پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، رووداوەكەی چیای مەتینا لەسنوری پارێزگای دهۆك لێدانی یەكەم زەنگی مەترسی بوو بۆ دروست بوونی شەڕی كورد و كورد.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەڕلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، رووداەكەی ئەمڕۆی ناوچەی مەتینا لەسنوری پارێزگای دهۆك یەكەم هەنگاوی زەنگی مەترسی بوو بۆ دروستبوونی شەڕی كورد و كورد بەفیتی داگیركەران.
وتیشی، دەبێت پەڕلەمانی كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبێت لە رێگری كردن و تەشەنەسەندنی ڕووداوەكانی ناوچە سنورییەكانی كوردستان و لیژنەیەك لەسەرجەم فراكسیۆنەكان دروست بكات تا بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی ناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و قەندیل بكات و لەسەر كۆتایی هێنان بەگرژییەكان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆ بكات.
ئاماژی بەوەشكرد، شەهیدبوونی پێشمەرگە و رووبە ڕووبوونەوەی هێزی پەكەكە و هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداركردنەوەو لێدانی یەكەم سەنگی مەترسی بوو دەربارەی هەڵگیرسانی شەڕی كورد و كورد و دروستبوونی قەیرانێكی دیكە لەخاكی هەرێمی كوردستان كە ئەوەش بە ئاواتی سەرەكی داگیركەرانی كوردە ئەژمار دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەك كار بكەن بۆ ڕێگری لەهێزی توركیا تا ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەسنوری پارێزگای دهۆك وێران نەكات.
وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5 ی حوزەیرانی 2021، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی (پە کە کە)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون.