مەسعود بارزانی هەڕەشە لە پەكەكە دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لەسەر رووداوەكەی چیای مەتینا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات هەڕەشە لە پەكەكە دەكات و دەڵێت، ئەوانەی تاوانی شەهیدكردنی پێشمەرگەكانیان ئەنجامداوە، بە سزای خۆیان دەگەن.

بارەگای بارزانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: رۆژی یەكشەممە 6ی حوزەیرانی 2021 مەسعود بارزانی لە رێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەوە كرد، كە لە 5 ی حوزەیرانی 2021 لە ئەركی ئاسایی خۆیان لە ئەنجامی هێرشی چەكدارانی پەكەكە شەهیدبوون.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بارزانی بە خانەوادەی ئەو شەهیدانەی راگەیاند، پرسەی ئەو شەهیدانە پرسەی منە و ئینجا هی ئێوەیە و ئەوەشی بۆ خانەوادەی شەهیدان دووپاتكردەوە، كە ئەوانەی تاوانی شەهیدكردنی پێشمەرگەكانیان ئەنجامداوە، بە سزای خۆیان دەگەن.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 5ی حوزەیران، لە چیای مەتینا لەسنوری پارێزگای دهۆك بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیاو هێزەكانی پەكەكە و هێزێكی پێشمەرگە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

هەڕەشەكانی مەسعود بارزانی دوای ئەوەدێت كە هێزەكانی پاراستنی گەل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئەو رووداوە بە چەكی ئەوان رووی نەداوە و داوای كرد شاندێكی سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا