پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی
سازدانی: دیار لەتیف
کۆچەر ئەبووبەکر، خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی (کۆترەکانی باوکم). یاداشتنامەیەک بە ناوی (هیچ)، کە چەند جارێک چاپکراوەتەوە. وەرگێڕدراوە بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەو زمانانە بڵاو ببنەوە. دەقە شیعرییەکان بۆسەر زمانی فارسی، فەرەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی وەرگێڕدراون. جگە لە کتێب خاوەنی چەندین دەقی واڵایە، کە لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بڵاوبوونەتەوە. خاوەنی چەندین کۆڕ و سیمینارە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. لە ئێستادا ئەندامی یەکێتی نووسەرانی ڤانکوڤەرە.
دیار لەتیف: نووسەر دەروون نەخۆشە، نەخۆشییەکەی لێ وەربگریتەوە، نەک نووسین، تەنانەت کەڵکی ژیانی نامێنێت. لەو دێڕەدا زێدەتر مەبەستم لە وێژەکارە. هەندێک نووسەر هەن تووشی دوورەپەرێزییەکی لەڕادەبەدەر لەگەڵ کەتواری دەورووبەر و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، خۆیان دەپەستێننە گۆشەیەک و لەبارەی ژیان و خەڵک و جڤاتەوە وتار و بەرهەم دەهۆننەوە، بەڵام گوتارێک بەیارمەتی کتێب، نەک بە کۆمەکی ئاوێتەی کۆمەڵگە و دەورووبەر، نووسەر لە زەوییەک و کۆمەڵگەش لە زەوییەکیتر. ئایا ئەمە واناکات گوتارێکی بان زەوینی و دوورە کەتواری دۆخ بهێنێتەئارا و نامۆبوونی گوتار بۆ وەرگر درووست بکات؟ لەهەمانکاتدا نووسەر هەن تێکەڵاو بە دۆخ و کۆمەڵگەن و گوتاریان هەڵقوڵاوی دڵی کۆمەڵگە و کەتوارە. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین نووسەر کوڕی کۆمەڵگە و کەتوارەکەی خۆیەتی؟ نووسەری چاک و نووسەری خراپ کێن؟ چی خەسڵەتێک وادەکات ئاوەڵناوی خراپ، یان باش بەسەر نووسەردا بسەپێت؟ نووسەری مشەخۆر کێیە؟. بە دیاریکراوی ئەم ساڵە نزیکانەی دوایی، پێگەی نووسەری کورد کەوتووەتە لێژایی و بەرامبەر هێرش و تەنانەت سووکایەتی تووش بوونەتەوە، ئەو ناوبانگە ئەفسانەییەی لە ماوەکانی پێشیندا هەیانبوو کەوت و تا ڕادەیەک ڕێز و بەها و پیرۆزی لە دەستدا. لەبارەی نووسەربوون و نووسەرەوە چی دەڵێن و هەروەها کورتەیەکی ئەزموونی وێژەیتمان بۆ باس دەکەیت؟
کۆچەر ئەبوبەکر: پرسیارەکان هەریەکەیان، رووبەری چەند تەوەرێکیان پێویستە بۆ وەڵامدانەوە، بەڵام با بەم جۆرە وەڵامت بەمەوە. سەیرکە؛ نووسەر مرۆڤی ئەشکەوت نییە و لە نێوجەرگەی کۆمەڵگەیەکەوە هاتۆتە بوون و هاتۆتە نووسین، بێگومان نووسینیش زادەی بەریەککەوتن و ئەزموونیەتی لەو کۆمەڵگەیەدا. کۆمەڵگە وامان لێ دەکات ئەوەی لە دەوروبەرمان ڕوودەدات بە بەڵگەنەویست وەریبگێڕینە نێو نووسینەوە، هەر بەم هۆکارەش کاتێک نووسەر نووسین دەکاتە کێشەی خۆی، پردێک لەنێوان نووسەر و کۆمەڵگەدا درووست دەبێت.مەرج نییە نووسین تەبا بێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا، لەگەڵ زەمەنەکەی خۆیدا، هەتا لەگەڵ مرۆڤایەتیدا، بەڵکو زۆر جار پێچەوانەی ڕەوتی کۆمەڵگە ئاراستە وەرئەگرێ و دەشبێت وا بێت. تۆ پێچەوانەی ڕەوتی کۆمەڵگە پیاسەکانت دەکەیت و مەڕە ڕەشەکە تۆیت. نووسین بۆیە هەیە، چوون ناکۆکییەک هەیە لەنێوان نووسەر و زەمەن و کۆمەڵگەکەیدا، ئێمە بوونەوەرە قەلەق و ڕاراکەی نێو مرۆڤایەتین. ئێمە لەگەڵ زۆربەی شتەکاندا ناکۆکین، دژایەتی ئاین ئەکەین، سیاسەتمان قبوڵ نییە، دەمانەوێت مێژوو بگۆڕین، خاوەنی وچانێک نین سەبارەت بە دونیای ناوەوەمان، ئەمەیە وا ئەکات بڵێین نووسەرەکان لە جیهاندا تەنیان. منی نووسەر، کە نامەوێ چالاکوانی سیاسی بم، کە نامەوێ هەڵسوڕاوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بم، کە نامەوێ لە کۆبونەوە ناکۆتاکاندا بەشدار بم، هۆکارم هەیە، هەراو زەنای ناو ئەم قاپە ئایسکرێمە وا دەکات لە خۆم دوورکەومەوە، کە من لە هەر شت و هەر کەس زیاتر پێویستم بە خۆمە و پێویستمە لای خۆم بم. دەکرێ لە پەنجەرەکەمەوە سەیری دەرەوە بکەم و لەبارەی دونیا و ئاڵۆزیەکانیەوە بنووسم. ئەمە واتای ئەوە نییە دەرەوە لە پەراوێزدایە، دەکرێت بەشداری خۆپیشانەکان بکەم و لە کۆتاییدا هوتافی من لەخزمەتی نووسیندا بێت. کاری من نووسینە و کچی نەک تەنیا کۆمەڵگەیەک، بەڵکو خۆم بە کچی دەیان کۆمەڵگە دەزانم و لەبارەیانەوە دەنووسم. واتای ئەوە نییە، کە من سەر بە عەوام نەبووم ئیدی لە دونیا بێئاگام و ناتوانم خەمی مرۆڤایەتی بهێنمە نێو نووسینەکانمەوە، کاری من ئەوەیە بە دونیادا بگەڕێم و شادی و نیگەرانییە وردەکان ببینم، دەبێت سەرقاڵی دۆزینەوەی فرەچەشنی و فرە ڕەهەندی بین، سەرقاڵی دۆزینەوەی کەرەستەی بەکار نەهاتوو بۆ نووسینەکانمان. دڵنیام بۆ هەموو نووسەرانی تریش هەر وایە. بەڵێ وەک پێشتر لە دیدارێکی تردا ئاماژەم پێکردووە، نووسین نەخۆشییە، نەخۆشییەکی دەرونی.
کاری ئێمەیە مێژوو نۆژەنکەینەوە و کار لە مێژووماندا بکەین، ئەمەیش بەوە ناکرێت، کە تۆ گوتارت لەسەر هەموو پرسێکی ڕۆژ هەبێت و خۆت لە هەموو کێشەکانی نێو کۆمەڵگە هەڵقورتێنیت، لە راستیدا، ئەوە ساتی مەرگی نووسەرە. کاری تۆ ئەوەیە، کار لەسەر ئەدەبیاتی نەتەوەیەک بکەیت و بە جیهانی بناسێنیت، کاری تۆ ئەوەیە، لەبارەی زەوییەکەوە بنووسیت، کە خەریکە ئەفلیقێتەوە، نەک سەبارەت بەوەی چەند مانگە موچە نەدراوە. بێگومان هەموو ئەمانە دەکەونەوە سەر نووسەر و لە منەوە بۆ تۆ دەگۆڕێت. دەکرێ لای هەندێک رێچکەی وەک ئەڵێی نامۆبوونێکی بێزراو بگرێت. نامەیەکی مارکسم بیر ئەخاتەوە، کە بۆ “رووگ”ی نووسیوە، ئەڵێت:(هەلومەرجی نائومێدی ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا ئەژیم، پڕم ئەکات لە ئومێد) نائومێدی، بێزراوترین وشەی نێو ئەدەبیاتی کوردییە
با کاری من نەبێت بەوەی نووسەری باش و خراپ پۆلێن بکەم، بەڵام بە ئاماژەیەکی بچوک مەبەستمە بڵێم، کە جیاکردنەوەی بنووس لە نووسەر ئەوەیە، کە ڕوداوێک لە زماندا بخولقێنێت، ئێمە ئەبێت خەریکی زمان بین و کار لە زماندا بکەین، کار لە تەکنیکدا بکەین، بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوەدا بین، یەک کەسایەتیمان نەبێت، بەڵکو بە چەندین کەسایەتییەوە بەر دونیا و دەوروبەری بکەوین و مامەڵە بکەین، مامەڵەی ئێمە تەنیا لەگەڵ شتە گەورەو ڕووداوە گەورەکاندا نەبێت. من لەسەر ئەم بۆچونەم ڕووبەڕووی ڕەخنە بوومەتەوە، بەڵام ئەوە حەقیقەتە، کە نووسەر پێویستە چەندین کەسایەتی لەخۆیدا بدۆزێتەوەو لەگەڵ هەر یەکەیاندا مامەڵەیەکی جودا بکات. ناکرێت من تەواوی ژیان یەک ئایدیالم هەبێ و بە یەک چاو سەیری جیهان بکەم، ناکرێت من تەواوی ژیان لە یەک گۆشە نیگاوە شرۆڤە بکەم، تەواوی ژیان سەر بە یەک ئاین بم و یەک پیاوم خۆشبوێ و لە یەک جوگرافیادا بمێنمەوە و پێشموابێت خەریکم باش ئەنووسم، نوسەری باش خەریکی بیرکردنەوە و ئەخلاقێکی ئازادە. نووسەر پێویستە بنووسێت پاشان بژی، نەک بژی و پاشان بنووسێت. نووسەر پێویستە گەڕۆک بێت، هیچ ماڵێکی نەبێت و هەموو شوێنێکیش ماڵی بێت.
پێویستە کار لەسەر ماف و مرۆڤ بکەین، نەک مافی مرۆڤ، ئەم دوو چەمکە لێک جودا بکەینەوە و بە جیا کار لەسەر هەر یەکێکیان بکەین. لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر سیاسیانە و ئاینیانە ئەم چەمکانە دابەشکراون و کاریان لەسەر کراوە و ئەمە لە ئەدەبیاتیشدا ڕەنگی داوەتەوە.
لەبارەی پەراوێزخستنی نووسین و نووسەری کوردەوە، ئەمەوێت بڵێم باسەکە تەنیا پەیوەست نییە بە یەک لایەنەوە، بەڵکو ئەکرێت چەند هۆکارێک و چەند مۆدێلێک هەبن، بێگومان دەیبەستمەوە بە کرانەوەی دونیای کوردی بەڕووی جیهاندا، ئەمەش خوێنەری چاو کراوە و زیتەڵەی درووست کردووە، خوێنەرانێک، کە تا ئاستێکی باش ئاگاداری ئەدەبیاتی دونیان و بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ نووسین و نووسەری دونیای کوردیدا ئەکەن. خوێنەری ئێستا قسەی هەیە و ئەو چیدی بە نووسینی کاڵ و کرچ ڕازی نابێت. ژیانی ئێستا، ژیانی شوقەنشینی و فاستفوودە، خوێنەرەکانیشی بێ کات و بێ حەوسەڵەن، کە من پێموایە زۆر شت بەرەو لەناوچون دەچن، هیچ زەمەنێک هێندەی ئەم زەمەنە، نووسەری کورد پەیوەندی خۆی لەگەڵ خوێنەردا ون نەکردووە. هەتا دێت مەودای نێوان نووسینی کوردی و خوێنەر فراوانتر دەبێت. نووسەری کورد جۆرێک سوڕانەوەی نوێ هەیە، کە ئەکرێ لە گۆشەی جیاوازەوە سەیری بکەین، ئەگەر ئەدەبی کوردی لە ناو ئەم سوڕانەوەیدا مۆدێلە زاڵەکەی خۆی نەدۆزێتەوە، پێموانییە، بتوانێ بمێنێتەوە. هەروەها دەیگەڕێنمەوە بۆ جۆری چێژی تاکی ئێستا، کە پەیوەندی بە تەکنەلۆجیاوە زیاترە لە پەیوەندی بە کەرەستە رۆحییەکانەوە،
کە بێگومان نووسین بەدەر نییە لەو کەرەستە رۆحیانە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو لینکەی کە تاکی ئەمڕۆی سەرقاڵکردووە بە خۆیەوە ئەو هەموو ئۆپشنەی کە لەبەردەستیایەتی، مرۆڤی ئێستا زۆر سەرقاڵە، پێموانییە هەرگیز پێشتر مرۆڤ هێندەی ئەم سەردەمە سەرقاڵبوبێت. لەناو ئەم سەرقاڵییەدا دواین شت کە بیری لێئەکاتەوە بچێت بەلایدا ئەدەبیاتی کوردییە. زۆر پێویستە ئەوە بڵێم کە کاتی ئەوە هاتووە نووسەری کورد، خۆی نۆژەن بکاتەوە و نەزمی نووسینی بگۆڕێت، کاتی نوسەری دووبارە و دەقی دووبارە و زمانی دووبارە بەسەرچوو. پێویستە گوتاری کوردی گۆڕانی ڕیشەیی بەخۆیەوە ببینێت، خوێنەری ئێمە چیدی مناڵۆچکە نین و گەورە بوون، ئێمە کەرەستەی باشمان هەیە بۆ نوسین، وەلێ زمانێکمان نییە ئەو کەرەستانە لە نێو نوسیندا جێبکاتەوە.
دیار لەتیف: هەمووان دەڵێن کاتی کۆن و دووبارەیی بەسەرچوو، باشە دەبێت کەی کاتی نوێبوونەوە بێت، کەی نوێی دەکەنەوە، چ کات کاتی ڕابوونەوە دێت!؟ هەموو تەنیا قسەدەکەین وەک لەوەی کارێکی گرنگی تێدا بکەین. سەرەتا کار، پاشان قسە، ئەوەی هەیە قسەیە و بێکار! تەنانەت ڕێزمانیانە بڕوانین، کردار لەزمان دەربهێنە زمان بێ مانا و ناتەواو دەکەوێتەوە. درووستبوونی هاوکێشەکە پێویستی بەکردارە. نایەژم کۆمەڵگەیەکی بێ کردارین، بەڵام کاتی ئەوەیە بێ کرداریی گوتار و کارمان بە ڕەخنە بکەین. لەجێیەکی وەڵامەکەتدا دەبێژی نووسەر پێویستە بنووسێت پاشان بژی، نەک بژی و پاشان بنووسێت. ئەمە چی واتایەک دەگەیەنێت؟! ئەوەی پێویستە بۆ نووسین کەرەستەکانی ژیاندنە. ژیان فێرگەیە، وزە و سەرچاوەشە بۆ کتێب، وەک ئەو پەندەی هەیە و دەوترێت:گەڕۆکێک هێندەی حەکیمگەلێک دەزانێت! بە ڕابردوو و ئێستاشەوە ژنانێک و پیاوانێک لە ڕەخنەگر و وێژەکار و فێمێنیست دەکارن و هەوڵیانداوە ئەدەب بەسەر ڕەگەزی نێر و مێدا دابەشکەن، ئەمە ڕەوایە؟ ئێوە وەک نەوەی تازە لەگەڵ نەوەی پێش خۆتان چی جیاتان دەکاتەوە؟ ڕێژەی کاتی نێوان نەوەکان مەبەست لەوە، لە ڕاپەڕینی دەیەی نەوەدەکانەوە دەپرسم. تۆ وەک شاعیر چیت سەرباری وێژەی کوردی کردووە؟!
کۆچەر ئەبوبەکر: بەوپێیەی ئەدەب پرۆژەی تاکەکەسییە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ناوەوەی تاکدا هەیە، گرنگە بڵێم سەرڕێخستنی ئەم بابەتە پێویستی بە بەخشینە لە نووسەرەوە، بەخشینی وزە، کات…هتد. بەکورتی نووسەری لەخۆ بوردوو ئەم کارە بەرەو پێشەوە دەبات، کە تا ئەو ئاستە ئامادەیی کرانەوەی هەبێت بە ڕووی دونیای دەرەوە و ئەدەبیاتی دەرەوەدا بکرێتەوە و گوتارەکانی گوتاری جیهانی بن. چەندە گرنگە نووسەر وەرگربێت و ئامادەیی کرانەوەی هەبێت، ئەوەندەش گرنگە ئامادەیی فڕێدانی هەبێت، فڕێدانی ئەو کەسایەتییە گرگنانەی لە ناویدان و کاریان بچووک هێشتنەوەیەتی، بەڵام لەپاڵ هەوڵی تاکەکەسی و خودیدا، ئەوەی گرنگە و خەمخۆرانی وێژەی کوردی پێویستە لە خەمیدا بن، ڕەخنەیە. ڕەخنە ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی لە پێشخستنی ئەدەبیاتدا هەیە، کە لە دونیای ئێمەدا لە غیابدایە. تۆ تا ڕەخنەگری ئەکادیمی و دەزگایەکت نەبێ بێلایەنانە دەق هەڵسەنگێنێت، ناتوانی ئەدەبیاتی نەتەوەیەک پێشبخەیت. لە خۆرئاوا ڕەخنە بووە بە کردەیەکی نەریتی و مێژوویەکی دووری هەیە. ڕەخنە چەندین ڕەهەند و قوتابخانەی هەیە و کار لەسەر هەر بەرهەمێک دەکات، کە بڵاو دەبێتەوە. کەسی پسپۆر و شارەزا لەو بوارەدا قاڵ بوونەتەوە، ئەمە وای کردووە ئەدەبیاتی خۆرئاوا چەندین دەیە لەپێش هەر جێگەیەکی ترەوە بێ لە بواری وێژەدا، نەک هەر خۆرئاوا، تەنانەت لە وڵاتەکانی دراوسێشماندا بەهەمان شێوەیە. لێرەوە لە کەوانەیەکدا مەبەستمە بڵێم ڕەخنەگری ئێمە یەک دوانێک نەبێت، ئەکادیمی نین و ڕەخنەگری ئێمە لەسەر بنەمای خزمایەتی، یاخود کینەیەکی زۆر لە نووسەر دەست بۆ دەق دەبات. بۆیە ڕەخنەی ئێمە یان ستایشە، یاخود لێدانە لە دەق. گوتاری ڕەخنەی ئێمە هەر لەسەرەتاوە، کە دەنووسرێت بۆ ئەوەیە بەدیلێک بۆ دەق بدۆزێتەوە و پێیوابێت گەر ئەم دەقە بەو جۆرەی ئەو دەیخوازێ بنووسرابا باشتر دەبوو. ئەم جۆرە لە ڕەخنە، کە بەدوای جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤدا ئەگەڕێ بۆ دەق، ترسناکە. لە کەم ئەزموونی و بێئاگایی ڕەخنەگرەوەیە، لەم جۆرە ئافراندنەدا چاوەڕوانکردنی ڕەخنەگر لە نووسەری کورد و بەراوردکردنی بە نووسەرانی خۆرئاوا، یاخود نووسەری وڵاتانی دراوسێ کارێکی بێمانایە، چون هەموومان دەزانین ئەدەبیاتی هەر وڵاتێک بۆ خۆی مێژوویەکی دووری هەیە. ئێمە پێویستە لە سەرەتاوە دەستپێبکەین، ئەدەبیات لای ئێمە تازەیە، ڕاستە لەسەرەتای سەدەی یازدەهەمەوە بابا تاهیر عەریان(بابا تاهیری هەمەدان) یەکەم چوارینەکانی خۆی نووسیوە، بەڵام هەتا چەندین سەدە دوای ئەو ئەدەبیاتی کوردی بێدەنگە و بە بۆشاییدا دەڕوات، کە بێگومان هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە و گرنگیدانی کورد بە ئاینەکە، کاریگەری خۆی هەبووە هەتا ئەگاتە سەردەمی حاجی قادری کۆیی. ئەم باسە زۆری ئەوێ و بە کورتی مەبەستمە بڵێم ناکرێت چاوەڕوانیمان لە نووسەرێکی کورد ئەوەبێ کە وەک نووسەرانی خۆرئاوا بنووسن. ئەدەبیاتی ئێمە هەتا ئێستایش لەو قۆناغەدایە، کە پێیوایە نووسین خۆخاڵی کردنەوە و هەستە، لەکاتێکدا لەخۆرئاوادا لەمێژە کراوە بە پرۆژەی ژیانی نووسەر و بەرهەمی لۆژیک و هەست و ئاوەز و …هتد.
ڕەخنەگری ئێمە هەتا ئێستاش کاری بەسەر رێزمان و خاڵبەندی کتێبەوە هەیە، ڕێگە بەخۆی دەدات سەرلەبەری کتێبێک ڕەتبکاتەوە بە بیانوی ئەوەی ڕێزمان و خاڵبەندی تەواو نییە، کە خۆی لەبنەڕەتدا ئەرکی ئەو دەزگایەیە، کە ئەو بەرهەمە چاپ دەکات، بەر لەبڵاوبونەوەی کتێبێک پێویستە ئەو بابەتە یەکلایی بوبێتەوە و کتێب بە چەند فلتەرێکدا ڕۆیشتبێت، کە ئەمەش بۆخۆی بابەتێکە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام بۆ ئێستا نا. وەلەپاڵ ئەمەشدا دیسانەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی، سەرەتا بەر لە هەر شت نووسەر نووسین بکاتە پرۆژەی ژیانی، هەر ئەوەی کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، نووسەر گرنگە بنوسێت، پاشان بژی، نەک بژی پاشان بنوسێت. بەو مانایەی نووسین تاکە پرۆژەی ژیانی بێت، ژیانی ئاسایی بخاتە ئەولاوە و باجی گەورە بۆ نووسین و دونیای نووسین بدات و خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. نووسین جۆرێک لە شەڕی ئەوێت، کە دەبێت لەگەڵ خۆت و دونیای دەرەوەی خۆتدا بەرپای بکەیت، گەر یەک دوو نمونەی نێو دونیای ئەدەبیاتی کوردی بێنمەوە، دەتوانم ئاماژە بە ئەحلام مەنسور و بەختیار عەلی بدەم. ئەمانە ژیانی تایبەتی خۆیان بەلاوەناو، ماڵێکی گەرمیان لەنێو وشەدا درووستکرد. نووسین گرنگە ئامانجە باڵاکە بێت، ئەو نووسەرانەی، کە نووسین ئامانجە باڵاکەیە لەنێویاندا، باجی قورسیان داوە و بەردەوامیش دەیدەن و دەکەونە بەر تانەی مرۆڤی سەردەمەکەی خۆیانەوە، بەتایبەتی لە میللەتانی ڕۆژهەڵاتدا. نووسین ڕێڕەوی ژیانیان دیاری دەکات. بە گشتی تۆ کۆیلەیت، کۆیلەی دونیاکەی خۆت، کۆیلەی ئایدیاکانی نێو سەرت، کۆیلەی نوسین، ئەو دیاری دەکات لەگەڵ کێدا بچیتە ژوان. ئەو جوگرافیایەی سەفەری بۆ دەکەیت، دەتکات بە پەناهەندە، ئەو ئەپارتمانەی بە کرێی ئەگری، چۆن مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانتدا دەکەیت، تەنانەت ئەو فەڕشەی لەماڵەکەتدا ڕایدەخەیت، دیاری دەکات لەگەڵ کێدا ئاشنابیت و کێن ئەوانەی لە قاوەخانەیەکدا قاوەیان لەگەڵدا دەخۆیتەوە، هەتا بڕیار لە جۆری بۆنەکەشت دەدات، وا دەکات دەست لە یار و یاوەر هەڵبگریت. دەست دەخاتە ژیانتەوە، دەتکات بە کەرەستەی دێڕەکانی، قوربانی بۆ ئەدەیت، قوربانیی گەورە. نیتچە وتەنی لەپێناو مەعریفەدا هەموو قوربانییەک ئاسانە، بەڵام بە گشتی نووسەرانی ئێمە ئەژین پاشان دەنووسن، پاش هەموو شتێکی ژیانی، هەر وەخت مەیلی بێت دەنوسێت، وە ئامادە نییە بچووکترین گۆڕانکاری لەژیانیدا بکات لەپێناوی دونیای نووسیندا.
ئەدەبیاتی ژنانە و پیاوانە ئەو بابەتەیە، کە دەیان جار قسەمان لەسەر کردووە و بابەتێکی سواوە، بەڵام هێشتاش ئەوە دەهێنێت قسەی زیاتری لەبارەوە بکەین، چوون هێشتا بەرەیەک هەن نەک تەنیا لەنێو وێژەی کوردیدا، بەڵکو لە ئەدەبیاتی هەموو دونیادا لێرە و لەوێ دەبینرێ بەمەبەست کار لەمەدا دەکەن، بە پاڵپشتی چەند بزوتنەوەیەک، کە لێرەدا پێویست نییە تیشک بخەینە سەریان، بەتایبەتی لەکۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان و ئەو کۆمەڵگانەی دەسەڵاتی نێرسالاری تیایاندا زاڵە، بەڵام با سەرنجی ئێمە زیاتر لەسەر ئەدەبیاتی کۆمەڵگەی کوردی بێت. مێژووی ئەم جیاکارییە لە ئەدەبیاتدا یەکسانە بە مێژوی چەوساندنەوەی ژن لە کۆمەڵگەدا و بەڕێوەبردنی دونیا لەلایەن پیاوانەوە، دیسانیش ئاین ڕۆڵی خۆی هەبووە لەم جیاکارییەدا. وەک ئەزانین نووسینی ژنان هەتا سەدەی هەژدەش شاراوە بووە و ژنان ناچار بوون لەژێر ناوی پیاوێکدا نووسینەکانیان بڵاوکەنەوە. بەو پێیەش ناچار بوون وەک پیاو بنووسن. ئەم سەنگەر گرتنەی ژن و پیاو لە یەکتر لە نێو وێژەی کوردیدا زۆر بە زەقی دەبینرێ و بە ڕوونی ژن بە ئۆبژە کراوە و وەک کەرەستەی سێکس چاوی لێکراوە و پیاویش وەک سیمبولی دەسەڵات و شکۆ و توانا خۆی ناوزەد کردووە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا ئەم جۆرە لە دەق لە ئەدەبیاتی پیاوانە دەرچووە و بووە بە ئەدەبیاتی سێکسیزم، نمونەی زیندووشمان هەجووەکانی شێخ رەزای تاڵەبانییە، کە چۆن خۆی وەک چەقی دەسەڵات و نێرینە دەبینێ و ژنیش وەک ئامرازی خۆ خاڵیکردنەوە، یاخود نالی لە شیعری (مەستورە)دا چۆن هێرش دەکاتە سەر مەستورە و تەواوی ئەدەبیاتی مەستورە ڕەت دەکاتەوە و تەنیا وەک ئامرازی سێکس دەیبینێت و باس لە خەونێک دەکات کە بە مەستورەوە بینیویەتی. نالی لەوێدا سکێچێکی سێکسی، خاڵی لە مەعریفە بۆ مەستورە دەکێشێت. دەیان نمونەی ترمان هەیە و لە ئەدەبیاتی جیهانیشدا ئەمە بەڕوونی دیارە. گەر چاوێک لە مێژوو بکەین ئەو داستانانەی کە نووسراون زۆربەیان ژنیان وەک بوونەوەرێکی شەڕانگێز، ئاژاوەگێڕ و کەم توانا، یاخود وەک کەرەستەیەک بینیوە،. وەک دەبینین لە داستانی ئیلیادەی هۆمیرۆسدا شەڕی تەروادە لەسەر هێلینی ژنی شای سپاردە هەڵدەگیرسێت.
داپڵۆسین و دەستدرێژی بۆ سەر ژن لەنێو کۆمەڵگەوە گواستراوەتەوە نێو ئەدەبیات، ئالێرەوەیە ژن ئەدەبیاتی وەکو ماڵی ڕازەکانی بینیوە و لەنێو ئەدەبیاتدا باس لە خەمە خودیەکانی خۆی دەکات. ئەم سەنگەر گرتنە مێژووی هەیە و بەو ئاسانییەش ئەم سەنگەرانە تێکناشکێنرێن. لەدەرەوەی هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەی پیاو کەرەستەکانی پیاوانەن و ژنیش کەرەستەکانی ژنانە، تا ئاستێک دەکرێ ئاسایی وەریگرین بەو مەرجەی نەبێت بە تیرێک بۆ رەگەزی بەرامبەر. ئێمە ناتوانین ڕەخنە لە ژنێک بگرین کە وەک ژن دەنوسێت، پیاویش بەهەمان شێوە، بەو مەرجەی نەچێتە بابی پۆلێن کردنەوە و بە مەبەست کار بۆ ئەو پۆلێن کارییە نەکرێت. وەک چۆن ناتوانین ڕەخنە لەوە بگرین، کە بۆچی کەرەستەکانی تۆی پیاو جیاوازترە لە هی منی ژن، بۆچی تۆ چاکەت و پانتۆڵ لەبەر ئەکەیت و منیش کراسی ژنانە، بۆچی من ماکیاژ دەکەم و تۆ ریش ئەهێڵیتەوە، ئاواش ناتوانین ڕەخنە لە دەقێک بگرین کە کەرەستەکانی ژنانە، یان پیاوانەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، لە هێڵە گشتییەکە لا نەدەین و مرۆڤایەتی لەسەر و هەموو ڕەگەزەکانەوە لەبیر نەکرێت.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەتدا، کە چ شتێک من وەک نەوەی تازە لە نەوەی پێش خۆم جودا دەکاتەوە، نامەوێت ئەدەبیاتی پێش خۆم بنرخێنم، چوون نە کاری منە و نە ئێرەش شوێنی ئەوەیە، بەڵام خۆزگە کەسێک ئەوەی دەکرد. ئەوەی مەبەستمە لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە، کە نووسەرانی پێش من نووسەرانێک بوون کەمتر من بە فەزا و ژینگەی ژیاریی سەردەمەکەی خۆیان ئاشنا دەکەن. باسی شێرکۆ و یەک دووانێکی تر ناکەم، بەڵام بەگشتی مامەڵەی ئەدەبیات زیاتر لەگەڵ ئەبستراکدا بووە و کەرەستەکانیان کەرەستەی خەیاڵی بوون، وەک ئەوەی کە ئەمان خۆیان لە حەقیقەتێک دزیبێتەوە، کە کۆمەڵگەو نەوەی ئەوکات بەدەستییەوە ناڵاندوویەتی. ئەم کەرەستە ئەبستراکیانە لە دونیای ئەمڕۆدا کاری پێناکرێ و ئەدەبیات ئیشی پێیان نەماوە. خوێنەری ئەم نەوەیە چاوکراوەن و نووسەرانیش خودایەک لە نووسیندا داناتاشن بەقەدەر ئەوەی بە ڕەقی بەر حەقیقەت دەکەون و لەبارەیەوە ئەدوێن. من لە ڕێگەی وێژەوە ناتوانم بزانم چی گوزەراوە لە رابردودا و جەنگ و هەموو کارەساتەکان چ سیمایەکیان هەبووە، ئەوان زیاتر رۆحانی بوون، (لێرەدا مەبەستەکەم کلاسیکیش ئەگرێتەوە) ئێمە مەبەستمانە دەست لەو کەرەستانە بدەین، کە لەبارەیانەوە دەنووسین و دڵنیا دەبینەوە لە بەرجەستە بوونیان. کەرەستەکانمان کەرەستەی ڕۆژن، هەموو شتێک دەکرێ ڕۆڵی پێبدەین لە دەقدا، لەکاتێکدا بەر لە ئێمە کۆمەڵێک وشە نەفی کرابوون لەدەقدا و بۆیان نەبوو ڕۆڵیان هەبێت. من تاوانباریان ناکەم، بەڵام وەک نەوەی دوای ئەوان مافی ئەوەم هەیە ڕەخنە بگرم، وەک چۆن نەوەی دوای من مافی ئەوەی هەیە ڕەخنە لە من بگرێت. ئەو پیرۆزییەی بە ئەدیب بەخشراوە لە ڕابردوودا، نەوەی ئێمە پیرۆزیەکان تێکدەشکێنێ و داب و نەریت و مۆدێلی تازە لە نووسیندا دەهێنێتە ئاراوە و پشتگیری ئایدیای تازە دەکات. نەوەی ئێمە بەردەوام لە خۆ تێپەڕاندندایە، هەمیشە خەریکی نوێگەرییە و مەبەستییەتی خۆی و ئەوانی تریش بەهەمان خێرایی مۆدێرنە تێپەڕێنێت. وێژەی پێش من و نەوەی پێش ئێمە ئەم ناهاوسەنگییەی نەبووە، ئەم نا دڵنیایی و ڕاراییەی نەبوو، بەڵکو زۆر خەیاڵ ساف لەسەر هەمان ڕیتم ساڵانێک نووسیویەتی و بگرە ئێستایش بەهەمان ڕیتم و ڕێچکە دەنووسێت. ئێمەی ئەم نەوەیە نەوەی ڕارایی و لە خۆ رازی نەبوو، پێمان وایە ناکرێت دەقی ئێستامان لەگەڵ دەقی ساڵێک لەمەوبەرمان جیاوازی گەورەی نەبێت، ئەم ڕاراییەش ئەدەبیات بەرەو پێش دەبات. بە گشتی نەوەی پێش ئێمە خولیای جێگیری و هاوسەنگی هەبوو و نەوەی ئێمە خولیای نا هاوسەنگی و نا سەقامگیری، هەم لە ئاکاریدا هەم لە وێژەیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەگەر بمخەیتە بەردەم ئەو پرسیارەی، کە من وەک نەوەی نوێ چیم بۆ ئەدەبیاتی کوردی زیاد کردووە، ڕاشکاوانە پێتدەڵێم، من هێشتا دەستم بە نووسین نەکردووە و ئێستا ئیدی بە نیازم دەست بە نووسین بکەم.
دیار لەتیف: ئایا چی قۆناخێکی وێژەییمان فرەتر قوتووێنراوە؟ بە شێوەیەکیتر بپرسمەوە، ئایا وێژەی کوردی قۆناخێکی هەبووە لە دۆخی هاوردەییەوە چووبێتە دۆخی هەناردەییەوە؟ لە جێیەک لەوەڵامەکەتدا تەواو تاریکبینانە لە بابەتی ڕەخنە و ڕەخنەسازی کوردی دەڕوانیت و وەک ئاماژەت بۆداوە دوو کەسێک گەر هەبن! پێتوانییە هێجگار بەوجۆرە نییە و نەک لە ئێستادا، لە ڕابردوودا و چەند دەیەیەک پێش ئێستا کەسانێک هەبوونە ڕێبازیانە و بابەتیانە دەقیان شیکارکردووە. بە ئاگادارییەوە خۆم لەناوهێنان دەپارێزم، ئەگەرنا ناوی پێویست هەن جێی ئەوەن تیشکیان بەسەر بخرێت. هەنووک کەسانێک هەم لەناو زانستگەکان کە ڕێژەیان سنووردارە، پاشان لەناو کایە ڕووناکبیرییەکە هەن، دەق لە دەرەوەی ناسنامەی کەسێتییەوە دەخوێننەوە. دەکرێت لە ئاستێکی کەمدابێت و تەنانەت زۆریش دڵخۆشکەر نەبێت، بەڵام خۆ لانیکەم ناوەندەکە هێجگار چۆڵیش نییە وەک ئەوەی ئێوە وێنای دەکەن؟!
ڕەخنە بە دەزگایی کردن خۆدزینەوە و خۆ فریودانە. ڕەنگە لەو باوەڕەدابین دەبێت و پێویستە بینایەک درووست بکرێت و ناوی لێ بنرێت: خانەی ڕەخنەی کوردی و ئیدی ئاسوودەبین و پێمانوابێت ڕەخنەسازیمان هەم ساخ و بێگەردە، هەمترێک بە دەزگایی بووە، گەر ئاوا بۆ ڕەخنە بڕوانین، ئەوە تێڕوانینێکی ساویلکانەیە. ئەوەی لە ڕۆژئاوا لە بواری ڕەخنەدا هەیە، بابەتەکە کاتە و ساڵانێکی زۆر لەپێش ئێمەوە دەستیان پێکردووە، ئێمە وڵاتێکی داگیرکراوین و بە ئێستاشمانەوە لەژێر هەژموونی ترسێکی بێپایان دەژین و تا ئەم چرکەساتە لە قۆناخی بەرگریداین. لەگەڵ ئەوەشدا نیوچە سەربەخۆییەکمان تاقیکردەوە و حکومڕانییمان تەواو فشۆڵ و گەندەخۆر و جەردەیی دەرچوون و نەمانتوانی ناوچەکە ببینە قۆناخێکیترەوە و کڕۆکیانە پێشی بخەین، نەک ڕووکەشانە. ئەوە وایکردووە وێژە و ڕەخنەسازیمان دواکەوتووانە بێت بە بەراورد بە وڵاتە پێشچووەکان، هۆکاری ناسەرکەوتووی لە بەڕێوەبەری و ناتەواوی لە خۆ پەروەردەکردن و بە فیڕۆدانی کاتە! لەگەڵ ئەوەدانیم ڕەخنەگر کاری خۆی لە ڕێنووس و خاڵبەندیدا کورت بکاتەوە، بەڵام خۆ ئەرکیشە لەسەر نووسەر ڕێزمانزان و لەهەمانکاتدا ڕێنووسساز و ئاشنای خاڵبەندی بێت. ئەوەش بەهانەیە باوەڕمان وابێت چونکە زمانی کوردی ستاندارد نییە، ئیدی بایەخدان لەسەرمان پێویست ناکات.
