ناوەندی ڕەهەند دوو وەرگێڕانی نوێی وەلید عومەری بڵاوکردەوە

پۆڵەتیک پرێس

ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند دوو وەرگێڕانی نوێی وەلید عومەر-ی نووسەر و وەرگێڕی چاپ و بڵاو کردەوە.

کتێبی یەکەم: خێچ ڕوانین-سلاڤۆی ژیژەک

یەکێکە لە دەقە تیۆرییەکانى سلاڤۆى ژیژەک, فەیلەسوف و دەروونشیکارى سلۆڤینى. ئەم کتێبە دەروازەیەکە بۆ شیکردنەوەى بەشێکى گرنگ و سەرەکى لە چەمکەکانى ژاک لاکان لەڕێگەى بەرهەمە هونەرى و ئەدەبى و ئاساییەکانى ناو خەڵکەوە کە پێى دەوترێت کەلتورى عەوام(پۆپۆلار). واتە بەرهەمە پۆپۆلیستییەکان دەکاتە هەوێنى ورووژاندنى زۆر کێشەى ئاڵۆز کە سەرەنجام وەک سەنگى تیۆرى لە ئاڵۆزییەکەشیان کەمنابێتەوە. لە چەمکە تیۆرییەکانەوە بۆ سیاسەت و سرووشت و ژنێتى و سینەماى چەندین دەرهێنەر و پۆڕنۆگرافیا و هتد تێماى ناو کتێبەکەن. ساڵى ١٩٩١ بە زمانى ئینگڵیزى بڵاوبووەتەوە و پێشوازییەکى بەرچاوى لێ کراوە. کتێبەکە بە ستایلێکى سەرنجڕاکێش نوسراوە و گەرچى دەقێکى ئاڵۆزە بەڵام لەناواخندا خوێنەر گیرۆدەى خۆى دەکات. پێشەکییەکى وەرگێڕ بۆ تێکستەکە زیادکراوە کە شێوازى ئیشکردنى ژیژەک لەم کتێبەدا دەخاتەڕوو(لەژێر سێ تەوەردا: ژیژەک و “لۆکاڵ”ـەکەى ئێمە + ژیژەک و نوسین+ دەربارەى خێچ ڕوانین).

ئەم کتێبە سەر بە زنجیرەى دەروونشیکارییە کە لەلایەن ناوەندى ڕەهەندەوە بڵاوبووەتەوە.

 

کتێبی دووەم: فیکر و سەرکێشییەکانی-موراد فەرهادپوور

موراد فەرهادپوور(لەدایکبووى ١٩٥٨), ڕۆشنبیر و وەرگێڕێکى فارسزمانە و جگە لەوەى باگراوەندێکى چەپگەراى هەیە, دەرگیرى فیکر و فەلسەفەشە. ئەو لە دەیەى هەشتاى زاینی‌دا, دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەى نوسینە تیۆرییەکانى خۆى لە بڵاوکراوەکانى وەک راه نو, کیان, آدینە. دواتریش لەگەڵ چەندین وەرگێڕدا, بۆ دەیەیەک زیاتر گۆڤارى “ارغنون” بڵاودەکەنەوە کە گرنگى بە فیکرى مۆدێرن و بەتایبەتییش سەدەى بیست دەدات. دواتریش لە پرۆژەى رخداد و پاشان تێزى ١١, بەردەوامدەبێت. فەرهادپوور سەرەتا لەژێر کاریگەریی قوتابخانەى فرانکفۆرتدا دەبێت و لەوێدا بە قەولى خۆى بەر جۆرێک بنبەستى سیاسى دەکەوێت و دواتر ئاشناى فەیلەسوفەکانى وەک سلاڤۆى ژیژەک و ئالان بادیۆ و جۆرجیۆ ئاگامبێن و هتد دەبێت کە هەندێک لە کارەکانیان لەگەڵ هاوکارەکانى وەردەگێڕن. دیارترین پرۆژەى نوسینى فەرهادپوور کتێبى عقل افسردە(عەقڵى خەمۆک)ـە کە کۆمەڵێک وتارە لەبارەى فیکرى مۆدێرنەوە. دواتریش چەند کۆمەڵە وتارێکى گرنگى تر بڵاودەکاتەوە لەژێر ناونیشانى پارەهاى فکر(پارچەکانى فیکر) کە دوو بەرگە و لە فەلسەفە و سیاسەتەوە دەگرێتەوە تا هونەر و ئەدەبیات کە زۆرینەى وتارەکانى ئەم کتێبە لەو دوو بەرگە دەرهێنراون(باقیی ئیشەکانى تریش لە ماڵپەڕى تایبەتى ترەوە وەرگیراون).  هەڵبژاردنى ئەم باس و وتارانەش, لانیکەم لەبەر دوو خاڵى سەرەکى بوو: ١) دەرگیربوونى دە ساڵێکم بە نوسینەکانى نوسەرەوە, کە جۆرێک لە قەرزى مەعریفى و ڕۆحیی لاجێهێشتبووم ٢) تێماى باسەکانیش بەگشتى دوو هێڵ دەبڕن, هەردوو هێڵى مۆدێرنە و بیرى فرۆید-لاکان. کتێبەکە ئەو نوسینانەى لەخۆگرتووە کە مشتومڕساز بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا