حکومەتەکەی کازمی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێهەڵوێستی هەڵبژاردووە

پۆڵەتیک پرێس

بێهەڵوێستی عێراق پاڵی بەتورکیاوە ناوە بەردەوامبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان و دوایین جاریش هێرشەکەی رۆژی شەممە بوو، کاتێک سوپای تورکیا کەمپی مەخموری بۆردومانکرد و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دوانی دیکەش برینداربوون.

بەپێی قسەکانی رەشاد جەلالی، پەرلەمانتاری کورد، دوای چەند رۆژێک لە هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەبارەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هێرشکردنەسەر کەمپی مەخمور، سوپای تورکیا هێرشیکردەسەر ئەو کەمپە و لەئەنجامدا سێ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دوانی دیکەش بریندار بوون.

بەبڕوای چاودێران، بەردەوامی و زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی عێراق و هەر ئەمەشە پاڵی بەتورکیاوە ناوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەردەوامبێت.

بەردەوامی و زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی عێراق

ئەو چاودێرانە ئاماژە بەوەدەکەن، تورکیا دوو ئامانجی هەیە لەپشت ئەم دەستوەردانە راستەوخۆیەی بۆخاکی هەرێم، یەکەمیان هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ  کوردەکان و لەسەر خاکی وڵاتانی دراوسێ هاوشێوەی ئەو ئەزمونەی لە خاکی رۆژئاوای کوردستان و تورکیا هەیەتی.

دووەم هۆکاریش، سەپاندنی هەژموونی خۆی لە خاکی هەرێم هاوشێوەی ئەو هەژموونەی ئێران لە خاکی عێراقدا هەیەتی لەڕێی بریکارە سیاسییەکانی و سەرکردایەتی میلیشیاکان، لەپاڵ ئەمریکا کە لەئێستادا ژمارەیەکی سنوردار لەسەربازانی لە خاکی عێراقدا ماون.

ماوە ماوە هێزەکانی تورکیا هەڵدەستن بە بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”.

سەرەتای ئەم مانگە ئەردۆغان پەیمانیدا هێرشەکانی تورکیا دژی پەکەکە زیاددەبن و هەڕەشەی بۆردومانکردنی کەمپی مەخموری کرد و وتی، “مەخمور بووەتە بەشێک لە قەندیل و بارەگای سەرکردایەتی پەکەکەیە لە هەرێم”، جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر تورکیا دەستوەردان نەکات ئەوا ئەو ناوچەیە “تیرۆرست” بەرهەمدەهێنێت.

وتیشی، لەگەڵ هەموواندا قسە دەکەین ئەگەر نەتەوەتەکگرتووەکان هەڵنەسێت بەپاکتاوکردنی ئەم ناوچەیە، ئەوا خۆمان بەو سیفەتەی ئەندامی ناو نەتەوەیەکگرتووەکانین بەو ئەرکە هەڵدەستین.

یەکەم ئامانجی تورکیا هەڵگیرساندنی جەنگە لەگەڵ کوردەکان

لە 23ی ئاداری رابردووەوە هێزەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازییان لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە دەستپێکردووە.

سەرباری ئەوەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی چەندینجار داوای لە تورکیا کردووە رێز لە سەروەری ئەم خاکە بگرێت، بەڵام هێزەکانی تورکیا هەر بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆسەر خاکی هەرێم.

بەبڕوای چاودێران، رەخنەگرتن تاکە شتێک نییە کە پێویست بێت کازمی بەرامبەر تورکیا بیکات، بەتایبەت کە لەمدواییانەدا دەستیکردووە بەهەڵمەتی بۆردومانکردنی گوندە کوردییەکان لەهەرێمی کوردستان و بەشێک لەگوندەکانی عێراق، کەچی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمیش لەئاست ئەم هەڵمەتە بێدەنگن.

رۆژی هەینی سوپای توركیا لە خاڵی سەربازی لە گوندی ئورە لە سنوری ناحیەی كانی ماسێ لە قەزای ئامێدی هێرشی زەمینی بۆسەر پەكەكە دەستپێكرد.

10 رۆژ بەرلەو هێرشەش توركیا سوپای خۆی لە خاڵێكی نوێ بەناوی گرێ بەرستینكێ كە دوو كیلۆمەتر لە گوندی ئورە دوورە جێگیركرد، بەرەبەیانی رۆژی هەینی سوپای توركیا لەو خاڵە سەربازییە هێرشی زەمینی بۆ دەوروبەری گوندەكە دەستپێكرد.

رۆژی شەمەش غەیاس سورچی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، “ئامانجی توركیا تەنها داگیركردن و كۆنترڵكردنی بەشێكی زۆری خاكی هەرێم و عێراقە و دەیەوێت ویلایەتی موسڵ كۆنترۆڵ بكاتەوە بەهەر جۆرێك بێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا