پۆڵەتیك پرێس
دارستان و پاوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت “سوتاندنی پارک و دارستانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی خەریكە لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردە”
رۆژی هەینی رابردوو، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر رووبەرێکی پارکی دارستانی وەیس سەر بەبەرێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی سوتا.
لەوبارەیەوە دارستان و پاوانی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ پۆڵەتیك پرێس نێردراوە تیایدا هاتووە، جارێکی تر دەستە ڕەشەکەی دوژمنی دارستانەکان و ژینگە و سەوزایی، چەپۆکی ڕەشی خۆی سرەواندە رووبەرێکی دارستانیی لەپارکێکی ناو شاری سلێمانی، بەوەش سوتانی پارک و دارستانەکان خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە.
بەپێی زانیاریەكانی راگەیەندراوەكە، ئاگرەکە بۆتە هۆی زیانگەیاندن بەنزیکەی 200 دارسنەوبەری تەمەن دە ساڵ لەناو پارکەکەدا، ئەمڕۆ بەهاوكاری فەرمانبەر و كرێكاری پاركەكە ئاودان و شتنەوەی دارەکان و پاککردنەوەی سنەوبەرە زیان پێگەیشتوەکان ئەنجامدرا.