هۆكارى گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم بەرزبووەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت هۆكارەكانی گران بوونی بەنزین بڕیارە نادروست و هەڵەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و قۆرخكردنی هێنانی سوتەمییە بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای دیاریكراو.

كەریم عەلی كریم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی چەند هۆكارێك كاریگەریان دەبێت لەسەر گران بوونی سوتەمەنی بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەهای دۆلار كاریگەری قورس ناكەنە سەرنرخی بەنزین لەبەر ئەوەی بەنزینی هەرێمی كوردستان هاوردەیە واتە بازرگانییە و لە ژێر دەستی بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكانی سووتەمەنیدایە و بەویستی خۆیان قازانج زیاد دەكەن بەبێ‌ ئەوەی هیچ چاودێرییەك لەسەریان هەبێت.

وتیشی، هاوردە كردنی سوتەمەنی بۆهەرێمی كوردستان قۆرخكراوە و بۆهێنانی بڕی هەرتەنێك سوتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان 100 دۆلار لەو كۆمپانیایە وەردەگیرێت كە سوتەمی دەهێنێت ئەوەش رەسید پێدەفرۆشرێت.

راشیگەیاند، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتی خاو بداتە پاڵوتگە ناوخۆییەكان و بەنزینی ناوخۆیی بەكار بهێنێت ئەوكاتە نرخی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین جێگیر دەكرێت چونكە دەزارنرێت ئەو نەوتەی حكومەت دەیدات بەپاڵاوتگەكان بڕونرخەكەی چەندە.
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەكاتێكدایە لەماوەی ڕابردووداشدا چەند جاری دیكە نرخی بەنزین بەبیانووی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان و بەرزی نرخی دۆلار زیادكرا، بەجۆرێك هەر لیترێك نزیكەی 250 دینار زیادكراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی حوزەیران نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم بەرزبووەوە و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 650 دینارەوە بۆ 700 دینار، موحەسەن لە 700 دینارەوە بۆ 750 دینار و بەنزینی سوپەریش نرخەكەی گەیشتووەتە 850 دینار.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا