ئایا پارتی و پەكەكە شەڕی نفوز دەكەن یان شەڕی بەوەكالەت؟

ئەم بابەتە 88 جار بینراوە

ئاری ئەحمەد

پارتی و پەكەكە وەك دوو هێزی ناسێونالیستی كوردی خاوەن ڕوئیا و ئایدۆلۆژیای جیاواز تەنانەت خاوەن بەرژەوەندی جیاوازن لەسەر خاكی كوردستان, لە ڕاستیدا هەم شەڕی نفوز دەكەن, وە هەم شەڕی بەوەكالەت. ئەگەر سەیر بكەین پەكەكە بەردەوامە لە فراوانكردنی سنوری جێوپۆلەتیك و جێۆستراتجی خۆی كە قووڵایی ستراتیجی سەربازی و سیاسی و ئابوری  پەكەكە كەوتۆتە قەندیل بەتایبەتی ناوچەی سێ سنور, پەكەكە لەم سێگۆشەیە سنوری توركیا و ئیران و عێراق دەبڕیت و گریلاكانی جوڵەپێ دەكات. وەهەروەها داگیركاریەكانی داعش دەرفەتی بۆ پەكەكە ڕەخساند كە لەغیابی هێزەكانی پارتی هاتنی داعش بۆ ئەم ناوچانە, پەكەكە هەنگاو بەهەنگاو نفوزی خۆی لەم ناوچە فراوانكرد و ریشەی خۆی لەناو دڵی ئیزیدیەكان داكوتا بەهۆی بەرخودانی شەنگال. وە ڕێگایەكی تر بۆ هێزە نزیكەكانی پەكەكە كرایەوە لە عێراقەوە بۆ سوریا.

 

پارتی نیگەرانە  لەو نفوزە زۆرەی پەكەكە و تەراتێنی هێزەكانی لەو ناوچەكەدا بە مەترسی جدی ئیستفزازكردن, وە بە سیاسەتێكی دوژمنكارانەی دەزانێت. كە پێش شەڕی داعش ئەم ناوچانە و خەڵكەكەی لە ژێر سیاسەت و دەسەڵاتی پارتی دابوون, ولائیان بۆ پارتی هەبوو. بەڵام ئیستا دۆخەكە پێچەوانەیە وجودی عەسكەری پارتی لە شەنگال نیە وە لەڕووی سیاسیەوە پاشكشەی سیاسی كردووە, بەپێچەوانەوە پەكەكە توانیویەتی هیزی چەكداری لە خەڵكی ئەم ناوچەیە دروست بكات, پەیوەندییەكانی بەهێز بكات لەگەڵ دەسەڵاتدارەكانی عێراق بەتایبەت قیادەكانی حشدی شەعبی سەر بە ئێران, دیارە ئەم لوعبەیە گەورەترە لە شەڕی نفوزی پارتی و پەكەكە, چونكە لەلایەك ئەم ناوچە دەكەێتە ستراتیجی سیاسەتی ئیران لە چوارچێوەی “هیلالی شیعی” وە لەلایەكی تریشەوە دەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی توركیا بۆ ویلایەتی موصل, ئەمە معادەلەیەكی نێودەوڵەتیە كە پارتی و پەكەكە وەك دوو هێز شەڕی بەوەكالەت بۆ ئەم دەڵەتانە دژی بەیەكتر دەكەن, بەكوردی لێرەدا شمشێری براكان گەردنی یەكتردەبڕێت.

 

توركیا مەبەستیەتی دەستی پەكەكە لەم ناوچە ستراتیجیانە ببڕێت, هانی پارتی داوە كە رێكەوتنامەی شەنگالی لەگەڵ عێراق ئەنجام بدات, كە هەموو خاڵەكانی ناو ڕێكەوتنامەكە دژایەتی پەكەكەیە, بەڵام رێكەوتنامەكە جێبەجینەكرا بەهۆی دەستێوەردانی ئێران, وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ئەم ناوچانە دەكەونە چوارچێوەی سیاسەتی ستراتیجی ئێرانی.

 

توركیا شەڕی بەوەكالەت بە پارتی دەكات لەناوچە سنوریەكانی توركیا, ژووری ئۆپەڕاسێۆنی هاوبەشی هەڵگری توركیا و پارتی دروستكراوە, كە توركیا ئامادەیە هاوكاری لۆجستی و مەیدانی پارتی بكات بۆ كۆنتڕۆلی ئەم ناوچانە, وەك ئەوەی ئیستا دەیبینین ناو بەناو پیكدانی دروستدەبێت لە بەینی گریلاكانی پەكەكە و پێشمەرگەكانی پارتی, سیاسەتی توركیا ئەوەیە كە پارتی ببێتە دیوارێكی عازل لە بەینی توركیا و پەكەكە بەمەش توركیا ئارامی سنور فەراهەم دەكات. وە هێزێكی لاوازی دەست كەلای خۆی لەناوچەكە جێگیر دەكات. توركیا پارستنی ئاسایشی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانی رێكەوتنامەی پەنجا ساڵەی  لەگەڵ حكومەتی هەرێم و بەرژەوەندی ئابوری و بازرگان لەگەڵ پارتی بەكاردەهێنت, لەلایەكی ترەوە پارتی گرنگی ئەم ناوچە ستراتیجە باش دەزانێت لەو ڕوانگەیەی ناوچەی سێ سنور یان سێ گۆشە گرنگیەكی یەكجار زۆر و ستراتیجی سەربازی و ئابوری و سیاسی هەیە بۆ هەر لایەنێك كە كۆنترۆڵی بكات.

 

وەكو ئاشكرایە كە ناوچەی سێ سنور فاكتەری ململانێی حزبە كوردیەكان بووە لە سەدەی ڕابردوو. نەوشیروان مستەفا دەلێت : گەورەترین هەڵەی یەكێتی بریتی بوو لە چۆڵكردنی ناوچەی سێ سنور كە دواتر كارەساتی هەكاری لێكەوتەوە, وە عەبدوڵا ئۆج ئالان رێبەری پەكەكە ئاماژە بەوە دەكات كە گەورەترین جەزرەبە قیادەموقەتە لە گریلاكانی پەكەكەی داوە كە لەم ناوچەیە بووە كە هەرگیز دوژمن نەیدەتوانی جەزرەبەی ئاوا كوشندەیان لێبدات, بۆیە پەكەكە شەڕی سەختی مانەوە و بەرگریكردن لەم ناوچانە دەكات.

 

چونكە ئەگەر پارتی و توركیا بتوانن ناوچانە لەدەستی پەكەكە دەربهێنت ئەوا پەكەكە لاواز تەریك دەكات دایدەبڕیت لە دنیای دەرەوە, ئەوكاتە تاكە مەنفەزی پەكەكە ئیران دەبێت. وە پارتی دەرباز دەبێت لەو باجە زۆرملێیەی پەكەكە لەسەر جوڵەی بازرگانی دایدەنێت لە سنورەكە. وە هەڕەشەكانی پەكەكە لە دروستكردنی گرفت بۆ كاروباری ئەو حكومەتەی كە پارتی سەرۆكایەتی دەكات سنوردار دەكات, ئەوەی كە ئێستا پارتی بانگەشەی بۆ دەكات و پەكەكە تاوانبار دەكات بە دەستێوەردان لە كاروباری حكومەتی هەرێم و ئاژاوەگێڕی, بەڵام پارتی دەبێت درك بەئەوەبكات كە ئەوناوچانە لە ژێر نفوزی پارتی دانامێنتەوە چونكە توركیا هەر بستێك لە خاكی كوردستان داگیربكات هەرگێز لێی ناكشێتەوە تەنانەت ژینگە و شوێنەوەارە میژوویەكانیش بەتاڵان دەبات, بەهەمان شێوەش پەكەكە پێویستە لەمە تێبگات مەترسی دروستكردن لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان كارێكی هەڵەیە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک