جیهان لەچاوەڕوانی چەند ڤاكسینێكی كۆرۆنادایە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

زیاتر لەهەشت مانگە تەواوی جیهان گیرۆدەی دەستی مەترسییە جۆراوجۆرەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە، لەو ساتەشەوە تائێستا تەواوی وڵاتانی زلهێز لە كێبڕكێ و هەوڵی بەدەستهێنانی ڤاكسینێكدان تا مەترسییەكانی ئەو پەتا جیهانییە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی بڕەوێننەوە.

هەرچەندە هەوڵی وڵاتان لەقۆناغەكانی كۆتایدان، بەڵام هێشتا كاتی تەواوەتی بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێكی دانپێدانراو لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە نادیارە.

لەسەروەختی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستا، زۆرینەی وڵاتان بەتایبەتی ئەمریكا، ڕووسیا و چین، لە كێبڕكێی توندان تاوەكو بە بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا هێزی خۆیان نیشانی یەكدی و تەواوی جیهان بدەن.


لە ئێستادا، زۆرن ئەو وڵات و ناوەندانەی كار لەسەر بەرهەمهێنانی  ڤاكسین دەكەن، بەڵام چاوی جیهان زیاتر لەسەر ئەو جۆرانەیە كە لەلایەن وڵاتانی ئەمریكا، چین، ڕووسیا و بەریتانیاوە كاریان لەسەر دەكرێت.

لەسەر ئەو ڤاكسینانەش كە تائێستا ناویان دەهێنرێت هەموو قۆناغەكانیان تێنەپەڕاندووە تاوەكو بەفەرمی رابگەنرێت و بەجیهاندا بڵاوبكرێتەوە.

هەرچەندە لەماوەی رابردودا وڵاتی رووسیا ڤاكسینێكی بەناوی (سپۆتنیك) راگەیاند، بەڵام نەرێكخراوی تەندروستی جیهانی دانی پێدانا نە وڵاتانیش بەگرنگییەوە پێشوازییان لەو ڤاكسینە كرد.

هاوكات ڕووسیا بەهۆی دەركەوتنی ئەو كاریگەرییە ئەرێنیانەی لە ڤاكسینی سپۆتنیكدا دەركەوتن ئێستا پێشنیازی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دووەمی خۆی كردووە بەناوی (ئێپیڤاك كۆرۆنا) كە وا بڕیارە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئامادە ببێت.


لە ئەمریكاش كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریكی بۆ تەكنەلۆجیا، دەستیكردووە بەقۆناغی سێیەمی ڤاكسینی كۆرۆناو بڕیارە لەسەر نزیكەی ٣٠ هەزار خۆبەخش لە ١٠٠ ناوەندی توێژینەوەی جیاجیای ئەمریكا تاقیبكرێتەوە.

هەروەها لەچین ڤاكسینی كۆرۆناڤۆكی چینی راگەیەنرا، كە ئەویش لە قۆناغی سێیەمدایە، هاوكات لە هیندستانیش ڤاكسینی كۆڤاكسین بەرهەمهێنرا، لەو وڵاتانەش تاقیكردنەوە لەسەر كەسانی خۆبەخشكراوە، بەڵام هێشتا دواین بڕیاریان لەبارەوە نەدراوە.

لەلایەكی دیكەوە لە بەریتانیا ڤاكسینی ئۆكسفۆرد بەرهەمهێنرا لەبارەی ڤاكسینەكەشەوە كەیت بینگهام سەرۆكی تیمی بەرپرس لە گەشەپێدانی ڤاكسین لە بەریتانیا رایگەیاندووە، رەنگە لە سەرەتاكانی ساڵی داهاتوو ڤاكسینەكە ئامادەبێت كە یارمەتیدەرە لە كەمكردنەوەی نیشانەكانی ڤایرۆسەكە، بەهۆی ئەوەی تائێستا بڕیاری كۆتایی لەڤاكسینەكان نەدراوە، بۆیە نرخەكانیشیان دەستنیشان نەكراوە.

شەوی 23ی ئەم مانگە تەواوی جیهان لەچاوەڕوانی یەكلایكردنەوەی راگەیاندنی ڤاكسینی كۆرۆنادا بوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی كۆشكی سپی ئاشكرایان كرد كە ترەمپ هەواڵی خۆش لەبارەی كۆرۆناوە رادەگەیەنێت.

بەڵام چاوەڕوانییەكە لەئاستی ئەو چاوەڕوانییەی جیهاندا نەبوو، چونكە لەبری ئاشكراكردنی ڤاكسین، ترەمپ بەكارهێنانی پلازمای چاكبووانی كۆرۆنای وەك جۆرێكی دیكەی چارەسەر بۆ تووشبوانی كۆرۆنا راگەیاند، كە چەند مانگ پێش ئێستا لەزۆرینەی وڵاتان بەكارهێنراوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكیش باسی لەوەكرد، ئەو چارەسەرەی ترەمپ رایگەیاندووە، پێشتر زیاتر لە ٧٠ هەزار توشبووی ئەمریكا پەنایان بۆ بردووە.

پێشتریش هەوڵ هەبوو بۆ ئەوەی لەئەمریكا پلازما بەكاربهێنرێت، بەڵام لایەنە تەندروستییەكانی ئەمریكا رەزامەندییان لەسەر نەدەدا، بەشێك لەبەرپرسانی ئەمریكیش ئەندامانی ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكاییان بەوە تۆمەتباركرد كە كار دەكەن بۆ دواخستنی تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینی كۆرۆنای نوێ بۆ دوای وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.

ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە لەماوەی رابردودا دەستەی تەندروستی عێراق رایگەیاند، “ئێمە یەكەم وڵات دەبین، لەدوای دانپێدانانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ هەر ڤاكسینێكی كۆرۆنا و پەسەندكردنی، بە زووترین كات بۆ وڵاتەكەمانی بەردەست بكەین و دەیكڕین.”

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا