مەیلی وڵاتان عەرەبی بۆ ئیسرائیل پۆمپیۆ دەهێنێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەم بابەتە 72 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس:
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و لەیەكەم سەردانیشیدا بەیانی رۆژی دووشەممە (24-8-2020) گەیشتە ئیسرائیل و بڕیاریشە سەردانی هەریەك لە وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین و سودان بكات.

وێستگەی یەكەمی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئیسڕائیل بوو پاشان سەردانی ژمارەیەك وڵاتی كەنداو و هەروەها سودان دەكات، دواتریش جارید كۆشنەر، گەورە راوێژكاری دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەردانێكی هاوشێوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەكات.

مایك پۆمپیۆ بڕیارە لەگەڵ هەریەك لە گابی ئەشكنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل و بینی گانتس، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە كۆبێتەوە، وەك بەشێكیش لە هەوڵەكانی ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ بەرزڕاگرتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل‌و ئیمارات دەچێتە ئەبوزەبی، بەتایبەت پاش نەرمی نواندنی بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تەلئەبیب.

 

مایك پۆمپیۆ بڕیارە لەگەڵ هەریەك لە گابی ئەشكنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل و بینی گانتس، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە كۆبێتەوە

 

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، مایك پۆمپیۆ لەم گەشتەیدا سەردانی وڵاتانی ئیسڕائیل، سودان، ئیمارات و بەحرەین دەكات و تا 28ی ئەم مانگە دەخایەنێت.

ئەوەش دەخاتەروو، هەرگیز وابەستەیی ئەمریكا هێندە بەهێزنەبووە وەك وابەستەیی بەڕێوەبەرایەتییەكەی دۆناڵد ترامپ بە ئاشتی و سەقامگیری لەئیسڕائیل و سودان و وڵاتانی كەنداوەوە، وەزیری دەرەوە لەو سەردانەیدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل و “رەفتارە دوژمنكارییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا” دەكرێت.

رۆژی 13ی ئابی ئەمساڵ، هەریەك لە ئیمارات و ئیسرائیل بەچاودێری ئەمەریكا رێكەوتنێكی ئاشتیان واژووكرد و پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایكردەوە و بەپێی ڕێكەوتنەكە هەردوو وڵات باڵیۆزخانە لە وڵاتەكانی یەكتردەكەنەوە و چەندین ڕێكەوتننامە لەبوارەكانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی ژینگە لەگەڵ یەكتر واژوو دەكەن .

ئەو خاڵانەی لە ڕێككەوتنەكەی نێوان تەلئەبیب – ئەبوزەبیدا ئاشكراكراون بریتین لە، “هەردوو وڵات پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان بەتەواوەتی ئاسایی دەكەنەوە، باڵیۆزخانە لە وڵاتەكانی یەكتر دەكەنەوە، گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجامدەدرێت و هەردوولاش وەبەرهێنان لە وڵاتەكانی یەكتردا دەكەن، ئەوە جگە لە واژۆكردنی رێككەوتنی دوولایەنەی پەیوەست بە كەرتەكانی گەشتیاری و ئاسایش و پەیوەندییەكان و تەكنەلۆژیا و وەبەرهێنان لە كەرتەكانی وزە و ئاو و چاودێری تەندروستی و ڕۆشنبیری و ژینگە.

پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتنی ئاشتی ئیسرائیل و ئیمارات لەكاتێكدایە بەشێك لە وڵاتانی كەنداو، نەرمی دەنوێنن، كە وەك هاوشێوەی ئیمارات پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ناكۆكی ئیسرائیلیەكان لە ئاینێكی جیاوازترن لە عەرەب و ئەو نەتەوانەی كە موسڵمانن و هاوسۆزی كێشەی فەلەستینیەكانن.

 

پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتنی ئاشتی ئیسرائیل و ئیمارات لەكاتێكدایە بەشێك لە وڵاتانی كەنداو، نەرمی دەنوێنن، كە وەك هاوشێوەی ئیمارات پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە

 

نزیكبوونەوەی ئیسرائیل لە وڵاتانی عەرەبی، لە كاتێكدایە رۆژنامەی “ئیسرائیل ئەلیەوم”ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، لە ئیمارات گرنگی بە كڕینی سیستەمی لێزەری Light Blade ی ئیسرائیلی دەدرێت، كە كۆمپانیای “ئۆپتی دیفێنس”ی ئیسرائیلی دروستیكردووە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەو سیستەمەی ئیمارات دەیەوێت بكڕێت تایبەتە بە بەرپەرچدانەوەی ئەو تەنە بچووكانەی لەڕێگای ئاسمانەوە ئاراستە دەكرێن، بەتایبەت بۆمبی سووتێنەر، كە لەڕێگای باڵۆن و فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە دەگوازرێنەوە، لەماوەی چەند رۆژی داهاتووشدا رووندەبێتەوە، كە راددەی كاراییەكەی بەرانبەر بەو ئامانجەی بۆی درووستكراوە چۆنە .

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەی رۆژنامە ئیسرائیلییەكەدا هاتووە، كە كڕیارانی ئیماراتی ڕوویان لەچەند لایەنێكی ئیسرائیلی كردووە، كە رۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی سیستەمەكە، بەومەبەستەی بتوانریت ژمارەیەك لەو سیستەمانە بكڕدرێت.

هاوكات ڕۆژی 14ی ئاب، ئێران و توركیا بەتوندی سەركۆنەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی ئیماراتیان لەگەڵ ئیسرائیل كرد، تاران بە “گەمژەییەكی ستراتیجی” وەسفكرد و توركیاش بەنیازە باڵیۆزەكەی لە ئەبوزەبی بكشێنێتەوە.

بەپێی ئاژانسی سپوتنیك، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی ڕێككەوتنی ئیبراهیمی نێوان ئیسرائیل، ئەمریكا و ئیمارات بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ئەنجامی دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان ئیمارات و قەوارەی سەهیۆنی، بەهێزكردنی بەرە و ڕۆڵی بەرەنگارییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئێران هەوڵە جێبەزەییەكەی ئەبوزەبی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ “قەوارەی سەهیۆنیی ساختە و ناڕەوا و نایاسایی” بە هەنگاوێكی ترسناك وەسفدەكات، هەروەها تاران هۆشداری داوە بە ئیسرائیل لە ئەگەری دەستوەردانی لە هەر هاوكێشەیەكی ناوچەی كەنداو.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک