كێ‌ داوای كۆبوونەوە لە كێ‌ دەكات؟

پۆڵەتیك: سپۆڕت

پاش ئەوەی دوێنێ‌ هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ساز كرد لە هۆڵی سەڵاح حەمە كەریم بە مەبەستی گفتوگۆ كردن لەگەڵ میدیاكاران سەبارەت بەو دۆخەی دروست بووە لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كە تیایدا یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی كرایە پاڵەوانی خولی نایاب هەر بۆیە جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بڕیاری دا بە هێچ جۆرێك بەشداری كۆبوونەوەی یەكێتی تۆپی پێ‌ نەكات.

ئەمڕۆش بەشی زۆنی زەردی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە بارەگای یەكێتییەكە كۆبوونەوەیان ساز كرد بە بێ‌ ئامادە بوونی نوێنەرانی زۆنی سەوز و كۆمەڵێك بڕیار و ڕاسپاردەیان دەركرد كە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد ..

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٤ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەم بڕیار و راسپاردانەی خوارەوەی دەرکرد:

١- کۆبوونەوەی یەکێتییەکەمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆیە داوا لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەکەین سبەی سێشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٥ لە کاتژمێر ١١:٠٠ ی بەیانی لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادە بن بۆ ئەوەی چارەنووسی سەرجەم چالاکییەکان و خولەکانی وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ یەکلایی بکەینەوە و گفتۆگۆ لە بارەی چالاکییەکانی وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ ی یەکێتییەکەمان بکەین.

٢- داوا لە سەرجەم نوێنەرانی یانە پلە نایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ دەکەین سبەی سێشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٥ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ی نیوەڕۆ بە مەبەستی گفتوگۆ لە سەر چارەنووسی خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ و ٢٠٢٠/٢٠٢١ بکەین لە کاتی دیاریی کراو لە بارەگەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادە بن.

٣- داوا لە سەرۆک یان نوێنەری لقی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکوک) دەکەین سبەی سێشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٥ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ی نیوەڕۆ لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادە بن، بۆ کاری پێویست تایبەت بە چالاکییەکانی یەکێتییەکەمان.

بە پێی بڵاو كراوەكەی یەكێتی تۆپی پێ‌ بێت سەرۆك و سكرتێری و ئەندامانی تری فیدراسیۆنەكە دەخوازن كۆبوونەوە ساز بكرێت تیادا ئەو پرسانە یەكلا بكرێتەوە كە خەریكە دەبێتە چەقۆیەكی تیژ بە ملی وەرزشی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی كوردستاندا دێت بە دەستی سەرۆك و جێگرەكەی كە خۆیان دوو یاریزانی دێرینی تۆپی پێی كوردستانن.

كەواتە سبەی سێ‌ شەممە دەبێت خاڵ بخرێتە سەر پیتەكان و دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە یاخود بە تەواوەتی ئاسۆی ڕەشی دوو ئیدارەیی لە نێو تۆپی پێوە لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێتەوە و ئیتر وردە وردە وەرزشەكەمان لە پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوە ژیانەوە دەبێتە پەیامی لە یەك دابڕان و جوودایی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا