جەمشید و مەعریفەی بێڕێچکە

نووسینی: سەردار عەزیز
وەرگێڕانی ڕۆمانی جەمشیدخانی مامم بۆ زمانی ئەڵمانی، بۆنەیەک بوو بۆ ئەوەی لە ماڵی ئێمەدا باسبکرێت. هاوسەرەکەم پێشنیاری ئەوەی کرد، پاش خوێندنەوەی کارێکی لە سەر بکەین. بەم بۆنەیەوە لە ئینتەرنێت گوێبیستی نۆڤلێتەکە بووم کە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەمە. لە هەمانکاتدا بە دوای ڕەخنەی ئەدەبیدا گەڕام لە سەر ڕۆمانەکە، هیچم بەرچاو نەکەوت. دیارە من ڕەخنەگری ئەدەبی نیم، بۆیە قسە لە سەر تەکنیک و بوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی ناکەم. ڕۆمانەکە گێڕانەوەی کۆمەڵێک سەربوردەیە بۆ مرۆڤێک کە من بەشێکی زۆری سەردەمی ئەو مرۆڤە ژیاوم. هەرچەندە چاوکردنەوەی من بۆ دونیا لە گەڵ شەڕی عێراق و ئێرانە، کاتێک بۆ یەکەم ساڵ چومە قوتابخانەی سەرەتایی لەو ساڵەدا، جەمشید بە تەمەنترە، چونکە جەمشیدخان دەبێتە سەرباز.
بەختیار عەلی خۆی دەربارەی جەمشید دەڵێت ئەو لە چینی ئەرستۆکراتە، هەروەها ناوی خانی هەر بۆ ئەو مەبەستە زیادکردوە. بەڵام من جەمشید بە ئەرستۆکرات نابینم. ئەرستۆکرات خاوەن دونیابینی سەقامگیرە، چونکە چ گەورەبونی و چ پاشخانی ئابوریی و چ دونیابینی دەروبەرەکەی و چ بەرژەوەندییەکانی داوای ئەوەی لێدەکات کە بەردەوام بێت لە سەر ڕەفتار و دونیابینی باوانی. لە هەمانکاتدا لە کۆمەڵگای کوردیدا چینی ئەرستوکرات، نەک وەک کەلتور و نە وەک ئابوری بونیان نیە.
جەمشید لەو کەسایەتییانەیە، لە گەڵ کرانەوەی دونیای ئێمەدا بە سەر ئایدەلۆژییە ڕۆژئاواییەکان لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، دەکەوێتە بەر لێشاوی ئایدەلۆژیا گەورە و حیکایەتە گەورەکان، بە وتەکەی لیوتار. حەکایەتی گەورە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، گشتگیرە، دڵنیاکەرە، وەڵامدەرەوەیە، جۆرێک نیە لە بیر، بەڵکو باوەڕە، داوا لە هەڵگرانی دەکات کە دونیا دابەش بکەن بە سەر دۆست و نەیاردا و زۆر خەسڵەتی تر. جەمشید کەسێکی کوردە، لە بەرامبەر بیرەکان و روداوەکاندا. ڕوداو و بیر پێکهێنەری سەرەکی ژیانی ئەون و جڵەوی ژیانی دەگرنە دەست. ئەو وەک کەسایەتییەک چۆن لە بیر و ڕوداوەکان تێدەگات، پەیوەندی لە گەڵیاندا دەبەستێت، ئەمە کرۆکی چیرۆکی نۆڤلێتەکەیە.
پەیوەندی جەمشید لە گەڵ بیر و ڕوداوەکاندا پەیوەندییەکی تایبەتە. ئەو هەمیشە تەسلیم بوە. هەرگیز هیچ ڕامان و پرسیار و بەرگریی تیادانیە، ئەگەر هەشیبێت ئەوا ناگاتە ئەو ئاستەی کە ڕێگریی لە ڕەفتارەکانی بکەن. دەکرێت لە سەرەتا بڵێین کە جەمشید خۆی وەک خۆی، وەک کەسێکی ئۆتۆنۆمۆس بونی نیە. پیاوێک نیە بوەستێت و ئێستێک بکات و ئاوڕ بداتەوە و بپرسێت . ئەو دەکەوێتە بەر لافاو و لێشاوی روداوەکان.
ڕەهەندی ڕوداویی ڕۆمانەکە هێندە جێگای سەرنجی خوێنەرنیە، ئەوەش بۆ ئاگایی کەسی ئێمە دەگەرێتەوە کە چۆن ڕوداوە گەورەکان لە گەڵ بیرەکاندا دەسازێنێت. لە ئاستی فیکیریدا سەرەتا جەمشید وەک کۆمۆنیستێک دەناسین. ئەمە تەنها پەیوەندی ئەونیە بە حەکایەتێکی گەورەی وەک کۆمۆنیزمەوە، یان ڕاستتر بڵێین باوەڕی کۆمیونیزم، چونکە هەڵگران و هەوادارانی کۆمیونیزم خەڵکانێکی خاوەن بیر نین، بەڵکو زیاتر خەڵکانێکی خاوەن باوەڕن. کۆمیونیزم یەکەم حەکایەتی گەورەی ڕۆژئاوایە کە پاش بیرە تەقلیدییەکانی وەک سۆفیگەریی دێتە ناو دونیای ئێمەوە. ئەم بیرە یەکێکە لە بەرهەم و چەکەکانی جەنگی سارد.
ئەوەی جێگای تێڕامانە لە ڕۆمانەکەدا پەیوەندی جەمشید نیە بە ئایدیاکانەوە، هێندەی ئەو دابرانەی کە جەمشید لە ئایدیایەکەوە بۆ ئایدیاکی تر پیایدا تێدەپەڕێت. بۆ ئەوەی ئەم درامایە بەرجەستە بکات بەختیار جەمشید لە نێوان ئاسمان و زەویدا هەڵبەز و دابەز پێدەکات. دەکرێت ئاسمان و زەوی وەک سیمبولی ئایدیالیزم و ڕیالیزم یان واقیعییەت مامەڵە بکەین. بەڵام ساتەوەختی بەرکەوتن، ساتەوەختێکی وەرچەرخێنەرە. لە مێژوی دەزگا و بیرەکان ئەم ساتەوەختانە بە ساتەوەختی چەمانەوە یان لادانەوە مامەڵە دەکرێت. بە ڕای من ناتوانین بە ئاسانی بە ساتەوەختی دابڕانی لە قەڵەم بدەین. هەرچەندە جەمشید لە گەورە حەکایەتێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ گەورە حەکایەتێکی تر، بەڵام لە زۆر ئاستدا هیچ گۆرانکارییەک ڕونادات. جەمشید، هەمیشە تاک حەکایەتە، هەمیشە بە تۆخی ڕۆدەچێتە ناو حەکایەتەکەیەوە، بەبێ جیاوازییان، هەمیشە وەها مامەڵە لە گەڵ هەموو حەکایەتێکدا دەکات وەک ئەوەی یەکەم حەکایەتی بێت. کەسێکە کە خاوەن مێژوو و ڕابوردوو و یادەوریی و ئەزمون و ئاگایی نییە. بۆئەوەی ئەمە بەرجەستە بکات، بەختیار هەمیشە جەمشید توشی سڕینەوەی یادەوریی دەکات. ئەمە لە قەرەقۆزێتی clown نێوان ئاسمان و زەویدا بەرجەستە دەبێت. ئەم بەردەوامییە لە فۆرم، لە چڕێتی پەیوەندیی، لە تاقانەیی، لە بێگومانی، وەها دەکات کە جەمشید چەندێک توشی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان دەبێت، هێندەش بونەوەرێکی نەگۆڕبێت. ئەمە چیرۆکی زۆربەی زۆری ئەوانەیە کە لە دونیای ئێمەدا لە نێوان حەکایەتە گەورەکاندا بازبازێنیان کردوە. کۆنە شیوعیەکی تازە ئیخوانی، یان پێچەوانەکەی، جیهانگەرێکی بە فەریکە ناسیونالیزم بوو، هەموو یەک جۆر لە دونیابینی تاک کونەواجەیی باڵی بە سەرداکێشاون.
لێرەدا گەرچی بەردەوامی هەیە لە فۆرمدا، کە زۆرجار بەنائاگایی و ریتواڵە، بەڵام کەڵەکەبون و بەرهەمهێنانی مەعریفی دروست نابێت. ئەمەشە مایەی ئەوەیە کە سەرباری زۆری هەوادارانی ئایدەلۆژیا گەورەکان لە دونیای ئێمەدا، سەرباری گۆڕانیان و هاتن و چونیان، ئێمە خاوەن کەلتورێکی فیکریی و مەعریفی نین. وەک جەمشید بیرەکان وەها لە کورد دەکات کە سوک بێت و لە دونیا دابڕێت و نەتوانێت پێ بنێتە سەر زەویی. یان بە زمانێکی تر نوقمی ئایدیالیزم بێت. بەختیار هەوڵدەدات پێمان بڵێت کە چیە ئەوەی وەها دەکات، ئەم دۆخە لە ئارادابێت، لێرەدایە کە گرنگی ڕوداو دێتە ئاراوە. جەمشید، کە زیاتر بەرجەستەکەری دۆخی ڕۆشنبیرە، هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکاردەبرێت، ڕۆڵی پێدەسپێردرێت، هەوڵدەدرێت بکرێتە ئامرازێک بۆ بە دەستهێنانی زانیاری، بۆ گاڵتە و گەپ، بۆ ناساندنی گەلی کورد. ئەم ڕۆڵانە هۆکاری ئەوەن کە جەمشید نەتوانێت لە ئەو کۆمەڵگایەدا پێیەکانی بخاتە سەر زەوی. ئەمە کاتێک زیاتر بۆمان ڕون دەبێتەوە کە جەمشید دەچێتە سەرزەمینێکی تر و لەوێ دەتوانێت پێ بخاتە سەر زەوی.
دەکرێت جەمشید کەسێک بێت، توێژێکی کۆمەڵایەتی بێت، تەنانەت سەرجەم کۆمەڵگاش بێت کە لە نێوان بیر و کرداردا دەیەوێت بەردەوام بێت. جەمشید ئەو کەسایەتییە ڕۆشنبیرەیە کە باوەش بۆ بیرە گەورەکان دەکاتەوە، هەوڵدەدات بە ڕۆحی توندڕەوییەوە بەرجەستەیان بکات، بەبێ ئەوەی لە توانایدا هەبێت بتوانێت، خاڵێ، خەتێ، پیتێ، وشەیە، دێڕێ، لاپەڕەیەکیان بۆ زیاد بکات.
ئەمە قەیرانێکی قوڵی چۆنێتی پەیوەندی ئێمەیە لە گەڵ دونیای فیکر و ڕوداوەکاندا. ئێمە گەرچی دەبینە هەڵگر و پیادەکەر و موریدی بیرە گەوەرکان بەڵام تەنها هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە دوبارەی بکەینەوە. ئەوەی هەیە بیڵێینەوە، قوڵی و گرنگی خۆمان لە ئەوەدا دەبینینەوە کە چەندێک دەتوانین ئەویتری فیکر بهێنینە ناو خۆمانەوە و لە خۆماندا بەرجەستەی بکەین، ببینە هەڵگری، بەبێ ئەوەی خۆمان وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ (ئەجینتێکی ئۆتۆنۆمۆس) بتوانین ئەو فیکرانە بە دونیای خۆمانەوە ببەستین و جارێکی تر بەرهەمیان بهێنینەوە و وەریانبگێڕین بە مانا فراوانەکەی پرۆسەی وەرگێڕان. ڕەنگە ئەمە بنچەکەی لە ئاینەوە بێت.
ئەم بێتواناییە لە سود وەرگرتن لە دونیای بیری ئەوانیتر وەهای کردوە کە ئێمە لە پرۆسەیەکی جەمشیدیدا هەمیشە لە پرۆسەی تۆخبونەوە و سفربونەوەدابین.
بۆ من دیاردەی جەمشید دەرخەری ئەو قەیرانەیە کە ئێمە چۆن مامەڵە لە گەڵ فیکردا دەکەین، بە تایبەتی بێئاگایی ئێمە لە پرسی بنەماکانی مەعریفە. بیریارانی ئێمە بێتوانان لە تێگەیشتن لە میتۆدی فیکر. میتۆد هەتا ئەمڕۆ لە زانکۆکانی ئێمەدا بونی نیە. میتۆد بە ئاگابونە لە ئەوەی کە چۆن بیرێک، دیدێک بەرهەمهاتوە، چۆن داتاکانی بە دەستهاتوە، چۆن مامەڵەیان لە گەڵدا کراوە، لە چ ڕوانگەیەکەوە. بە ئاگابون لە میتۆ وەها دەکات کە توانا هەبێت چۆن بیرێک بهێنرێتە ناو واقیعێکی ترەوە، چۆن ئەو بیرە لە پانتایی تردا بەرهەم بێتەوە و دەوڵەمەند بکرێت یان بەر ڕەخنە بدرێت.
کاتێک داروین لە نوسینەوەی کتێبی ڕەچەڵەکی جۆرەکان دەبێتەوە، پاش چاپ بونی، دانەیەکی بە دیاری بۆ ئاسا گرەی دەنێرێت. ئەو سەردەمە دەوروبەری جەنگی ناوخۆی ئەمریکییە، پرسی گەورە لە وڵاتدا پرسی کۆیلایەتییە، کتێبەکەی داروین دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوانەی کە دژایەتی کۆیلایەتی دەکەن، بەوەی کە مرۆڤ هەموو وەک یەکن، نەک جودا. ئەمە نمونەیەکە لە پرۆسەی وەرگێڕان یان سودبینین لە بیری تر بۆ پرسی خۆت. نمونەی ئەمە لە دونیای ئێمەدا نیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا