پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ناو شەقامی عێراقیدا بایكۆتێكی بە كۆمەڵی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هەیە و خەڵك متمانەیان بە هەڵبژاردنەكە نیە، هاوكات دەنگۆی فرۆشتنی كارتی دەنگدانیش هەیە كە ئەمە كاریگەری دەكاتە سەر پاكیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن.
بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بایكۆتێكی بایكۆتێكی بە كۆمەڵ هەیە و لە ناو شەقامی عێراقیشدا پێیان وایە ئامادەكاری پێویست نەكراوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەتایبەتی لە رووی ئەمنییەوە.
وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق وتی: كوشتنی كاندیدە سەربەخۆكان و هەڕەشەلێكردن و ترساندنییان بوونی هەیە لەبەرئەوە لە ئێستاوە خەڵك متمانەیەكی ئەوتۆی بە هەڵبژاردنەكە نەماوە.
باسی لەوەشكرد، دەنگۆی فرۆشتنی كارتی دەنگدان بە بڕێك پارە یان ئەوەی كڕینی كاندید بیستوومانە بەڵام بەڵگەی تەواو لەبەردەستدانیە ئەم دەنگۆیانە بسەلمێنێت.
روونیشیكردەوە، بێگومان ئەگەر ئەمە راست بێت پاكیەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەمە دەرەنجامێكی خراپی دەبێت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە و بۆ ئەو كاندیدانەشی كە دواتر دەردەچن.