باشاک: هاوسەرەکەم ئازاد بێ ئەردۆغان دەدۆڕێت

پۆڵەتیک پرێس

رۆژنامەی لو جۆرنال دو دەمێنشی فەڕەنسی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” بڵاوکردەوە، ئەم چاوپێکەوتنە لەلایەن کارین لاجۆن ئەنجامدراوە و لەژێر ناونیشانی “باشاک دەمیرتاش، چالاکوانی کورد و دوژمنی ئەردۆغان” بڵاوکراوەتەوە.

لەبارەی ئەزمونی ژیان و خەباتییەوە باشاک دەڵێت، ئاسان نییە لەتورکیا ژن بیت، من دان بەوەدادەنێم کە کوردم، ژنم، “دایک”م، مامۆستا و چالاکوانم و لەئێستاشدا بەرهەڵستی ژنان لەتورکیا بەرفراوانتر بووە.

باشاک دەمیرتاش باس لەوەدەکات، لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەنیا لەڕێی تەلەفۆن و لەودیو شوشەوە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشدا هەبێت، لەکاتێکدا پێش پەتای کۆرۆنا دەیانتوانی مانگی یەک سەعات بەئاشکرا کۆببنەوە و قسەبکەن.

دەمیرتاش بەدەست کاری دوژمنکارانەی ئەردۆغانەوە دەناڵێنێت

باشاک لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت، “چاوەڕێی ئەوە لەسەڵاحەدین مەکەن بەئاسانی باسی ئەو ئازارانە بکات کە پیایدا تێپەڕیوە”.

بەپێی ئەو رۆژنامە فەڕەنسییە، ناکۆکی نێوان باشاک دەمیرتاش و حکومەتی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، بۆ ئەو کاتەی لەساڵی 1982 هێزەکانی ئاسایشی گشتی باوکیان دەستگیرکرد.

باشاک دەمیرتاش لەوەسفی ئەو شەوەی باوکی دەستگیرکرا دەڵێت، “ماڵەکەمان کاولکرا، وەک منداڵێک نەمدەتوانی تێبگەم لەوەی چی روودەدات، تەنیا رەفتاری هێمنانەی دایکمم بیرە، ئەو شەوەشی سەڵاحەدین دەستگیرکرا بیرم لەکچەکانم دەکردەوە”، بەقسەی باشاک، بەچەند رۆژێک بەرلە دەستگیرکردنی، سەڵاحەدین قسەی بۆ کچەکانی دەکرد، وەک ئەوەی هەست بکات شتێکی بەسەردێت.

لەو بڵاوکراوەیەی رۆژنامە فەرەنسییەکەدا هاتووە، دەمیرتاش هەم لەسەر ئاستی سیاسی هەم لەسەر ئاستی کەسی بەدەست کاری دوژمنکارانەی ئەردۆغانەوە دەناڵێنێت.

باشاک دەڵێت، “من دڵنیام ئەگەر هاوسەرەکەم ئازاد بووایە، ئەردۆغان دەدۆڕا”

بەپێی ئەو رۆژنامەیە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ساڵی 2018 لەزیندانەوە نامەکانی بەهاوسەرەکەیدا ناردووە، باشاک دەڵێت، لەرابردوودا، هاوسەرەکەم ئەو کەسە بووو کە قسەی زۆری دەکرد و منیش گوێم دەگرت، بەڵام ئێستا پێچەوانەیە، کاتێک کچەکانی لێبن، هەموو هەوڵێک دەدەین قسەکانمان بەخێرایی بکەین، چونکە تەنیا سەعاتێکمان هەیە، سەڵاحەدین زۆر بزۆکە لەبارەی ئەو شتانەی لەدەرەوەی زیندان روودەدەن و حەزدەکات بزانێت چی روودەدات.

باشاک دەمیرتاش ساڵانێکی زۆر لەگەڵ هاوسەرەکەی لەبواری مافەکانی مرۆڤ جەنگا و لەهەمان کاتیشدا وەک مامۆستای قوتابخانە کاربەدەست بوو، بەڵام دواتر ناچاربوو واز لەکارەکەی بهێنێت، ئەو دەڵێت، ساڵی رابردوو ناچاربووم دەستلەکاربکێشمەوە، لەبەرئەوەی سەخت بوو کاتەکانم دابەش بکەم بەسەر بینینی کچەکانم و کارەکەم و هاوسەرەکەم.

باشاک بەبێ لەدەستدانی هیوا باسی هاوسەرەکەی دەکات کە لەحاڵێکی خراپدایە، ئەو دەڵێت، خێزانی دەمیرتاش سكاڵا ناکات، بەڵکو تێدەکۆشێت.

لەماوەی رابردوودا باشاک دەمیرتاش لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان روبەڕوی سوکایەتی بووەوە و چالاکوانانی سیاسی و ژمارەیەکی زۆر لەژنان لەسەرانسەری تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆی دەربڕی.

لەکۆتاییدا باشاک دەمیرتاش جەختی لەوەکردەوە، ژنان هەمیشە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لەناو تورکیادا و یەکسانی هەیە، بەتایبەتی لەناو پارتی دیموکراتی گەلان.

ئەو دەڵێت، لەجیهانی سیاسی ئەردۆغاندا پیاوان زاڵن و دەبێت ژنان دڵخۆشبن بە سروشتی دایکایەتی و هاوسەرێتییان، بەڵام من دان بەخۆمدا دەنێم وەک کورد، وەک ژن، وەک دایک و مامۆستا و چالاکوان، بەرهەڵستی ژنان لەتورکیا بەرفراوانتر بووە و ژمارەی دەنگە ناڕازییەکان دژی پارتی داد و گەشەپێدان تابێت زیاتر دەبێت و سوپایەک ژن لەبەردەم ئەردۆغاندان و هیچ شتێک باشاک دەمیرتاش ناترسێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا