدا دەیان فراتی کورد لە دەیان ڕێگەی جیا جیاوە خەریکن و کار دەکەن، بە ئەستەم هەڵدەکەوێت حەقی قەرارێک لە ڕەگەزی دووژمن بێتە ڕیزەکانی کوردەوە، کەچی بەداخەوە ڕۆژانە بەدەیان فرات خۆیان تەسلیمی تورک دەکەن و شانازی بە تورکیایەکەوە ئەکەن کە سەرۆکەکەیان کورد بە گەلێکی خراپ دەزانێت و وتویەتی کوردی باش ئەو کوردەیە کە مردووە، ئەمە جگە لەوەی کە تورک لە ڕێگەی فراتەکانەوە دەیانەوێت پێمان بڵێن کە کورد نەوەی جنە و دەیان فەرموودەشیان بەناوی دینەوە دروست کردوە.

ئێمە دەبێت فراتەکانی ناوخۆ شەرمەزار بکەین و کەناڵ و کارەکانیان بایکۆت بکەین، تا لەو ڕێگەیەوە خەونەکانیان بۆ شێواندنی ئەقڵی تاکی کورد و تورکاندنیان لە گۆڕ بنێین. ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا کەسانێک بەقسەی فراتەکانی کوردایەتی کەوتونەتە جۆرێک لە پڕوپاگەندە دژ بە هێزە کوردییەکان و لەناویاندا پەکەکەش بە ئامانج گیراوە.فراتەکان دەیانەوێت بڵێن کە شوێنی پەکەکە باشور نیە، وەک ئەوەی لە بەناو شۆڕشەکەی سەرانی کورددا پێشمەرگە کوردستانی باکور و ڕۆژهەڵاتی بەکار نەهێنابێت.

بۆ هەندێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان داشۆرانێکی گەورەیە کە بوون بە سەرپەرەشتیکاری پیلانەکەی تورکیا، دەبێت حیزبەکان بیریان نەچوبێت کە چەند ساڵ لە ڕۆژهەڵات کوردستان بوون و لەوێ چۆن ڕێزیان لێگیرا. ئایا ئەوکات کوردێک هەبوو بڵێت ئێوە جێگەتان لە باشورە و بڕۆنەوە؟
ئایا حیزبەکانی هەرێم ڕۆژێک بە ئەنەکەسەیان وت بچۆرەوە ڕۆژاوای کوردستان و ئێرە جێی خەباتی ئێوە نیە؟

سیاسەتی دەبڵ مۆڕاڵی هەر ئەمەیە ئیتر.کارکردن بەم ئەقڵیەتە فراتیەوە خەتەرەیەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی کوردستان.
لەوکاتەی شۆڕشەکەی باپیرەگەورەمان سماییل ئاغای سمکۆ ( شکاک )، تێکشکێندرا دوای ماوەیەک توانی بگاتە سلێمانی، ئەوکات لە لایەن خەڵکی سلێمانی و مەلیک محموودی باپیرمانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و بەڕزگارکەری کورد ناوی برا.

هەتا بەم جۆرە لە ۱۰/ ٦/ ١٩٢٣ لە ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان بە مانشێتێکی گەورە نوسرابوو:
بەخێر هاتی خاوەنشکۆ
ئیسماعیل ئاغای سمکۆ.

حیزبەکانی هەرێمی کوردستان وەک ناتوانن مێژووی شێخانی بارزان و شێخ مەحموود بەرز ڕاگرن و شانازیان پێوە بکەن، لانیکەم با نەبنە فرات بۆ گیانی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕایگشتیان لەسەر چەواشەبکەن. هەمووان دەزانین کوردستان ماڵی غەیرە کوردێکە کە دۆستی کورد بێت چبگات بە کوردێکی دڵسۆز و کوردپەروەردا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک