پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کەنەدا پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ناردنی نێردراوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.
ئەمڕۆ شەممە ٥ ی ٦ ی ٢٠٢١، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، ” فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە پەیوەندییەکی تەلەفونی لە مارک گارنۆ، وەزیری دەرەوەی کەنەداوە پێگەیشتووەو لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆیان کردووە”.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ” کەنەدا جەختی لە بەردەوامی پشتیوانیەکانی بۆ عێراق و بەدەستهێنانی سەقامگیری کردووەتەوە، هەردوولا لەبارەی ڕۆڵ و بەشدارییەکانی کەنەدا لە ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دواون”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کەنەدا ستایشی ڕۆڵی حکومەتی عێراقی لە ڕاگرتنی ئاسایشی ناوچەکە کردووە بەتایبەت هەوڵەکانی بۆ ئاساییبونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە”.