زمانی کوردی هەم پێشچووە و هەم پێشکەوتووشە و ئەوە بڕیاری سیاسییە ڕێگرە لەبەردەم بە فەرمی ستاندارد ناساندنیدا و هۆکاری دیکەش هەن. بەهانەی ئەوەی گوایە دەزگای چاپ، یان هەڵەگر ئەوکارە بۆ نووسەر کورت بکاتەوە و ئەنجام بدات. من لەگەڵ هەڵەگردام، بەڵام ئاخۆ بۆچی لەگەڵ ئەوەدا نەبین، کە شەرمە نووسەر ئاگاداری زمانەکەی خۆی نەبێت. نووسەر نموونەی باڵای بەکارهێنەری زمانەکەیەتی، هەڵەگر لەوکاتانەدا گرنگە کە نووسەر قاڵ و بێ کات بێت، نەک کتێبێک زبڵ لەڕووی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە بخاتە بەردەم هەڵەگرەوە و داماوی بکات. لە پاژێکیتری وەڵامەکەتان ئاماژە بۆ دوو ناو دەکەن، کە چوونکە ژیانی تایبەتی خۆیان بۆ نووسین تەرخانکردووە، ئیدی خاوەن ماڵی گەرمن! لەو ڕستەدا جۆرێک زێدەڕەویی دەبینرێت، دەیان ناو هەن نەچوونەتە خەڵوەتی نووسینەوە و دەژین و دەنووسن، ئەزموون دەکەن، کەچی خاوەن بەرهەمی گرنگ و تایبەت و دیارن و لەکاتێکدا ناویشن و هەر لێرەدا ناوبهێنم دەناسرێن و هەمووان دەیانناسن، چ دەستەبژێر و چ جەماوەی خوێنەر و چ خوێنەری چالاک، لەبەردەم ڕێژەگەریداین، کەواتە مەرج نییە لە بواری ڕۆشنبیریدا یەک سەرباری یەک بخەیت دوو بکات! لەجێیەکدا دەڵێیت ئەدەبیاتی نەوەی پێشوو بەکلاسیکەوە، ڕۆحانین و وێنای سەردەمەکەی خۆیان ناکەن جگەلە سێ ناو، کە ئاماژەت پێکردووە. دەپرسم: ئایا چامەکەی نێوان نالی و سالم وێنای سەردەم و ڕۆژگارەکەی خۆیان نەکردوون؟! ئایا مەحوی نابینیت چۆن وێنای کۆمەڵگەی مەلا و سۆفیمان بۆ دەکات؟ ئایا ئەحمەد موختار و گۆران و ڕەفیق سابیر و حسێن عارف و دەیان ناوی دیکە، کە ڕۆژگاری کۆمەڵگەی کوردیمان بۆ دەخەنە سەر خوان. لەهەمان ناوبەنددا دەڵێن تازە دەتانەوێ دەست بە نووسین بکەن، ئاساییە ئەزموونی لە پێشینە ڕەت بکەیتەوە، ئەمە بۆ هەرکەسێکمان ڕێپێدراوە، بەڵام ئەو دەستەواژە ڕستەییە ئاماژەیەکی ترسناکی تێدایە لەوەی نووسەر ئۆرووپایی نەبێت ناتوانێت نووسەر بێت!
ئێوە بۆیە دەخوازن ئەزموونی ڕابردووتان ڕەتبکەنەوە، لە نیشتمان نووسراوە؟ بە نموونەیەک باسەکە کۆتایی دەهێنم، عەرەب و پاشان مرۆڤایەتی محمد ماغوتی هەیە، تەنانەت تا کۆتایی تەمەنی لە نیشتمانی عەرەبیدا ژیا و مرد و هاوکات جگە لە زمانی عەرەبی هیچ زمانێکی تری نەدەزانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماغوت لە گەورەترین شاعیرانی عەرەب نا، بەڵکو لە مەزنترین شاعیرانی جیهانە! لەناو کوردیشدا وێژەکارمان هەن، تا لە زێدبووە لە دەنگە بەرچاوەکان بووە، کە چووەته تاراوگە ئاستی نووسین و بەرهەمی بۆ خواری خوارەوە دابەزیوە.
کۆچەر ئەبوبەکر: وادەردەکەوێت، کە کۆی بەرسڤەکانی منت لە چوارچێوەیەکدا بچووکو بەرتەسک کردونەتەوەو لەقاڵبت داون. من کاتێک باسی رەخنە ئەکەم، قسەی من لەسەر پێشخستنی وێژەی نەتەوەیەکە، لەسەر رەخنەگرێک و دووان نییە، باسی من لەسەر چەندین رەخنەگرو چەند قوتابخانەیەکی رەخنەیی ئەدەبی مۆدێرنە، کەبەمیتۆدو سکێچو رەوشتمەندییەوە کار بکات، قوتابخانەیەک لە رێبازە رەخنەییەکان، کە دەق بخاتە ژێر چاویلکەی فیکرو فەلسەفەوە، دەق لەهەڵگری واتایەکەوە بگۆڕێت بۆ هەڵگری چەند واتایەک، چون هەر لێکۆڵەرێک جۆرێک خوێندنەوە بۆ دەق ئەکات، چونکە وەک پێشتر وتم، ئەوەی ئەدەبیات لە قۆناغێکەوە دەباتە قۆناغێکی تر، دەکرێ بوونی رەخنەی جددی بێت. تۆ پێت وایە لە رابردووداو ئێستایش چەند کەسانێک هەن، من باسی کەسانێک ناکەم، قسەی من لەسەر رەوتێکە، نمونەیەک و دووان کافی نین بۆ پێشخستنی ئەدەبیاتی نەتەوەیەک، ئەوە ئەگەر بمانەوێ ئەدەبیاتەکەمان پێشکەوتنێک بەخۆیەوە ببینێت، ئەگەریش نا، تا ماوین بەدیار چەند نمونەیەکەوە دادەنیشین و دڵیان پێ خۆشئەکەین و هیچ هەنگاوێک نانێین. لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئامەژەم بەوەدا، کەئەدەبیاتی ئێمە ساوایەو چاوەڕوانی و بەراوردکردنی بەئەدەبیاتی خۆرئاوا کارێکی بێمانایە، بەڵام خۆ دەبێت خاڵێک هەبێت ئێمە تێیدا هەنگاوێک بنێین و بچینە قۆناغێکی ترەوە، ئەم هەنگاوە بەچەند نمونەیەک ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە سەدان نمونەو کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند هەیە لەسەر ئاستی زۆربەی ژانرەکان. چاوەڕوانی من ئەوە نییە لەئێستادا ببینە خاوەنی تیۆری رەخنەی خۆمان، ئەمە رەنگە هەرگیز روونەدات، بەڵام خۆ لانیکەم ئەتوانین بەپشتبەستن بە تیۆری رەخنەو لێکۆڵینەوە لەخۆرئاوا جوڵەیەک بخەینە بوارەکەوەو رەخنە بکرێت بە پرس لە بوارەکەداو غەمی بخورێت، وە کاتێک باس لە دەزگایەک دەکەم، مەبەستم دەزگای پڕکارو ئەکادیمی و جددیە، نەک ئەو دەزگا بێئاگایانەی، کە ئێستا لەکوردستان هەن و من تاقەتم نییە کەموکورتییەکانیان ریز بکەم، کە دەڵێم دەزگا، پێناسەی من بۆ دەزگا، هەمان پێناسەی تۆ نییە.
لەوەدا هاوڕام، کە پێتوایە نوسەر گرنگی بە رێنوس و خاڵبەندی بدات، بەڵام کام رێنوس، ئێمە هەتا ئێستا خاوەنی رێنوسێکی یەکگرتوو نین، رەنگە ئەو رێنوسەی من کاری پێدەکەم تۆ کاری پێنەکەیت، رێنوسەکەشمان وەک سیاسەتمانی لێهاتووە، هەر ناوەندێکی چاپو بڵاوکردنەوە لە دژی ئەوی دی رێنوسێکی قوت کردۆتەوەو کاری پێدەکات.
پێموابێ هێشتا زۆر زووە بۆ کردنی پرسیاری ئەوەی، ئایا ئەدەبیاتی ئێمە هیچ قۆناغێکی هەبووە، لەهاوردەوە پێ بنێتە قۆناغی هەناردە، کردنی وەها پرسیارێک بەپشتبەستن بە پاشخانێکی دەوڵەمەند ئەکرێت، ئێمە دەبێت جارێ بێین ژانرەکان جیا بکەینەوەو چەندین بەرهەمی وێژەییمان هەبێت، وەک رۆمان و چیرۆک و نۆڤلێت و ژیاننامەو…هتد و بەپرۆژە کار بۆ وەرگێرانی بەرهەمەکانمان کرابێ بۆ زمانی بیانی و خاوەنی کتێبخانەیەکی باشبین، ئەوکات دەتوانین وەها پرسیارێک بخەینە بەر باس، لە ئێستادا ئەوەی ئێمەی بە دونیای دەرەوە ناساندووە تراژیدیاکەمانە، نەک وێژەمان، واتە ئێمە لەرێگەی هەڵەبجەو ئەنفال و شەنگال و…هتد لە خۆرئاوادا ناسراوین، نەک لەرێگەی ئەدەب و میوزیک و سینەماوە. باسی هەوڵی تاکەکەسی ناکەم، کەبە هەوڵ و جوهدی تاک لێرەو لەوێ کار کراوە، بۆ نمونە وەرگێڕانی مەحوی لەلایەن بەڕێز ئەحمەدی مەلاوە بۆ زمانی فەرەنسی، یەکێک لەو هەوڵانەیەو من بەرز دەیاننرخێنم.
کاتێک ئاماژە بەوە دەدەم، کە ئەدەبیاتی ئێمەو بەتایبەتیش کلاسیک ئەدەبیاتێکی رۆحانی و تەسەوفی بووە، دروست مەبەستم ئەوەیە، کە ئێمە قۆناغێکی درێژمان هەیە، کە قۆناغی ئەدەبیاتی مزگەوت و حوجرەیە، مەزەندەی ئەوەبکە، کە ئەدەبیاتێک لەنێو حوجرەدا بەرهەم هاتبێت چەند دەرگای لێ داخراوەو چەند بچووک و تەسک کراوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی جگە لە شیعرو لەم دواییەشدا جۆرێک لە پەخشان، هیچ ژانرێکی تر دەستی بۆ نەبراوە، زیاتر رێچکەی تەریقەتێکی وەرگرتووە وەک لە ئەرکی راستەقینەی ئەدەب، مەحویش پێوەی دیارە، کە چەند دەست داخراو کاری کردووە بۆئەوەی لەنێو کۆمەڵگەکەیدا جێیبێتەوە. ئەوە رەنگە هۆکارێکی گرنگ بێ، کەوای کردووە ئەدەبیات لە مێژودا نائامادەبێت.
بۆچی پێتوایە، من بەهۆکاری ئەوەی لە غوربەتدا نەمنوسیوە، ئەزمونی ئەدەبی خۆم لە وڵات رەت دەکەمەوە؟ من پێموایە تائێستا کاتو دەرفەتم نەبووە، وەک ئەوەی پێویستە کار لە ئەدەبیاتدا بکەم و پێموایە ئێستا کاتیەتی بە جددی کار لە ئەدەبیاتدا بکەم و ئەوەی لەپێشوتردا نوسیومە لە پەراوێزی ژیان و کار و وزەی مندا نوسراوەو ئێستا ئیدی مەبەستمە بەرپرسیاریەتی ئەدەب هەڵگرم.